سۆزان  حەمەتاتە

سۆزان حەمەتاتە

گەمارۆدانی زیاتری کورد و پەکەکە

رۆژی 23ی کانوونی دووەمی 2024، ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا- میت سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق کۆبووەوە، رۆژی 28ی کانوونی دووەمی 2024، بارەگای بارزانی رایگەیاند، مەسعود بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا کردووە.
رۆژی سێشەممە 06ی شوباتی 2024 یەشار گولەر، وەزیری بەرگری و مەتین گوراک، سوپاسالاری تورکیا گەیشتنە بەغدا و دوای دیدارەکانی ئەوێ، بڕیارە سەردانی هەرێمی کوردستانیش بکەن، زانیارییەکان وای دەخەنەڕوو کە لەو کۆبوونەوانەدا پرسی ئاسایش و سنوور و پەکەکە لە گرنگترین تەوەرەکانی دیدارەکان دەبن.
تورکیا لە چەند مانگی رابردوودا زیاتر لە پێشوو، هێرشەکانی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان چڕتر کردووەتەوە، بەهۆیەوە زیانی زۆری مادی و گیانی هەبووە.
جەولەی هەواڵگری- بەرگری- دیپلۆماسیی تورکیا بەرەوە عێراق و هەرێمی کوردستان بەو چڕ و پڕییە، ئاماژەی باشی لێ ناخوێنرێتەوە، بەو پێیەی بەهەر نرخێک بووە تورکیا ویستی ئەوەی هەیە لە شەڕکردن لەگەڵ پەکەکە و گەمارۆدانیدا، عێراق و هەرێمی کوردستان هاوکاریی بکەن، چونکە بۆی دەرکەوتووە بەتەنها توانای لەناوبردنی پەکەکەی نییە، بگرە رۆژ لەدوای رۆژ زیانی زیاتر بەر ناوبانگ و سوپا گەورەکەیشی دەکەوێت کە زۆر شانازیی پێوەدەکات.
لەگەڵ ئەوەشدا لەئێستادا پرسی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکوک هەیە کە بۆ تورکیا و تورکمانەکان زۆر گرنگ و دەیانەوێت پێگەی تورکمان لەو شارەدا بەهێزتربێت.
رەنگە عێراق و هەرێمی کوردستان نەتوانن یان نەیانەوێت راستەوخۆ هاوشانی تورکیا بچنە شەڕی پەکەکەوە، بەڵام رێگەی دیکە هەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەکەکە، لەڕووی هەواڵگری، تووندکردنەوەی سنوورەکان، گەمارۆی ئابووری، دەستگیرکردنی کادرەکانیان لەناو عێراق و هەرێمی کوردستان، هەروەها رێگەدان بە تورکیا بۆ بەکارهێنانی ئاسمان و زەویی زیاتری وڵاتەکە بۆ هێرشکردنە سەر پەکەکە، کە ئەوەش بارودۆخی پەکەکە شڵژاوتر دەکات.
گەمارۆدانی پەکەکە و رێگە بۆ خۆشکردنی دەرفەت بۆ تورکیا دەڕەخسێنێ قورستر هێرشبکاتە سەریان، زیانی زۆریان لێ بدات، بەوەش هەرێمی کوردستان و عێراق لاوازتر دەبن بەرانبەر گووشارەکانی دیکەی تورکیا، شەڕی زیاتر دروستدەبێت و ژێرخانی دەڵەمەی کوردستان زیاتر خاپوور دەبێت.
دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان هەڵەی ستراتیژیی گەورە دەکەن گەر بۆ رووبەڕوونەوەی زیاتری پەکەکە هاوکاریی تورکیا بکەن، ئەوە یەکسانە بە رێگەدان بە شکاندنی سەروەریی عێراق و کوردستان، دەرفەتەکانی چارەسەرکردنی کێشەی کوردیش زیاتر لەبار دەبات.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan