سۆزان  حەمەتاتە

سۆزان حەمەتاتە

ئیتر براکان دەستی یەکتر ناگرن


براکان، ئەوانەی سەروەختێک سنگیان دەکردە قەڵغانی پاراستنی گیان و ژیانی یەکتر، ئیتر باڵای بەرژەوەندییان بەرزتر بووە و دەستی یەکتر ناگرن، رۆژگارێک براکان نانی خۆیان لەگەڵ یەکتر بەش دەکرد و هەر خۆشیان بە کەمتەرخەم بەرانبەر ئەوی دیکەیان دەزانی، کەچی ئێستا نانی یەکتر دەخۆن و ناویشی دەنێن دڵسۆزی.

جاران هەر یەک دوو برامان دەبینی، دەستی یەکتریان دەشکاندەوە بۆ مەرامی کاری خۆیان، کەچی ئێستا بەئەستەم یەک دوو برای دڵسۆز بۆ یەکتر دەبینین و ئەوانی دیکە پشتیان لەیەکتر کردووە.

سیاسەت لە کوردستان شەڕی براکانی گەرمتر کردووە، لەم پارچەی کوردستان براگەلێک، پشتی براگەلی ئەو پارچەکەی دیکە دەشکێنن، براکانی ئەم حزب پشتی براکانی ئەو حزبی دیکەی هاوزمان لە زەوی دەدەن، براکانی یەک خێزان سەنگەریان لەیەکتر گرتووە و هانا بۆ پشتیوانیی براکانی درواسێکەیان دەبەن لەگەڵیاندا پشتی براکەی خۆیان نەوی بکەن.

سەیری بکە، ماڵی برای گەورە دوکەڵی لێ هەڵدەستێ، برای بچووک خۆی لێ دەکات بەخەوتوو نەکات کاکی هاواری بەهاناوەچوونی لێ بکات، برا بچووک مار گەستوویەتی، برای گەورە نایەوێت شان بداتە بەر شانی و بیبات بۆ تیمارکردن، دەڵێت ماندووە.

زمانی گفتوگۆی نێوان براکان گۆ ناکات، تای بەرژەوەندیی لێهاتووە، دەستی برایەک هێزی نەماوە دەستی برای گلاوی بگرێ، براکان چاوی سۆز و میهرەبانییان بەرانبەر یەکتر ئاوی تێزاوە، شانیان ناتوانێ ببێتە هەڵگری ناسۆرییەکانی ئەوی دیکەیان و چیتر نەوایەکی ئارام نین بۆ یەکتر.

چیتر براکان هەژارنین تا دەردەڵ بۆ یەکتربکەن، ئەوان ئیتر چاویان پاک نییە بەرانبەر یەکتر، بیریان کوول بووە و ئازارەکانی یەکتریان فەرامۆش کردووە، دڵیان نابێتە جێی رازی و نیازی یەکتر، بەڵکو ژەهری بەرژەوەندیی دەکەنە کاسەی یەکترەوە.

چاوەڕێ مەکە چیتر براکان دەستی یەکتر بگرن، بیر لەوە مەکەرەوە برایەک ببینی بیەوێ براکەی لە خۆی باشتربێت، نەکەی بیرت بۆ ئەوەش بڕوات چیتر (برا لە پشت برا بێت)، ئەو خەونانە ئیتر نەزۆکن، نەزۆک ئەی کوردی دۆ رژاو.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan