د.نازەنین عوسمان

د.نازەنین عوسمان

ڤیزەی شنگن

سەرەتای واژۆکردنی رێککەوتننامەی شنگن، بۆ ئاسانکردنی هاتوچۆی بازرگانی لە نێوان وڵاتانی: فەرەنسا، بەلجیکا، لۆکسمبۆرگ و هۆڵەندا بوو. ئەویش دوای مانگرتن و داواکاریی بارهەڵگرەکان و گومرگەکانیش بوو بۆ لابردنی خاڵی گومرگیی نێوان ئەو وڵاتانە، لەبەر ئەوەی دەبوونە هۆی دواکەوتنیان و چاوەڕوانیی دوورودرێژ تا نۆرەیان دەهات بۆ پەڕینەوەیان لە نێوان ئەو سنوورانەدا. لە ساڵی 1985 رێککەوتنی شنگن لە نێوان ئەڵمانیای رۆژئاوا و ئەو چوار وڵاتە واژۆ کرا و ئەمە بوو بە سەرەتای دروستبوونی ناوچەی ئازادی هاتوچۆ. ئەم رێککەوتنە لە شنگن لە بەلجیکا واژۆ کرا، هەر بۆیە بە رێککەوتنی شنگن ناسراوە. 

لە ئێستادا بیست و شەش وڵات لەو رێککەوتنەدا بەشدارن، زۆربەیان وڵاتانی ئەوروپای یەکگرتوون لەگەڵ هەندێک وڵات لە دەرەوەی ئەوروپای یەکگرتوو، وەک: سویسرا، لیشتنشتاین، ئایسلەند و نەرویج... هەندێک وڵاتی ئەوروپاش لە دەرەوەی ئەو رێککەوتنەدان، وەک: ئینگلتەرا، ئێرلەندا، رۆمانیا، بولگاریا و کرواتیا. 

رێککەوتنی هاتوچۆی ئازاد لە نێوان ئەو وڵاتانە، رێگەی کردەوە بۆ ڤیزەی شنگن. ڤیزەی شنگن، ئەو ڤیزەیەیە رێگەت پێ دەدات بەئازادی هاتوچۆ بکەیت لە نێوان ئەو وڵاتانەی واژۆی رێککەوتنی شنگنیان کردووە، گەر ڤیزەی شنگنی یەکێک لەو وڵاتانەت هەبوو.

ڤیزە؛ دۆکیۆمێنتێکە، بەهۆیەوە وڵاتێک رێگە دەدات بەفەرمی بچیتە ناو سنوورەکەیەوە. ئەو دۆکیۆمێنتە بە شێوەی لەزگەیە و لە پاسپۆرت دەدرێت. پێدانی ڤیزە بە هاوڵاتی وڵاتێک، بنچینەیەکی ستراتیجیی سیاسییە لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا.

هاوڵاتیی سەد و پێنج وڵات پێویستیان بە ڤیزەی شنگن هەیە تا بچنە وڵاتانی شنگن، لەو وڵاتانە: عیراق و ئەمەریکا، بەڵام هەندێک وڵات پێویستیان بەو ڤیزەیە نییە، وەکوو: ئەلبانیا، کەنەدا، کۆڵۆمبیا، مەکسیک ئەرجەنتین...

ساڵانە ئەو ڤیزەیە دەدرێت بە کەسانێک بە مەبەستی سەفەر بۆ ئەو وڵاتانە بۆ هۆی تایبەتی وەک: گەشتوگوزار، سەردانی خزم و کەس، بۆنەی کولتووری و وەرزشی، بازرگانی و بۆ چارەسەری پزیشکی. لە ساڵی 2018، نزیکەى 14 ملیۆن و نیو ڤیزە دراوە و لە سەدا بیست و پێنجی ئەو ڤیزایانە، وڵاتی فەرەنسا داویەتی.

ڤیزەی شنگن، بە ڤیزەی کورتخایەن، یاخود ڤیزەی (C) دادەنرێت، مانەوەی لە 90 رۆژ تێپەڕ ناکات بۆ هەر سەردانێک لە ماوەی 180 رۆژ هەتا ئەگەر خاوەنی چەندین ڤیزەی شنگنی چوونەناوەوەش بێت، بۆ هەر چوونەناوەوەیەک نابێت لە 90 رۆژ تێپەڕ بکات. ئەگەر پێویست بکات لە 90 رۆژ زیاتر لەسەریەک بمێنێتەوە لەو وڵاتە، دەبێت ڤیزەی درێژخایەن (D)ی هەبێت، بەڵام ئەم جۆرە ڤیزەیە ئەو وڵاتە تەنیا دەیدات بەو کەسەی کە تێیدا دەمێنێتەوە و وەک ڤیزەی شنگن ئازاد نییە لە هاتوچۆی بۆ وڵاتانی شنگن. 

پێدانی ڤیزە گرنگە بۆ وڵاتان، ڤیزە سیاسەتی ئابووری، دیپلۆماسی، کولتووری و بازرگانیی نێوان وڵاتان بەهێز دەکات.

کاتێک تەمای گەشتت هەیە، دەبێت چەند مانگێک پێش گەشتەکە بیرت کردبێتەوە بۆ کام وڵات دەچیت، لە کوێ دەمێنیتەوە و چەند کاتت دەوێت، چ بودجەیەکی بۆ دادەنێیت و لە کونسوڵخانەی کام وڵات داوای ڤیزە دەکەیت.

بۆ داواکردنی ڤیزە، پێشوەخت داوای دەکەیت، بەڵام نابێت زیاتر لە سێ مانگ پێش سەفەرەکەت بێت، زۆربەی کات وەڵامەکەی لە نێوان 10 بۆ 15 رۆژ دەخایەنێت. داواکردنەکە لە رێگەی پڕکردنەوەی فۆرمێکەوەیە کە هەموو زانیارییەکی تێدا داوا دەکرێت. شێوەی پڕکردنەوەی ئەو دۆکیۆمێنتە و شارەزایی و بێهەڵەیی، بڕیار لەسەر دان و نەدانی ڤیزەکە دەدات لە لایەن دەسەڵاتی شنگنەوە، هەر بۆیە ئێستا نووسینگەی تایبەتی هەیە بۆ پڕکردنەوەی ئەو فۆرمە، هەندێک جاریش لە رێگەی ئینتەرنێتەوە پڕ دەکرێتەوە.

هاوڵاتیی هەندێک وڵات بە زەحمەتتر ئەو ڤیزەیە وەردەگرن لەچاو هاوڵاتیی هەندێک وڵاتی تر، بەتایبەتی لەترسی مانەوەیان و پەناهەندەییان.

ڤیزەی شنگن لە کام وڵاتی شنگن وەرگیرا، دەبێت گەشت بۆ ئەو وڵاتە بکرێت یەکەم جار، دەکرێت بۆ وڵاتێکی تری شنگن بکرێت، بەڵام ئەمە بێکێشە نییە، چ بۆ چوونەناوەوە و چ بۆ داوای ڤیزەیەکی تر لە داهاتوودا.

وڵاتانی شنگن زۆرن، وڵاتی گەورە و بچووکی تێدایە، وا باشترە کاتێک داوای ڤیزەی شنگن دەکرێت، داواکە پێشکەش بە وڵاتێکی ناودار و گەورە بکرێت. یەکێک کە بۆ یەکەم جار گەشتی دەرەوە بکات، وا باوترە گەشتەکەی بۆ وڵاتێکی گەورە و ناودار بێت. 

هەندێک لەو هۆیانەی داوای ڤیزە بە نەخێر وەڵام دەدرێتەوە:

-        هەڵە لە پڕکردنەوەی ناو و ژمارەی پاسپۆرت، ماوەی بەسەرچوونی پاسپۆرتەکە کە لە شەش مانگ کەمتر بێت، گومان لە راستودروستیی پاسپۆرتەکە. 

-        بەرنامەی گەشتەکە گوماناوی بێت، بۆ نموونە؛ گەشتەکە تەنیا بۆ یەک شار بێت و لە یەک هۆتێل بمێنێتەوە.

-        نەبوونی بیمەی تەندروستی.

-        ناڕوونی لە دیارکردنی هۆکاری گەشتەکەی.

-        جۆری داواکردنی ئەو ڤیزەیە و هۆکاری گەشتەکەی، بۆ نموونە؛ ئەو ڤیزەیە شیاو نییە بۆ مەبەستی خوێندن، خوێندن پێویستی بە ڤیزەی درێژخایەنە.

-        پێشتر ئەو ڤیزەیەی وەرگرتووە و دوای گەڕانەوەی، جارێکی تر یەکسەر داوای دەکاتەوە، لەبەر ئەوە پێویست دەکات ماوەی شەش مانگ هەبێت لە نێوان ڤیزەی پێشوو و داوای دووەم بۆ ڤیزە.

-        ئەگەر پێشتر گەشتی کردبێت و کێشەی دروست کردبێت.

-        نەبووی بودجەیەکی تەواو و گونجاو لەگەڵ گەشتەکەی و مانەوەی، بۆ نموونە؛ هەزار دۆلاری پێ بێت، بەڵام ناو و حجزی چەند هۆتێلێکی داوە کە تێچووەکەیان لە هەزار دۆلار زیاترە.

-        نەبوونی کار و داهاتی روون و ژمارەبانک.

وەرگرتنی ڤیزەی شنگن ئەستەم نییە و لە سەدا هەشتای داواکارییەکان بە رازیبوون وەڵام دەدرێنەوە.

 خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan