نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

رۆمانی عەشق و ژیانی دوای كۆرۆنا

رۆمانی تاعون، نووسینی نووسەری بەناوبانگی فەرەنسی و وەرگری خەڵاتی نۆبڵ، ئەلبێر  کامۆ، رۆمانی خۆشەویستی لە سەردەمی کۆلێرا، نووسینی رۆماننووسی بەناوبانگی کۆڵۆمبی و وەرگری خەڵاتی نۆبڵ، گابرێل گارسیا مارکیز، رۆمانی هێما، نووسینی رۆماننووسی پورتوگالی و وەرگری خەڵاتی نۆبڵ، جۆزیه ساراماگۆ بوون کە باس لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەک دەکات و لە خەیاڵەوە وەریگرتووە، هەروها سەدان چیرۆکنووس و شاعیر و رۆماننووسی تری بەناوبانگی جیهانی باسیان لە ئازار و ترس و دڵەڕاوکێی تاک و کۆمەڵ کردووە لە سەردەمەکانی بڵاوبوونەوەی پەتا جیهانییەکانی وەکو (کۆلێرا، تیفۆ، مەلاریا، ئاوڵە و تاعون و هتد....). هەروها باسیان لە گۆڕانکارییەکانی هەست و بیرکردنەوە و بۆچوونەکان و رەوشت کردووە بەگوێرەی ژیانی ئەو سەردەمانە، جا ئیتر لە رووداوە واقیعییەكان یان لە خەیاڵەوە بووبێت.
 
لەنێوان هەموو ئەو چیرۆک و رۆمانانە كە دەربڕینی ئازارەکانیان جیاوازییان تێدا هەیە، بەڵام هاوبەشییەک لەنێوانیاندا هەیە ئەویش نرخ و بەهای خۆشەویستییە بە مانا فراوانەکەی، خۆشەویستی خود، خێزان، مرۆڤایەتی، ژیان، بوون، سروشت، ژینگە، سەرکەوتن بەسەر گرفت و مەترسییەکان، خۆشەویستییەک لە تەنیاییەوە بەرەو کرانەوە، بەیەکەوەژیان، خۆشەویستی گۆڕینی ترس و دڵەڕاوکێ بۆ شاخێک لە ئارامی و ئاسوودەیی، دەیان جۆریتری خۆشەویستی ، وەک نووسەری فەرەنسی بەناوبانگ ئەندرییە شەدید بە پەیامێک پێمان دەڵێ، بەهۆی خۆشەویستییەوە دەتوانیین بەسەر پەتا هەرە مەترسیدارەکاندا زاڵبین.
 
لەم سەدەییەدا ترس و دڵەڕاوکێی هاوشێوەی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆس کۆرۆنامان نە بینیوە و نە تیایدا ژیاوین، بەڵایەک لە جۆرەکانی بایۆلۆژی رووی کردووەتە مرۆڤ، ژیانی قورس کردووە و هەندێكجار بەرگەگرتنی لە توانای مرۆڤ زیاترە، خەڵکی دوورخستووەتەوە لە رۆتینیاتی ژیانێک کە هۆگری بووبوون، ئازادییەکانیان خستووەتە چوارچێوە و دووریخستوونەتەوە لە باوەشی خۆشەویستەکانیان، لە کۆڕ و کۆبوونەوەی هاوڕێکانیان، ئەو شارە گەورانەی کە وەک شانەی هەنگ جوڵەی تێدابوو ئێستا خامۆشن و بوونەتە شاری تارمایی، لەگەڵ ئەم هەموو گۆڕانکارییانە دەبێ بزانیین، ئەوەی ئەمڕۆ دەگوزەرێ و هەستی پێدەکەین کاتییە و دەڕوا و ئەو هەورە رەشە لادەچێ.

بۆیە پشت بەستن بە پەتاكانی پێشوو و زاڵبوون بەسەریاندا، هەروەها رووداوە گەورەكانی دیكەی بە كۆمەڵ مەرگیان بۆ مرۆڤایەتی دەهێنا، پێویستە بیر لە ئێستات بکەیتەوە بەو شێوەیەی ئەمڕۆ لە سبەی گرنگترە، بۆ ئەوەی سبەینێیەكی باشترت هەبێت، ئەمڕۆت خۆشبووێت، هاوکێشە و رووداوکان پێمان دەڵێن دەیان کێشەمان رووبەڕووبووەتەوە و زڵبووین بەسەریاندا سا ئیتر بە هەر هۆکارێک بووبێت، نابێت بهێڵین ئەم پەتا جیهانییە کاریگەریی خراپمان لەسەر دروستبکات، بەردەوامبوونی ژیان، بە هەستی مرۆڤایەتی و خۆشەویستییەوە بەدی دێت، ئەم جارەش ئەگەر رۆمان یان چیرۆکنووسێک سەردەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا  باسبکات، ئەوا بێشک باس لە ئازار و ناخۆشییەکان دەکات و لە کۆتاییەکەشی بە خۆشەویستی کۆتایی پێدەهێنێت. پیشانی دەدات هێشتا مرۆڤگەلی میهرەبان بوونی هەیە و ماون کە دەتوانن پەیامی مرۆڤایەتی بچەسپێنن و بەدیبهێنن و ژیان پڕە لە خۆشی و خۆشەویستی و بە زیندوویی دەمێنێتەوە.

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan