سۆزان  حەمەتاتە

سۆزان حەمەتاتە

پرۆژەی بە کاڵاکردنی کچان

 پرۆژە یاسا پێشنیازکراوەکەی بەشێک لە فراکسیۆن و پەرلەمانتارەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی، گرفتی زۆری تێدایە و کۆمەڵگەی عیراق دووچاری پێشێلکاریی مافی مرۆڤ و ژنان دەکاتەوە، بەشێک لەوە پەیوەندیی بە رێگەدان بە ئەنجامدانی پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە هەیە کە بەپێی مەزهەبی جەعفەریی بێت "کچانی تەمەن ٩ ساڵ"، دەتوانرێ هاوسەرگیرییان لەگەڵ بکرێ.

روونە ئەو یاسایە، رەهەندێکی تەواو مەزهەبیی هەیە و دەرفەت دەڕەخسێنێ بۆ ئەوەی کچان لەلایەن خێزان و پیاوانی مەزهەبییەوە بخرێنە بۆسەی هەوەسبازییەوە و هەر بە منداڵی تەوقی خێزان و پیاوی دژە مرۆڤ بکرێتە ملیان و یاساش پشتیوانیان بێت، ئیتر وردە وردە کۆمەڵگە دەبێتە کۆمەڵگەیەکی مەزهەبیی دژە ژن و مافەکانی مرۆڤ.

بنەماکانی سیستمێکی سیاسیی پێشکەوتوو؛ دیموکراسی و ئازادی و رەخساندنی دەرفەتە بۆ هەمووان کە ئیرادەیان پارێزراوبێت، کۆمەڵگەی پێشکەوتوویش سیماکانی ئەوەن کەوا مافەکانی مرۆڤ، ژن، ئازادیی هەڵبژاردن و تووندوتیژیی تێدا نەبێت، بەڵکو ژنان ئازادبن لەوەی، دوور لە زۆری باوک و باوان، ژیانی هاوژینیی خۆیان پێکبهێنن، پێچەوانەی ئەو بنەمایان کۆمەڵگەی سیاسی و پێشکەوتنی رادەگرێت و مرۆڤ تیایدا دەبێتە کاڵا و کێ هێز و پارەی هەبوو، چۆنی بووێت ئاوا ژیانی خۆی خۆش و ژیانی ئەوانی دیکە وێران دەکات.

ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ لە عیراق ئەوەیە بەکاوەخۆ و لە رێگەی یاساوە سیستمی سیاسیی لەقاڵب دەدرێ و دیموکراسی و ئازادی دەخرێتە ژێر جەبری یاسا مەزهەبییەکانەوە و کۆتاییەکەیشی هەر ئەوەیە کە عیراق دەبێتە وڵاتی کۆنپەرستی و دەرفەت بۆ ژن و مافە بنەڕەتییەکانی نامێنێتەوە و خێزان دەبێتە زیندان بۆی.

ئەگەر ئەو پرۆژە یاسایە پەسەندبکرێت، دەبێت خۆمان بۆ مەترسیی زۆر گەورە ئامادەبکەین، مەترسیی لەسەر ژن و کچ و خێزان و داهاتووی کۆمەڵگە، کۆمەڵگەیەک ئیتر لە ئاهەنگەکانی هاوسەرگیریدا تارای سپی لەسەری کچانی ٩ ساڵدا دەبینین و خێزان هیچ بەهایەکی کۆمەڵایەتی نامێنێت، بەڵکو دەبێتە زیندانی کچانی خاوەن خەونی منداڵانە کە پیاوە پیرە مەزهەبییەکان تەنها بۆ چێژوەرگرتن بەکاری دەهێنن.

لە بارودۆخی مەترسیداری وادا، ئەرکی سەرەکییە ئەم کارانە دژی پەسەندکردنی ئەو پرۆژە یاسایە بکرێت:

یەکەم: هێزە سیاسییە پێشکەوتنخوازەکان بەرەیەکی کاریگەر دژی پێکبهێنن و رەتیبکەنەوە.

دووەم: رێکخراوەکانی ژنان و مەدەنی و مرۆڤدۆستان دژی بووەستنەوە و نەتەوە یەکگرتووەکان و جیهانی لێ ئاگاداربکەنەوە.

سێیەم: خۆپیشاندانی گەورەی دژ بکرێ و کۆڵنەدرێ تا ئەو یاسایە کۆتایی بێت.

چوارەم: هەر کار و هەوڵێک بخرێتەگەڕ لەپێناو رەتکردنەوەی ئەو یاسا دژە ژن و مرۆڤە.

خ.غ 

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan