
نەرمین عوسمان
ژەنگی مێژوو
ناوچەکانی کوردستان بەردەوام رووبەڕووی توندوتیژیی هەمەلایەنە بووەتەوە و دەبێتەوە، مەبەست لە هەموو جۆرەکانی توندوتیژی: داگیرکردنی خاک، زەوتکردنی ناسنامەی نەتەوەیی و کوردبوون و دزین و گۆڕینی مێژوو... لە مێژووی سەردەمیشدا و دوای رێککەوتنی سایکس پیکۆ، بەئاشکرا لە هەوڵی بەعەرەبکردن و بەتورککردنی خاک و تاکی کورددان و بەردەوامیش کوردبوون بەلایانەوە کوفری رەهایە. سەرەڕای ئەو هەموو توندوتیژی و کوشتوبڕە، تا ئێستا نەتوانراوە ئەم ناسنامەیە لەناو ببەن، بەڵکوو بەپێچەوانەوە، پێداگریی تاکی کورد لەسەر کوردبوون بەهێزتر بووە ئەگەر بەراوردی بکەین بە پێش ئەنجامدانی ئەم جۆرە سیاسەتانە. دوای ئەوەی داگیرکەران زانییان ئەو جۆرە کردارانەیان سەرناگرێت، کەوتنە گێڕانی پیلانی تر، لەوانەش: هاوردەکردنی بیری ئیسلامیی توندڕەو و گرووپە چەکدارەکانیان بۆ ئەم ناوچەیە، بە سوودوەرگرتن لەو ژینگە لەبارەی کە ئەوکات هەبوو بۆ مانەوە و بڵاوبوونەوە و گەشەکردنیان، ئەویش بەهۆی پشێویی باری سیاسی، نەبوونی دادپەروەری، هەژاری و بێکاری و پەراوێزخستنی کۆمەڵایەتی، بەتایبەتییش لە نێو گەنجاندا. دەیان رێکخراوی توندڕەو و گرووپی ئیسلامیی چەکداریان دروست و هاوردە کرد بۆ ئەم ناوچانە، لەوانە: ئیخوان، ئیسلامی جیهادی، سەلەفیی جیهادی، ئەنسارولئیسلام، قاعیدە، داعش، جەبهەی نوسرە و هەیئەی تەحریری شام... ئەمانە زۆربەیان چەندین بنکەیان لە ناوچەکانی کوردستاندا دامەزراند، سەدان شانەی نووستوویان دروست کرد و هەندێکیشیان بەئاشکرا کاریان دەکرد، گرووپە چەکدارەکانیشیان کەوتنە شەڕ لەگەڵ هێزەکانی ئەم ناوچەیە، لە هەمووشیان دڕەندتر و مەترسیدارتر، داعش (دەوڵەتی ئیسلامیی عیراق و شام)ە، چونکە داعش جگە لە کردە سەربازی و جینۆساید و کوشتن و تەکفیر و لەناوبردنی شارستانیەتی کۆنی ناوچەکە، هەوڵی گۆڕینی ناسنامەی تاکی دەدا، بە گۆڕینی ناسنامەی نەتەوەیی بۆ ناسنامەی ئیسلامی، هەروەها گۆڕینی ناوی خاک بۆ خاکی ئیسلامی (دەوڵەتی ئیسلامی)، کە لە ناوەڕۆکدا مەترسیدارترە لە سیاسەتی بەعەرەبکردن و بەتورککردن، چونکە ئایین هەستیارترە.
داعش، نوێنەرایەتی حاڵەتێکی ناوازە دەکات لە رووی پێکهاتە ئایدۆلۆژی و عەقیدەییەکانەوە، ئەو توندوتیژییەی کە بەناوی ئایینەوە ئەنجامی دەدات، عەقڵیەتی خودی رێکخراوەکەشی تێپەڕاندووە و مەترسیی بەردەوامبوونیشی لەناو کۆمەڵگەدا هەیە.
هەرچەندە هێزە توندڕەوە چەکدارەکانیان نەماون، یاخود کەم بوونەتەوە، بەڵام عەقڵیەت و ئاگایی داعش وەک ئایدۆلۆژیا خۆی حەشار داوە، شانەی نووستوون، ناوبەناو هۆکارێک دەدۆزنەوە و خۆیان نمایش دەکەن، کە ئەمەش لە شەڕە راستەوخۆکە مەترسیدارترە و رەهەندە سەربازییەکانی تێدەپەڕێنێت. ئەو شانە نووستووانە، بە هاوکاریی دەرەکی و ناوخۆیی، قەڵەو دەکرێن و گەشەیان پێ دەدرێت.
عەقڵیەتی داعشی ناتوانرێت تەنیا بە چەک شکستی پێ بهێنرێت، بەڵکوو بە هۆشیارکردنەوە، زانیاریی راست، دادپەروەری، ئارامی و میهرەبانیی دەتوانرێت کاریگەرییەکەی کەم بکرێتەوە. شەڕ لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی داعش، شەڕێکی سەربازییە، بەڵام شەڕ لە دژی ئایدۆلۆژیاکەی، شەڕێکی شارستانییە و دەکرێت بە پەیڕەوکردنی هەندێک رێکار کاریگەرییەکەی کەم بکرێتەوە و نەهێڵرێت، ئەوەش بە شیکردنەوەی خودی ئایدۆلۆژیای داعش و ئاشکراکردنی لادانەکانی عەقیدەیی، بە وەڵامدانەوە و لێکدانەوەی هەڵەکانیان بۆ تەفسیری دەقەکان، وەک دەرکردن و کوشتن بەناوی ئایینەوە، ئەمەش لە چەندین چەناڵەوە دەکرێت، بەتایبەتییش لە رێگەی زانایانی ئایینییەوە، هەروەها تیشک خستنە سەر ئەو جۆرە بیرکردنەوەیەیان کە لەگەڵ ئامانجەکانی شەریعەت یەک ناگرنەوە. لەڕاستیدا ئایین پارێزەری ژیان و ئاوەز و سامانی مرۆڤە و پارێزگاری لە بەهاکان دەکات، بەڵام ئەوان کە بانگەشەی شەریعەت دەکەن، موسوڵمان زیاتر دەکوژن.
لەم پێناوەدا رۆڵی پەروەردە و فێرکردن زۆر گرنگە، ئەویش بە دانانی بابەتی پەروەردەی ئایینیی مەدەنی و بە بنیاتنانی بیرکردنەوەیەکی رەخنەگرانە، کە بەبێ تێگەیشتن و لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندن، هیچ گوتارێکی ئایینی راستەوخۆ پەیڕەو نەکات، هەروەها ناساندنی چەمکەکانی فرەیی و جیاوازیی را و هاوڵاتیبوون.
رۆڵی دامەزراوە ئایینییە میانڕەوەکان هێندەی پەروەردە بۆ کۆمەڵگەی ئێمە گرنگە، دەبێت گوتارێکی روون و بوێرانە و ریفۆرمخوازانەیان هەبێت کە قابیلی جێبەجێکردن بێت و باوەڕ بە بەرانبەرەکەی بکات و دووبارە و سواوە نەبێت.
لە لایەکی ترەوە، دەبێت تواناکانی گەنجان بەهێز بکرێت و هەلی کاریان بۆ دابین بکرێت. هەروەها خوێندنی پێویست و هاندانی گەنجان بۆ کاری هونەری و کولتووری، بەجۆرێک گەنجان بتوانن گوزارشت لە توانا و بیرکردنەوەیان بکەن.
یەکێکی تر لە رێکارەکان؛ کردنەوەی دەرگای گفتوگۆی ئایینی و سیاسییە، چونکە بیری توندڕەوی، لە ژینگە داخراوەکاندا گەشە دەکات.
هەروەها دروستکردنی دژەمیدیا بە نیشاندانی ڤیدیۆ و چیرۆکی راستییەکان و شایەتحاڵەکان؛ هەم قوربانیان و هەمیش خودی داعشەکان و بەکارهێنانی هەمان ئەو پلاتفۆرمانەی توندڕەوەکان بەکاریان دەهێنن بۆ گەیشتن بە گەنجان، وەک: یوتیوب، تیک تۆک و ئینستاگرام... و نیشاندانی دەرەنجامەکانی کارەکانیان بە واقیع نەک تەنیا بە قسە.
لە کۆتاییشدا رۆڵی دامەزراوە ئەمنی و سیاسییەکان گرنگن، لە لایەک بە دۆزینەوەی سەرچاوەی داراییان و هەوڵدان بۆ وشککردنی، لە لایەکی تریشەوە، بە دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی توندوتیژی دەرحەق بە لایەنگرانیان، ئەویش بە داڕشتنی بەرنامەی دەروونی و ئایینی و دەستەبەرکردنی دادپەروەری، نەک تۆڵەسەندنەوە. نابێت هەمان رەفتار و عەقڵیەتی داعش بەکار بێت، ئەگینا کاردانەوەکان توندوتیژی و تووڕەیی بەرهەم دەهێنێتەوە.
خ.غ
خ.غ