نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

شازادەی باڵندەکان

باڵندەیەکە؛ هێمای چەند دەوڵەت و رێکخراوێکە و لەسەر ئاڵای سەربازییش بەکارهاتووە، چەندین ئیمپراتۆر و سەرکردە و ئەفسەر وەک هێما بەکاریانهێناوە.

-لە دروستبوونی دەوڵەتی عیراقەوە لە ساڵی (1921)، هێمای دەوڵەت بووە.
-ئاڵای ئیسلام لە سەردەمی پێغەمبەر (د.خ) بە ناوی ئەوەوە بووە.
-لەسەر ئاڵای سەربازیی سەردەمی سەڵاحەدینی ئەیوبی بووە، دواتریش وەک هێمای دەوڵەتی ئەیوبییەکان بەکاریانهێناوە، تائێستاش میسر بەکاریدەهێنێ.
-لەسەر ئاڵای سەربازیی خالیدی کوڕی وەلید بووە لە کاتی شەڕکردن دژی فارس و رۆم و شام، ئێستاش سوریا بەکاریدەهێنێ.
-ناپلیۆن، بازی رۆمانییەکانی وەک هێما بۆ ئیمپراتۆرییەکەی بەکاریهێناوە.
-لە سەردەمی جیا جیا و لەلایەن دەسەڵاتدارانی؛ ئەخمینییەکان، عوسمانییەکان، ئەمریکا، روس، نەمسا، مەغریب و ... هتد، بەکارهاتووە.
-هەشتەمین باڵندەیە لەسەر پوولی نامە.
ئەو باڵندەیە: (باز)ە، بەتایبەتی بازی ئاڵتوونیی. بەکارهێنانی ئەو باڵندەیە وەک هێما؛ دەگەڕێتەوە بۆ سروشت و توانا و هێزی، کە سیمبوڵی، توانا و دەسەڵات و ئازادی و نەفس بەرزییە.
وەک گەورەی باڵندەکانی ئاسمان ئەژمار دەکرێ هاوشێوەی شێر لەسەر زەوی، بۆیە سەرکردەکان و شەڕکەرەکانی مێژووی کۆن بەکاریانهێناوە.
بەهۆی توانا و بەرزەفڕی و ژیانی لەسەر بەرزایی، هێمای ئازادییە.
هێمای نەفس بەرزییە، چونکە تەنها لەو نێچیرە دەخوات کە خۆی راوی دەکات.

فۆتۆ: دكتۆر كۆرش ئەرارات

هێمای خێرە؛ بەهۆی شەڕکردن لەگەڵ مار (وەک هێمای شەڕ). کە هێمایە بۆ ناکۆکیی نێوان جیهانی رۆحی و مادی، خراپە و چاکە (لە زۆرێک لە وێنە کۆنەکاندا بەیەکەوە لەکاتی شەڕدا دەرکەوتوون).
هێمای خۆر و هێز و تواناکەیەتی، هەندێ جاریش بروسکە و هەورەتریشقە. لە زۆر وێنەی خودای (بەعل) وەک هێمای خودای کەشوهەوا دانراوە.
لە وێنە کۆنەکانی تەدمورییەکان، هێمای خودای (بال شامین) بووە، کە خودای ئارامییەکان بووە. (شاباز وەستاوە و بە دەنووکییەوە چڵێ لە گەڵای بەی بەدەمیەوەیەتی).

لە ئەفسانەی پادشای سۆمەرییەکان، کە بە کۆنترین چیرۆک دادەنرێ؛ باس لە شەڕی نێوان شاباز و مار دەکات.
لە میتۆلۆجیا کۆنەکاندا چەندین جار باسکراوە وەک: مێتۆلۆجیای برۆمیسیۆس (باڵندەی رەخ کە هاوشێوەی بازە و بە قەبارە گەورەترە لە وێنەکانیاندا)، لە چیرۆکەکانی گەشتەکەی سنیدباد، چیرۆکەکانی هەزار و یەک شەوە (الف لیلە ولیلە).
هەروەها لە "گرفین"دا کە ئەفسانەیەکی ئەوروپییە، تیایدا بوونەوەرێکە بە جەستە شێرە و سەروباڵی باڵندەی شابازە. لەو ئەفسانەیەدا؛ زیۆس باڵندەی شاباز وەک بروسکە و هەور ئەژمار دەکات.

چاوە تیژەکانی و بینینی لە دوورییەکی زۆرەوە؛ وەک بینینی روانگە راست و شاراوەکانی رۆح دەردەخات.
لە بەسەرهات و گێڕانەوەکانی؛ ئارامییەکان، زەردەشتییەکان، چیرۆکەکانی پێغەمبەر سلەیماندا باسکراوە.
بێ رکابەر، شازادەی ئاسمانە. لە کاتی فڕیندا کەم باڵندە بە ئاسمانەوە دەمێنێ لە ترسی راوکردنی، ئەوەندە بەرز دەفڕێ هیچ باڵندەیەک بە سەرووی ئەوەوە نابینی. زۆر خێرایە لە فڕیندا، نزیکەی 240کم لە کاژێرێکدا دەبڕێ. وەک نموونە دەڵێن "ژەمی نیوەڕۆی لە عیراق و ئێوارەکەی لە یەمەن دەخوات".

باز، باڵندەیەکی گۆشتخۆرە، زیاتر لە (61) جۆری هەیە و زۆربەیان لە ئۆراسیا و ئەفریقیا دەژین. لە قەبارەدا گەورەیە و لە توانادا بەهێزە. سەرێکی گەورە و دەنووکێکی کەوانەیی تیژی هەیە، کە یارمەتیی دەدات بۆ لێکردنەوەی گۆشت لە نێچیرەکانی. ماسوولکەی قاچەکانی زۆر بەهێزن، نینۆکەکانی کەوانەییە و لە کاتی راودا لە نێچیرەکانی دەچەقێنێ. توانای بەرزکردنەوەی کێشێکی زۆری هەیە کە لە سەرووی کێشی بزنە کێوییەوەیە.

چاوەکانی زۆر تیژن، تا دووریی دوو میل توانای بینینی هەیە و بە گۆشەی 270 پلە دەبینێ، لەکاتێکدا مرۆڤ مەودای بینینی 180 پلەیە. پێنج رەنگی سەرەکی دەبینێ، مرۆڤ تەنها سێ رەنگی سەرەکی دەبینێ. رووناکیی تیشکی سەروو بنەوشەیی دەبینێ. لەسەدا پەنجای قەبارەی رووی دەگرێتەوە.

فۆتۆ: دكتۆر كۆرش ئەرارات

لە کاتی فڕیندا باڵەکانی (2 – 2.5)مەتر دەکرێنەوە. باڵی لە دەستی مرۆڤ بەهێزترە و ئێسکی باڵەکانی لە شێوەی قۆڵی مرۆڤدایە.
لە رووی قەبارەوە جیاوازن، بچووکەکانیان (45 – 55)سم بەرزن، گەورەکانیان (91 – 106)سم بەرزن. زۆربەیان کێشیان نۆ کیلۆگرامە.
زۆر پابەندە بە شوێنەکەیەوە، زۆر جار هەمان هێلانە بەکاردەهێنێتەوە. هێلانەکانی لە بەرزایی دروست دەکات، لەسەر داری بەرز و سەر چیاکان و ستوونی کارەبا... لە دار و پووش و پەڕی نەرم و رووەکی بۆندار (بۆ دوورخستنەوەی مێرووەکان) دروستی دەکات. گەورەترین هێلانەیان قووڵییەکەی نزیکەی (9.5) پێیە و پانییەکەی (20) پێیە و قورسایی دوو تەن دەبێت، کە هەندێ جار بەهۆی قورسیی هێلانەکانەوە دارەکان دەکەون.

ئەگەر پەڕێک لە باڵێکی بکەوێت، ئەوا لە باڵەکەی تری پەڕێک لێدەکاتەوە بۆ ئەوەی باڵانسی رابگرێ لە کاتی فڕیندا.
زۆرینەیان گۆشتخۆرن و نێچیرەکانیان: کەروێشک و گورگ و رێوی و بزنە کێوی و خشۆکەکانن، چەند جۆرێکی کەمیان ماسی دەخۆن.
لە مرۆڤ دووردەکەونەوە بە مەبەستی پاراستنی خۆی و بێچووەکانی لە راوکردنیان.
(20 – 35) ساڵ لە سروشتدا دەژین، هەندێکیان دەگەنە (50) ساڵ کە لەناو ماڵدا بەخێویان دەکەن.
لە هەموو باڵندەیەکی گۆشتخۆر لەشیان گەرمترە. نێر و مێیان بەیەکەوە دەژین تابمێنن، ئەگەر یەکێکیان بمرێ ئەوی تریان بەدوای هاوبەشێکدا دەگەڕێ.
هیچ جیاوازییەک لە شێوەی نێر و مێیاندا نابینرێ جگە لە قەبارە نەبێ، وەک هەموو باڵندەیەکی گۆشتخۆر؛ مێیە گەورەترە لە نێرە.
زاوزێیان لە نێوان مانگی (شوبات تا ئایار)ە و لە (1 – 3) هێلکە دادەنێن. هێلکەکانیان رەنگی سپییە و خاڵی قاوەیی تیایە و نزیکەی (6 x 8)سم دەبێت.

فۆتۆ: دكتۆر كۆرش ئەرارات


بێچووەکانیان بچووکن، لاواز و کەم جووڵەن، لەشیان بە (گەندەپەڕ)ی سپی داپۆشراوە، دایکەکە بۆ ماوەی دوو هەفتەی سەرەتا لایان دەبێ بۆ ئەوەی بە گەرمیی بیانهێڵێتەوە، چونکە بەهۆی بەرزیی شوێنی هێلانەکانیان، کەش ساردە تەنانەت لە بەهاریشدا. دوای چەند رۆژێک، پەڕەکانی لەشیان پەیدا دەبن و سێ هەفتە پێدەچێت تا پەڕی تەواو دەردەکەن، لە تەمەنی (4 – 5) ساڵیدا ئەوسا پەڕەکانی وەک دایک و باوکیانی لێدێت. لە تەمەنی حەوت ساڵیدا پێدەگەن.

نێرەکان ئاگاداری بێچووە تازەکان دەبن، بەڵام بەهۆی ئەوەی بە زووترین کات دەبێ بچێت بەدوای نێچیر و خۆراکدا بۆیان، چاودێریی بۆ دایکەکە جێدەهێڵێ. خۆراک بۆ دایکەکە دەهێنێ و ئەویش بە دەنووکە تیژەکانی گۆشتەکە ونجڕ ونجڕ دەکات و دەیدات بە بێچووەکان.
بێچووەکان لەگەڵ یەکدا توندوتیژن و شەڕ دەکەن، هەندێ جار شەڕەکانیان ئەوەندە توندە یەکتر دەکوژن. شەڕەکانیان لەسەر خۆراکە، زۆربەی جاریش بچووکترینیان دەکوژرێ و بەهێزەکە دەمێنێتەوە، کە زۆربەی جار مێیە. بە بەرچاوی دایکیانەوە شەڕ دەکەن و ئەویش تەنها سەیریان دەکات و کاردانەوەی نییە، ئەوەی دەشمێنێتەوە زووتر گەشە دەکات.

دوای ماوەیەک، گەر خواردن کەم بێت بۆ بێچووەکان، دایکەکەش لەگەڵ باوکەکە دەچێتە راوکردن.
لە کوردستان و عێراقدا نزیکەی نۆ جۆری باز هەیە، سێ جۆریان (شاباز، بازی دەشت، بازی خاڵاوی گەورە) ئەگەری لەناوچوون و کەمبوونەوەیان زۆرە بەهۆی راوکردنیان و بەکارهێنانیان لەلایەن مرۆڤەوە بۆ راوکردنی نێچیر. هەندێ جاریش بەهۆی بەکارهێنانی دەرمانی مێرووکوژ، کە کاریگەریی لەسەر لەناوچوونیان هەیە. لە زۆر وڵاتی دونیا بەپێی چاودێریی یاسایی پارێزگاری لێ دەکرێ و لەناو لیستی سووری لەناوچوون دانراوە. لە ناوچەی زۆنگاوەکانی عیراق هەندێ جۆریان مەترسی لەناوچوونیان هەیە هەرچەندە بەپێی یاسا پارێزراون.
راوچییەکان لە زۆر وڵاتی عەرەبی و دونیادا بۆ راوکردن بەکاریدەهێنن. کاتی خۆی مەغۆلەکان بۆ راوی رێوی و بێچووە گورگ بەکاریانهێناوە بۆ سوودوەرگرتن لە پێست و فەروەکانیان.

فۆتۆ: دكتۆر كۆرش ئەرارات

لەناو کوردەوارییشدا لە ئێستادا، شاباز؛ لە دەیان شیعر و نووسیندا وەک هێز و توانا و چاوتیژی و بەرزەفڕی و ئازادیی بەکارهاتووە، زۆر کەسیش ناوی منداڵەکانیان بە (شاباز) ناودەنێن.

تێبینی دەکرێ، زۆر جار تێکەڵییەک دەکرێ لە گێڕانەوەی ئەفسانەکان و چیرۆک لە نێوان؛ باز و داڵ و هەڵۆ و نەسر و سیاسارکە  کەچەڵ، کە ئەمانە هەڵەی زمانەوانین و لە راستیدا ئەوانە لە رووکەشدا و شێوەی ژیاندا جیاوازییان هەیە، هەرچەندە بە هەموویان بە گۆشتخۆر ئەژمار دەکرێن.