نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

راپۆرتی بەختەوەریی لە جیهاندا

دوایین راپۆرتی بەختەوەریی لە جیهاندا، لە 30ی تشرینی دووەمی 2020 دەرچووە و دەبێتە هەشتەمین راپۆرتی بڵاوکراوەی تۆڕی چارەسەری گەشەی بەردەوام لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان. ئەم جارە بەراوردێکە لەنێوان 153 دەوڵەتی بەشداربوو. 

ئەو راپۆرتە؛ ساڵانەیە و رادەی بەختەوەریی تاک لە کۆمەڵگەی وڵاتان دەپێوێ بەپێی چەندین پێوەر و لێکۆڵینەوە و ستاتیک، لە پێوەرە گرنگەکانیش: رێژەی تەمەنی تاک، داهاتی تاک لە ساڵێکدا بەراورد بە داهاتی دەوڵەت، هاوکاری و بیمەی کۆمەڵایەتی، ئازادیی تاک، تەندروستی و خزمەتگوزارییەکان، باری دەروونی، کەشی کار و رەخساندنی بوار و ئازادیی لە کاردا، راگرتنی باڵانس لەنێوان ژیانی کۆمەڵایەتی و کار، گەندەڵیی ویست و رادەی چارەسەری، هەستکردن بە ئاسوودەیی و کەمیی دڵەڕاوکێ، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، یەکسانیی نێوان هاوڵاتیان بە ژن و پیاوەوە... ئەمانە و دەیان پێوەری تر کە دەبنە پێوەری سەرەکیی بۆ دیاریکردنی خانەی وڵاتەکان لە ریزبەندییەکەدا.

لە تەمووزی 2011، ئەنجومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارێکی دەرکرد، داوا لە وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات بەپێی پێوەرەکان رادەی بەختەوەریی لەناو گەلەکانیان دیاری دەکرێ بەمەبەستی هاوکاری و رێنماییکردنی سیاسەتی گشتی. بەشێوەیەکی گشتی، زیاتر لە 150 دەوڵەت لە راپۆرتەکاندا بەشدار دەبن.
یەکەم راپۆرت، لە مانگی نیسانی 2012 دەرچوو، بوو بە یەکەم راپرسیی گشتیی بەختەوەریی لە جیهاندا. 

لە دوایین راپۆرت، بەپێی ریزبەندی، شەش بەختەوەرترین گەل لە وڵاتانی: (فینلەندا، دانیمارک، سویسرا، ئایسلەندا، نەرویج، هۆڵەندا...)ن. خراپترین وڵاتانی ریزبەندییەکەش بەم شێوەیەیە لە خراپترینەوە: (ئەفغانستان، باشووری سودان، زیمبابۆی، رواندا، کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست، تەنزانیا...). 
لە وڵاتە عەرەبییەکانیش، لە باشترینەوە بەپێی ریزبەندییەکە: (ئیمارات (21)، سعودیە (28)، قەتەر (29)، بەحرێن (37)، کوەیت (51)...). عیراقیش کەوتووەتە (110)یەمینی ریزبەندییەکە و یەکێکە لە وڵاتە خراپەکان.

ئەم راپۆرتە، دەریدەخات کە شەڕ و ناکۆکی و نەبوونی شەفافیەت و هەستنەکردن بە ئارامی و دادپەروەری و هەبوونی جیاوازییەکی زۆر لەنێوان تاکەکان، دەبنە هۆکاری سەرەکی لە بێئومێدی و ترس و نائارامیی و دڵەڕاوکێ و ناڕوونی دواڕۆژی تاک، کە راستەوخۆ کاریگەرییان هەیە لەسەر تەندروستیی تاک و ناجێگیریی باری دەروونی و کەمکردنەوەی رێژەی تەمەن، هەر بۆیە لەو وڵاتانەوە رەو و کۆچ بەرەو هەندەران، بەتایبەت بەرەو ئەوروپا، بەرز دەبێتەوە و خەڵکەکەیان دەگەڕێن بە دوای شوێنێک کە خۆشتر و ئارامتر بێت بۆ ژیانیان؟

جگە لە بەختەوەریی لەسەر ئاستی وڵاتان، ساڵانە راپۆرتی بەختەوەرترین شاریش لە جیهاندا بڵاو دەکرێتەوە. دیسانەوە دەیەمین شاری سەرەوەی ریزبەندییەکە، لە شارەکانی وڵاتە ئەسکەندەنافییەکانن و شارەکانی یەمەنیش لە دواهەمین خانەی ریزبەندییەکەدان.

ئارەزووم بوو ئەم جۆرە راپۆرتانە وردتر بوایە و کوردستانیشی بگرتایەتەوە، بۆ ئەوەی خۆمان بناسین و بزانین دەکەوینەوە کام خانەیەوە.

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan