شاهۆ عەبدوڵڵا

شاهۆ عەبدوڵڵا

هێزی نەرمی ئێران

هێزی نەرم؛ بە هەر كردەیەك دەوترێت كاریگەری لەسەر كولتوور و لایەنی دەروونی هاوڵاتییانی وڵاتێك یان گرووپێك دروستبكات. بەپێچەوانەی جەنگی سەربازییەوە، ئامرازەكانی ئەم هێزە راگەیاندن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و هەر ئامرازێكی دیكەی بینراو و بیستراوە، كە لە توانایدا هەبێت كاریگەری جێبهێڵێت لەسەر لایەنی بەرانبەر. هێزی نەرم؛ مێژوو و كولتوور و سیاسەت و توانای سەربازییەكان وەك نمایش لە رێگەی فیلم و دراما و دۆكیۆمێنتاری و ئەنیمەیشن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە، ئاراستەی لایەنی بەرانبەر دەكرێت، بە مەبەستی جێهێشتنی كاریگەری لەسەریان. 

جۆزیف نای كە زیاتر وەك داهێنەری چەمكەكە دەناسرێت. كولتوور و شێوەی ژیانی تاكی ئەمەریكی بە ئامرازێكی گرنگەی هێزی نەرم دەبینێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وەك هەژموونێك بەسەر وڵاتانی دیكەوە. بەشێوەیەكی كردەییش هێندە كاریگەر بووە، مەسەلەی هەژموونی كولتووری ئەمەریكی، وڵاتانی هەمیشە لە هەوڵدابن، هەم وەڵامدانەوەیان هەبێت هەم دەیان دەزگای تایبەت دروستبكەن، تا لەو هەژموونەی ئەمەریكا كۆمەڵگەكەیان بە دووربگرن. 
ئێرانییەكان زۆرباش دركیان بە گرنگی هێزی نەرم كردووە. زۆر بە رژدی كاری لەسەر دەكەن و بە ئەندازەیەكی باش لەو بوارەدا سەركەوتوو بوون. هەزاران توێژینەوە و لێكۆڵینەوەیان لەو بوارەدا هەیە و گرنگییەكی تایبەتی پێدەدەن، لەپاش شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە هەر زوو كەوتنە خۆ بۆ وەڵامدانەوەی هێزی نەرم و دەروونییەكانی رۆژئاوا و وڵاتانی دەوروبەر، نموونەش زۆرن لەسەر ئەو هێزەی دەیانەوێت ئاراستەی دەرەوەی بكەن، بۆ نموونە گواستنەوەی شۆڕش بۆ دەرەوەی ئێران لە وتەكانی ئیبراهیمی یەزدی كە یەكێك بوو لە هاوەڵەكانی ئایەتوڵڵا خومەینی زۆر بەڕوونی و بە راشكاوی رایدەگەیەنێت، ئەم شۆڕشە بووە رەمزێك لە جیهاندا، نەك تەنیا بۆ گەلانی ئێران، بەڵكو بۆ عەرەب و تورك و پاكستانییەكانە، ئێمە رێگەیەكی نوێمان نیشانداوە، هەروەها هەر لە سەرەتای لێدوانەكانی ئایەتوڵڵا خومەینییەوە بۆ گەلانی ئێران، باس لەوەدەكات رۆژئاوییەكان بەهێزی سەربازییەوە نایەنە مەیدان، بەڵكو بەپێنووسەوە دێتە مەیدانتان، بۆیە پێویستە كۆمەڵگە و گەنجانی ئێمە باش ئاگاداربن.

پێش گەڕانەی بۆ ئێران، دەوروبەرەكانی ئایەتوڵڵا خومەینی گەنجانێك بوون لە زانكۆی رۆژئاوایی خوێندبوویان، لەو جەنگە دەرونییەی بەرانبەر بە شای ئێران پیادەیان دەكرد زۆرباش شارەزای ئەو جەنگە بوو بوون. هەر بۆیە كە گەیشتن بە دەسەڵات، زۆر بە بایخەوە ئەو جەنگەیان لە بەرژەوەندیی خۆیان بەكارهێنا. تەنانەت تا ئاستێك دوای نزیكەی چل ساڵ لە رووخانی سیستمی پاشای ئێران، هێشتا ئێرانییەكان هێزی نەرم بە مەبەستی لەبیربردنەوە و ناشرینكردنی سیستمی پاشای محەمەد رەزا شا بەكاردەهێنن، لەوەشدا زۆر سەركەوتوو بوون. 

ئێرانییەكان بەهۆی ئەو هێزە نەرمە و دەروونییەی لەلایەن رۆژئاواوە ئاراستەیان دەكرێت، ئەزموونێكی باشیان بەدەستهێناوە لەوەی چۆن بەرگریی بكەن و هێزی نەرمیش پیادە بكەن بەرانبەر نەیارە ڕۆژئاواییەكانیان بەگشتی و نەیارە ناوچەییەكانیان بەتایبەتی. یەك لەو نموونانەش هەڵمەتێكی گەورەی راگەیاندن و سەرمایەگوزاری راگەیاندن لەسەر كەسایەتی قاسم سولەیمانی پێش بە ئامانجكردنی لەلایەن ئەمەریكییەكانەوە، بەشێوەیەك كاریگەر بوو، راگەیاندنە رۆژئاواییەكان بە پیاوی تارمایی و مەترسیداری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بیناسێنن، ئەو وێنانەی هەر چەند رۆژ جارێك لە سوریا و لوبنان و عیراق و تەنانەت هەرێمی كوردستان لەبارەی شوێن گۆڕینییەوە بڵاودەكرانەوە، وەك ئەوەی قاسم سولەیمانی لە هەموو شوێنێكە. بەڕادەیەك كاریگەربوون بۆ هەژموونی ئێرانی لە ناوچەكە، بەتایبەت سەروبەندی جەنگی دژ بە داعش، وڵاتانی عەرەبی ناچاركرد رووبكەنە كڕینی چەك بە ملیارەها دۆلار. چوون ئێرانییەكان زۆرباش دركیان بەوە كردبوو، زۆرجار ئەوەی لەو ئاراستەكردنی هێزی نەرمدا بەدەستی دەهێنن، هەرگیز نەتوانن لە جەنگی گەرم و سەربازییدا بەدەستی بهێنن. هەروەها باش دەزانن بەهۆی فراوانی رووبەری ئێران و پێگە جوگرافی و ستراتیژییەكەی و ژمارەی زۆری دانیشتوان و توانای سەربازییەوە، رۆژئاواییەكان زیاتر لە رێگەی هێزی نەرمەوە دەیانەوێت ئێران بە ئەژنۆدا بهێنن. ئەمەش وایكردووە زۆرباش خۆیانی بۆ ئامادەبكەن و هێرشێكی نەرمی نەیاریان بكەن، لە رێگەی ئامرازە پێشكەوتووەكانی وەك راگەیاندن و زمان و هونەر و مێژوو و توانای سەربازی و تۆڕی كۆمەڵایەتییەوە. هەروەك لە وتەكانی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێرندا رەنگدەداتەوە و لە زۆربەی وتارەكانیدا باس لە جەنگێكی نەرمی بە بەرنامە دەكات، خۆشحاڵی خۆی دەردەبڕێت كە وڵاتەكەی لە جەنگێكی سەربازی نییە، بەڵام لە جەنگێكی سیاسی و ئاسایشی و ئابوورییە، بەلایەوە سەختترین جەنگجەنگی كولتوورییە. هەر بۆیە ئێرانییەكان زۆر بە گرنگییەوە لە هێزی نەرم بڕوانن و پەرەی پێبدەن. 

سیاستەمەدارانی ئێرانی لەبری هێزی نەرم، جەنگی نەرم بەكاردەهێنن، ئەم هێزە دەروونی و مەعنەوییە زیاتر وەك جەنگێكی راگەیەنراو دەبینن تاكو چەمكێكی مەعنەویی سادە، چوون بەهۆی ئەزموونییانەوە بەرانبەر بەو هێرشی راگەیاندن و كولتوورییەی لەسەر سیستمی سیاسی ئێرانە. مەسەلەی هێزی نەرم بۆ ئێرانییەكان لە مەسەلەی دیپلۆماسی و جەنگی دەروونی و هێزی نەرم زیاترە، چوون بۆ ئەوان زیاتر جەنگێكی راگەیاندنی بەرفراوانە لە رێگەی ئامێری هۆشمەند و ئینتەرنێت و كەناڵەكانی راگەیاندنی دەرەوەی ئێران كە ژمارەیان (3000) هەزار كەناڵە، بە وتەی وتارخوێنەكانی نزیك لە سیستمی سیاسی ئێران، لە رۆژیكدا هەریەكەیان سەدان كاتژمێر تەرخان دەكەن بۆ خەڵكی ئێران، ئەو كەناڵانەش هەموو دژ بە سیستمی سیاسیی ئێران بەرنامەكانیان نمایش دەكەن. 

هەرێمی كوردستان وەك درواسێیەكی سیاسیی ئێران، مێژوویەكی ئاڵۆز و پڕ لە هەوراز و نشێوی لە تەك ئەو وڵاتەدا هەیە، هەرێمی كوردستان لە رووی ئابووری، سیاسی و سەربازییەوە، گرنگییەكی تایبەتی هەیە، هەمیشە لە هەوڵدابووە لە رێگەی پارتەكانی هەرێمی كوردستانەوە، كاریگەریی خۆی بەسەر هەرێمی كوردستانەوە درێژە پێبدەن. جگە لەوەی لە رووی سیاسی و سەربازییەوە، هەوڵیش دەدات لە توركیای دووربخاتەوە و بازاڕی كاڵاكانی مسۆگەر بكات. 

سەرەڕای پەیوەندییە رەسمی و ناڕەسمییەكانی هەرێمی كوردستان لە تەك ئێران، هەردوولا نەیانشاردووەتەوە دۆستی دێرینی یەكدین و هەمیشە و لە كاتی تەنگانەدا ئێران بە هانای هەرێمی كوردستانەوە هاتووە. سەرەڕای ئەو پەیوەندییانەش هەرێمی كوردستان و بەتایبەت پارتی دیموكراتی كوردستان بەهۆی هەژموونی توركیا و ئەمەریكاوە، رێگربوو لە گواستەوەی هێز و چەك بۆ سوریا و رۆژئاوی كوردستان و بەوەش ئەو هیلالی شیعەی كە ئێران بەتەمای تەواوكردنی بوو. نەتوانرا لە هەرێمی كوردستان و ڕۆژئاوای كوردستانەوە بگاتە ئەنجام. 

ئێرانییەكان زۆرباش خوێندنەوەیان بۆ رەوشی سیاسی، ئابووری و كۆمەڵاتی هەرێمی كوردستان هەیە. چەندین پەیوەندیی ناڕەسمییان لە تەك حزبە كوردییەكان هەیە و لە هەركات و ساتێك بیانەوێت هێزی نەرمی خۆیان لەنێوان حزبە كوردییەكان بەكاردەهێنن. 

زۆر دەمێكە ئێران لە رێگەی كەناڵەكانی راگەیاندنەوە كار لەسەر هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان دەكات، لە رووی زمانەوە بەشێكی زۆری گەنجانی كورد زمانی فارسی دەزانن بەهۆی ئەو شەپۆلە لە درمای فارسی بۆ هەرێمی كوردستان. هەروەها بە مۆدێلكردنی جلوبەرگی ئێران لەناو گەنجانی كورددا، لە هەموو جلوبەرگەكانی تر بازاڕی زیاترە. لە رووی سیاسیشەوە هەركات بیەوێت جەنگی نێوان حزبە كوردییەكان هەڵدەگیرسێنێت. باشترین نموونەش بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆیەكی ئیكۆدرامی بوو لەسەر كەسایەتی مەسعود بارزانی، كەچی شەڕی راگەیاندن كەوتە نێوان پارتی و یەكێتی، چەندین بەرنامەیان لە تەك بەرپرسانی سەربازی و سیاسی ئەنجامدا، وەك شایەتحاڵی نزیكبوونەوەی داعش لە هەولێر، سەرۆكی هەریم و خودی بارزانیش پەیمانی ناڕەزایی بوونیان بڵاوكردەوە بە دوو ئاراستەی جیاواز. هەرچەند ڤیدیۆكە لە رووی گێڕانەوە و وردەكارییەوە زۆر بەدیقەت نییە، بەڵام ئێران جەنگێكی دەروونی گەورەی بەرانبەر دەسەڵاتدارانی هەرێم كرد و شەقامی كوردیی كرد بە دوو بەشەوە، بەبێ ئەوەی هاوڵاتییان و خودی سیاسییەكانی سەر كەناڵەكانی راگەیاندن درك بەوە بكەن، ئێران ئامانج و مەبەستی تیایبەتی هەبوو لە بڵاوكردنەوەی ئەو ڤیدیۆیە و هەرێمی كوردستان و بەتایبەت پارتی دیموكراتی كوردستانی ئاگادار كردەووە لەوە هەر جوڵانەوەیەكی سەربازی لە تەك توركیا بیەوێت ئەنجامی بدات بەبێ رەچاوكردنی بەرژەوەندییەكانی ئێران، ئەوا بە تەنها دەمێننەوە و جگە لە دۆستایەتی و بەهاناوە هاتنی ئێمە هیچ دۆستێكی دیكەتان نییە بە توركیاشەوە، هەروەك لە ڤیدیۆكەدا دەردەكەوێت لەكاتی پیشاندانی وێنەی سەرانی وڵاتان.

ئەوەی مەترسییە بۆ كوردستان ئەو هێزە نەرمەیە چەندین ساڵە ئاراستەی كۆمەڵگەی كوردی دەكرێت و هیچ بەرهەڵستییەك ناكات. چوون ئامانج لە ئاراستەكردنی هێزی نەرم بۆ هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان، سڕینەوەی بیروباوەڕی كوردبوون و چاندنی ئەو بیروباوەڕەیە كە نەیارەكانی دەیانەوێت، نموونەش زۆرن، ئەوەی لە دراما بیانییەكان روودەدەن لە واقعی كوردستان سەدان نموونەی لەو رووداوانە هەن. لەمەشدا نەیارەكانی لە رووی كۆمەڵایەتییەوە زۆر كاریگەرییان بەجێهێشتووە. مەبەستیش لە ئاراستەكردنی هێزی نەرم بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان و لێدانە لە ئابوورییەكەی و وەستانی پێشكەوتنی ئابوورییە لە قۆناغی یەكەمدا. لە قۆناغی دووەم هێرشێكی توندی راگەیاند و بە بەرنامە بۆ سەر دەسەڵاتداران و حاكمانی هەرێمە وەك ناشرینكردنی رووی دەسەڵاتدارانی هەرێم لە بەغدا و شەقامی ناوخۆی عیراقی. لە كۆتا قۆناغدا دروستكردنی نائارامیی ئەمنی و ژیانی كۆمەڵایەتی. 

لە كۆتاییدا ئەوەی گرنگە بووترێت، ئێران جەنگی سەربازی لە تەك هەرێمی كوردستان ناوێت، بەڵام ناشیەوێت لەژێر كاریگەری دەربچێت و بەرژەوەندییەكانی بكەوێتە مەترسییەوە، هەروەها تاكو هەرێمی كوردستان دەرگایەكی كراوەبێت بۆ سەدان راگەیاندن بە هەموو جۆرەكانییەوە، توانای وەڵامدانەوەی هیچ هێزێكی نەرم و جەنگێكی راگەیاندنی نابێت. چوون هەر بەچاوخشاندنەوە بە كەناڵە كوردییەكاندا بۆت دەردەكەوێت خودی ئەو كەناڵانە هێزێكی نەرم بۆ گۆڕینی ئەخلاقی تاكی كورد لە هەبوونەوە بۆ شتێك كە نیەتی. واتە پووچگەراییەك بە هەموو مانایەكەوە. ئەمەش هەم سەری كۆمەڵگەكە دەخوات، هەم سەری ئەوەی پێی دەوترێت حوكمداری. 

خ.غ


Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan