شاهۆ عەبدوڵڵا

شاهۆ عەبدوڵڵا

پاڵەوانی ساختە

رووكەش و رەخنەگرن، هێندە قسە دەكەن نیو هێندە كرداریان نییە، شەیدای لایك و كۆمێنت و دەركەوتنن لەسەر شاشەكان، هەرگیز حەزیان لە ئارمی و سەقامگیریی نییە، سادە دەردەكەون و خۆیان لە بەرەی خەڵك ئەژمار دەكەن، خاوەن هیچ بەها و فكر و بەرنامەیەك نین، لە تەك سیاسەتی رۆژن و هیچ كارنامەیەك بۆ چارەسەر پێ نییە، هەمان ئەو قسانە دەكەن كۆمەڵگە دەیەوێت، لە بنەچەدا نە پرۆژەیان هەیە، نە چارەسەریشیان پێیە، دەخزێنە نێو ناڕەزایەتییەكانەوە و بە مۆبایل و هەمیشە یەكێكیان دەوێت بۆ وێنەگرتن، بەشێوەیەكی گشتیی قەیران و كێشەكانی كۆمەڵگە وەك كێكێك دەبینین بۆ گەورەكردنی خۆیان، ئەم جۆرە لە پاڵەوان لە هەناوی قەیران و نائارامیدا دروست دەبن، خۆڵ دەكەنە چاوی كۆمەڵگە و بەلاڕێدا دەبەن.

ئەم جۆرە لە پاڵەوان، خاوەنی خۆیان نین، دوای قەرەباڵغی دەكەون و دەیانەوێت لە گێژاو و ئاوی لێڵدا ماسی بگرن، مەبەستیانە دەنگێك بەدەست بێنن و لە پڕدا وەك قارچك لە هەناوی ناڕەزایەتییەكاندا جنێو دەكەن و هێرش دەكەنە سەر بەرانبەرەكانیان، لەكاتێكدا بەرژەوەندیی خودی و بەرژەوەندیی پشت پەردەیان لامەبەستە، دەكرێت هەر كەسێك بێت و بە دەركەوتنێك ڤیدیۆكانی دەستاودەستی پێبكرێت و وەك خەڵكی خاوەن هەڵوێست بناسرێن. 

ئەم جۆرە لە پاڵەوان كە ساختەیە، دەكرێت خۆی ئامادە بكات بۆ بانگەشەیەكی هەڵبژاردن، یان پەرلەمانتارێك بێت لە بێ چالاكیدا تەنها لە پەیجەكەیەوە بنووسێت و گاندی ئاسا دەركەوێت، لەوانەشە كارمەندێكی دەزگای ئەمنی بێت، لەوانەشە رۆژنامەنووسێك بێت، ئێواران لەسەر خوانی بەرپرسێك یان سكرتێرێكی دامەزراوەیەكی حوكومی و حزبی مێز بڕازێنێتەوە، دووریش نییە خاوەن وێب سایت و چالاكێكی مەدەنی بێت بیەوێت ئەوەی پێی وتراوە ژێر بەژێر و لەناو حزبێكەوە ناڕەزایەتییەكانی خەڵك بەرەو ئاقارێكی تر ببات. زۆر ئاساییە حزبێكی سیاسی بێت، لە شاشەكانەوە باسی مافی خەڵك و مەدەنیەت و حورمەتی ناڕەزایەتییەكان بكات و لە شەقام و سەر جادەكان گولـلە بگرنە خەڵكی، یان بەناوی نەتەوە و شۆڕشگێڕیییەوە چارەنووسی گەلێك بەرەو تونێلێكی تارێك ببات.

زۆرن و جۆراوجۆرن پاڵەوانی ساختە، بەڵام هەموویان یەك بەرژەوەندییان هەیە، مەبەستی تایبەتی و گروپ و حزبی لەپشتیانەوەیە، ناهۆشیاریی كۆمەڵگە دەقۆزنەوە و چەندین ساڵ خۆڵ دەكەنە چاوی كۆمەڵگاوە، لەوسەریشەوە خەریكی وەرگرتنی باڵەخانە و بازرگانی و رەشوە و گیرفان پڕكردنن. لەئێستاشدا ئەوەی دیارە و ئاشكرایە، رووكەشانە لە چوارچێوەی كۆمەڵێك رستەی ریزكراودا جنێو و هەڕەشە دەكەنە مۆدیل و لە كرداریشدا تەنیا بردنەوەی گرێبەستێكی ئابووری و رازیكردنی بەڕێوەبەری دامەزراوەیەك یان حزبێكە.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan