شاهۆ عەبدوڵڵا
متمانەى سیاسی و هۆکارى لە دەستدانى
بەزمانێکى سادە متمانە واتە پشتبەستن بەکەسێک لەسەر ئاستى تاک، سپاردنى بەشێک لەکار و پێویستییەکانت بە بەرانبەر، بەڵام لەمەسەلەى متمانە سیاسى واتایەکى قوڵى هەیە لەچاو متمانە لەسەر ئاستى تاک و ئەندامانى خێزانێک. هەرچى لەبارەى متمانەى سیاسییەوە لەنێوان هاوڵاتیان و حکومەت دروست دەبێت. واتە ئەمەش لەئەنجامى کۆمەڵێک کارەوە کە پێویستە ئەو سیستەمە سیاسییە بۆ هاوڵاتیانى بکات، لە رووى سیاسى و ئابوورى و ئاسایش و کۆمەڵایەتى و پێشکەشکردنى خزمەتگوزارییە سەرەتیاییەکانییەوە دێتە بوون. گەر خێزان وەک یەکەیەک بچوکراوەى سیستەمى سیاسى وەربگرین لەنێوان باوک و دایک و ئەندامانى خێزانێک، ئەگەر باوکەکە پابەند نەبێت بەو بەرپرسیارێتییە لەسەر شانییەتى، خێزانەکە بەرەو هەڵوەشاندنەوە دەبات و هیچ یەکێک لەئەندامانى ئامادە نین گوێ لەو دایک و باوکە بگرن. لەوێنەیەکى گەورەکراودا هەمان شت بۆ سیستەمى سیاسى و حکومەت ئاوایە.
بۆ ئەوەى متمانەى سياسى دروست بێت، چەند خاڵێکى گرنگ هەن لەنێوان هاوڵاتیان و حکومەت، ئەو متمانەیەش بەو ئاسانییە دروست نابێت، بەڵکو پێویستە دەوڵەت و دامەزراوەکانى کارى جدى لەسەر بکەن، بەمەبەستى بەدەستهێنانى ڕەزامەندى زۆرینەى هاوڵاتیان، ئەو خاڵانەش بەشێکى زۆرى مافى سەرتایی هاوڵاتیانە ئەو جۆرە لەخزمەتگوزارییان پێشکەش بکرێت:
1- ئابورییەکى جێگیر: یەکێک لە گرنگترین هەنگاوەکانى حکومەت بۆ بەدەستهێنانى متمانەى سیاسى، لایەنى ئابورى وڵاتە، ئەمە وادەکات هاوڵاتیان لەڕوى دەرونییەوە بڕوا بەکردارەکانى دەوڵەت و حکومەت بکەن، بەشێوەیەک وەک کاروکاردانەوەیە. تا ئابورى جێگیر بێت و جێگەى ڕەزامەندى هاوڵاتیان بێت، متمانەى سیاسى لەلایەن هاوڵاتیان بەرانبەر بەحکومەت زیاتر دەبێت. گەر حکومەتى هەرێمى کوردستان بەم خاڵە هەڵبسەنگێنین لەدابینکردنى ژیانێکى شایستە بۆ هاوڵاتییەکانى لەڕووى ئابوورییەوە، نەک نەیتوانیوە ئەو شایستەییە دابین بکات، بەڵکو مووچە و شایستە داراییەکانى مووچەخۆرانى دەوڵەتى پێنادرێت. ئەمەش متمانەى سیاسى هاوڵاتیانى بەرانبەر بەدامەزراوەکانى دەوڵەت لاواز دەکات.
2- کارایی سیاسى دەوڵەت: یەکێک لەپایە گرنگەکانى دەوڵەت و حکومەتدارى بڕواکردنە بەپایەى سیاسى دەوڵەت و حکومەت. پێشکەش کردنى خزمەتگوزارى سیاسى بەهاوڵاتیان و خزمەتگوزارى یاسایی و سیاسى هۆکارى سەرەکى و گرنگن بۆ ئەوەى متمانەى سیاسى دروست ببێت لەنێوان حکومەت و هاوڵاتى. لەتەک نائارمى سیاسى و نەبوونى خزمەتگوزارییەکى سیاسى و خاوەندارێتى کردنى هاوڵاتیان لەناوخۆ و دەرەوە وادەکات هاوڵاتیان هیچ متمانەیەکى سیاسییان بەحکومەت نامێنێت. ئەوەى لەهەرێمى کوردستان دەگوزەرێت، نەک هەر متمانەى سیاسی نیە لەنێوان هاوڵاتیان و حکومەت، ڕەنگە تاکو ئێستا و لەسایەى حکومەتى هەرێمى کوردستان متمانەى سیاسییان ئەزموون نەکردبێت. چونکە ئەوەى ناوى شکۆى تاکى کوردە لەڕوى سیاسییەوە یەکەم جار لەلایەن خودى حکومەتەکەوە شکێندراوە.
3- یەکسانى لەبەرانبەر یاسا و دابینکردنى ئاسایش بۆ هەمووان: متمانەى هاوڵاتیان بەرانبەر زیاتر دەبێت بەرانبەر بەحکومەت و ئەو سیستەمە سیاسییە لەکارداریە، تاکو یاسا لەسەروى هەموانەوە بێت و بەیەک چاو سەیرى هاوڵاتیان بکات، ئەوە ئاستى ئەو متمانە سیاسییە زیاتر دەبێت. بەڵام گەر هەر ئەو یاساییە جێبەجێ بکرێت بەرانبەر بەهەندێک و هەندێک دەست ڕۆشتووى ئابوورى و سیاسى لێ دەرباز بێت، ئەوە هاوڵاتیانیش نەک هەرمتمانەیان نامێنێت بەرانبەر حکومەت و دامەزراوەکانى، بەڵکو هەوڵى سەرپێچى کردن دەدەن وەک پێوەى پابەند نابن. هەرچى لەبارەى دابینکردنى ئاسایشەوەى هەیە بۆ هاوڵاتیان و پێشکەش کردنى خزمەتگوارى ئاسایش و پارستنی سەر و ماڵیان، ئەرکى لەپێشینەى حکومەتە و لەپایەگرنگەکانى حکومەتدارى ئەژمار دەکرێت. تاکو ئاسایش بەهێز بێت و یەکسان بێت بۆ هەمووان، ئەو پشتبەستن بە دامەزراوەکانى ئاسایش و حکومەت زیاتر دەبێت. بەڵام ئەگەر هاتوو دابینکردن ئاسایش بۆ دەست و تاقم و پاراستنى ئەم و ئەو حزب بێت، ئەوا متمانەى هاوڵاتیان بەپایە و دامەزراوەکانى ئاسایش بەرەو لاوازى دەچێت. هەرێمى کوردستان، دوو ئاسیش و دوو دژە تیرۆر و هێزەکانى پێشمەرگەش دابەشى هێزى حەفتا و هەشتابوون و لەناو ئەوانیش دا، چەند بەرپرسێکى سەربازى خاوەن هێز و لیواى تابەت بەخۆیانن. هەروەها لەبەرامبەر دەست درێژى دەرەکى دەستەوستان بوون و داواى یارمەتى لەوڵاتانى دیکە دەکەن، سەرەڕاى بوونى زیاتر لە دوو سەد و هەزار پێشمەرگە. هەرچەند بەئەگەرێکى زۆرەوە ئەو ژمارە وەهمییە.
4- سەروەرى و دامەزراوەیی بوون: سەروەرى بەواتایی بوونى یەک دەسەڵاتى حکومى و دەوڵەت بەسەر کۆى تەواوى خاکەکەدا. لەڕوى ئابورى و سیاسى و سەربازى و ئاسایشەوە، ئەو حکومەت و دەوڵەتەى لەسەرکارە دەسەڵاتى تەواوى بەسەر کۆى گشتى خاکەکەدا هەبێت. حکومەت لەکۆى دامەزراوە و خاڵە سنورى و ناوخۆ گوێبیستى یەک فەرمان و یەک ڕیکار بن. نەک لەناوچەیەک کار بەبڕیار و یاسایەک بکرێت و لەناوچەیەکى دیکە هیچ نیشانەیەک لەحکومەت بوونى نەبێت. هەرێمى کوردستان هیچ نیشانیەکى سەروەرى خاک و دامەزراوەکانى حکومەتى نیە. ئەوەى هەیە دابەشبوونە بەسەر دەستە و تاقام و هەریەکە و داهات و ئاسایشى ناوچەى خۆى دەپارێزێت. ئەمەش متمانەى سیاسى هاوڵاتى بەحکومەت و دامەزراوەکانى لاوزا دەبێت وەک ئەوەى ئێستا لەهەرێمى کوردستان دەگوزەرێت. بەکارهێنانى وشەى زۆنى زەرد و سەوز و نیلى خۆى بۆخۆى دەرخەرى ئەو راستییەن. ئەمەش وادەکات هاوڵاتیان بێژن دەسەڵاتى یەکێتى و پارتى تا دەسەڵاتى حکومەت.
5- شەفافیەت: یەکێک لەو خاڵەگرنگانەیە کە وادەکات هاوڵاتى متمانە و متمانەى سیاسى بەحکومەت و دامەزراوەکانى هەبێت مەسەلەى شەفافییەتە لەکۆى سێکتەرەکان، بەتایبەت لەبوارى ئابوورى و داهاتى گشتى وڵات، تا ئاستى شەفافیەت زیاتر بێت لەوەى حکومەت پێشکەش بەهاوڵاتییان و ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسانى دەکات متمانەى سیاسى زیاتر دەبێت بەحکومەت و دامەزراوەکانى. هەرێم کوردستان لەئەنجامى تێکەڵى لەکارەکانى حزب و حکومەت نەک شەفاف نیە، بەڵکو گرێبەستى چەندیبن دەیەش دەکرێت و هاوڵاتیان هیچ زانیارییەکان لەسەرى نیە و ناشزانن چى لەو گرێبەستانەدا هەیە، کە راستەوخۆ پەیوەستە بەژیان و ئایندەى نەوەکانى ئەم هەرێمەوە. ئەوەى جێگەى پرسیارە و وەڵامى نیە لەهەرێمى کوردستان کۆکردنەوەى داهاتەکانى حکومەتە و چۆنیەتى خەرجکردنیەتى. هەربۆنمونە قەرزى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەچەندین ملیار دۆلار، کەنازانرێت چۆن و بۆچى کراوە، لەکاتیکدا فرشیارى نەوت بووە نەک کڕیار. ئەمەش وایکردوە متمانەى هاوڵاتیان بەحکومەت و دامەزراوەکانى کەم بکات یان هەر نەمێنێت.
6- بەشدارى سیاسى توێژ و کەسایەتییە مەدەنییە سەربەخۆکان و حزب و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى لەژیانى سیاسى و گوێگرتن لێیان و بەهەند وەرگرتنى پرۆژە و ئایدییەکانى تاکەکان لەچۆنیەتى باشترکردنى ژیانى گشتى و تایبەتى تاکەکانى کۆمەڵگا، هۆکار دەبن بۆ ئەوەى تاک و کۆمەڵگەش متمانه ى سياسى زياتر لادروست و گەورەتر بیت بە حکومەت. بەڵام لەهەرێمى کوردستان ڕێک پێچەوانەى ئەوەى سەرەوەیە، لەبەر ئەوەى لەناوحکومەتدا چەند حزبێک و لەناو حزبیشدا تاقمێکى دەست ڕۆشتوو دەستیان بەسەر ئابورى و سیاسەت و هێزدا گرتووە و بۆیان گرنگ نیە بۆچوون و ژیانى گشت و تاک چۆن دەگوزەرێک. سەرقاڵن بەکۆکردنەوەى پارە و مانەوەى هێزەکەیان. ئەمەش متمانەى سیاسى هاوڵاتیان و تەنانەت کادرى حزبیش لاواز دەکات بەحکومەت و درک بەو پەراوێزخستنە دەکەن لەلایەن گروپى دەست رۆشتووەوە دەکرێت بەرانبەریان.
7- حکومەتى بەرپرسیار: متمانەى سیاسى هاوڵاتیان بەرانبەر بەحکومەت زیاتر دەکات ئەگەر هاتوو حکومەت و دامەزراوەکانى بەبەرپرسیارییەوە مامەڵەیانکرد بەرانبەر بەگیان و ماڵى هاوڵاتیان. بۆنمونە ئاگادارکردنەوەى هاوڵاتیان لەگەشت کردنیان بۆ ئەو وڵاتانەى مەترسی جەنگى هەیە، یان بەدەنگەوەچوونى هاوڵاتیانیان لەکاتى بوونى کێشەیەک لەوڵاتیکى بیانى، هەروەها پێدانى رینمایی لەچۆنیەتى بازرگانى و پاراستنى سەرمایەکانیان و رێگرى کردن لەهەر مادەیەکى زیان بەخش لەخۆراک و داو دەرمان یان بڵاوکردنەوەى ڕێنمایی و هۆشیارى تەندروستى لەکاتى بڵاوبوونەوەى نەخشى. کاتێک حکومەت ئەمە بۆ هاوڵاتیانى خۆى دەکات بێبەرانبەر، ئەوە متمانەى سیاسی هاوڵاتیان زیاتر دەبن بەو حکوت و دەوڵەتە. ئەگەر باسى هەرێمى کوردستان بکەین لەبارى بەرپرسیارێتییەوە لەم کاتەى ئێستا و بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆناوە، دەبینین هاوڵاتیان هیچ متمانەیەکیان بەحکومەت نیە، هەرکات حکومەت بەتەماى راگەیاندنى گەرەنتینەیە و ئامارى قوربانییەکان بڵاودەکاتەوە، وەڵامى هاوڵاتیان ئەوەیە لەبەر رێگرى لەخۆپیشاندان حکومەت گەرەنتینە درێژ دەکاتەوە، ئەمەش ماناى نەمانى متمانەیە بەحکومەتى هەرێمى کوردستان.
8- فراوانکردن و پاراستنى تەبەقى ناوەند: کاتێک حکومەت هەوڵى پاراستن و فراوانکردنى تەبەقى ناوەندى کۆمەڵگادەکات متمانەى سیاسى زیاتر دەبێت بەو سیستمە سیاسییەى حاکمى کۆمەڵگایە، چون هیشتنەوەى تەبەقى ناوەند واتە رێگرى کردن لەدروست بوونى چین و راگرتنى باڵانسى لەکۆمەڵگە جۆرێک لەجۆرەکان دادپەروەرییەک هەبێت لەوداهاتەى دەستى کۆمەڵگە دەکەوێت، ئەمەش لە ریگەى فەراهەم کردنى کار و هەلى کار و پارستنى پرۆژەکانى ئەو تەبەقەیەوە. گەر حکومەتێک وەکو حکومەتى هەرێمى کاربکات و لەئەنجامى بێ بەرمانەییەوە تەبەقەى ناوەندى کۆمەڵگە بشکێنیت و لەسەرچاوەى ئابوریان بدات. ئەوە کۆمەڵگە و هاوڵاتیان دابەش دەبن بۆ چینى لەیه ک جودا و یەکێکیان لەئاسمان و ئەویتریان خوانى ئێوارەى نەبێت. ئەمەش هۆکار دەبێت بۆ نەمانى متمانەى سیاسى بەو حکومەت و لەهەر کاتێک دا دەبێت چاوەڕێى ئەوەبکات پشێوى لەکۆمەڵگا ڕوبدات و شەڕى چینەکان پەرە بسێنێت.
لەکۆتایدا ئەوە روون دەبێتەوە حکومەتى هەرێمى کوردستان بەتێکەڵەیەکى زۆرە لەنیوان دامەزراوەکانى حزب و حکومەت، بە رێژەیەکى زۆر هاوڵاتیان متمانەى سیاسیان بەحکومەت و کردارەکانى نیە لە کۆى سێکتەرە سیاسی و ئابورى و کۆمەڵایەتییەکان ... هتد. ئەمەش بەرئەنجامى ئەو ناشەفافی و بی وەڵامییەیە کە حکومەت و حزبى سیاسی بۆ قەیرانەکان گرتویانەتە بەر بەبی بوونى هیچ چارەسەر و چاکسازییەک. ئەمەش وادەکات هاوڵاتیان جکومەت بەدوو بەرجیاواز دابەش بن و هیچ متمانەیەکى سیاسى لەنێوانیاندا نەمێنیت.