نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

خۆزگەم بە جاران


خۆزگەم بە جاران؛ لە رواڵەتدا رستەیەکى بچووکی سادەیە، بەڵام هەستێکی گەورەی پڕ مانا و شاراوە لەخۆ دەگرێ. 

ئەم خۆزگەیە، یا بە ئاشکرا لە نووسین و کۆڕ و کۆبوونەوەدا تێکەڵاوی باسوخواسمان دەبێ، یاخود لە ناخی خۆماندا بیری لێ دەکەینەوە. خۆزگە بە جارانى سادەیی و کەم کێشەیی و بەتوانایی و جوانی و باوەشی گەرمی خێزان و بۆنی چێشتی دایک و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە پتەو و سادەکان، سامی باوک و رێزی گەورە و یاریی منداڵان و... هتد دەخۆین.

ئەم خۆزگە و بیرەوەرییانە، سروشتی و جوانن، هەستێکی خۆشی و ئارامیی دەبەخشێتە خاوەنەکەی، بەڵام هەندێ جاریش بیرەوەرییەکان ئازاربەخشن و پڕن لە تاڵی و خەفەت. 

ئەم هەست و سۆزانە بۆ رابردوو، پێویستن، تا ئەو رادەیەی کە نەبێتە ئالوودەبوون بە رابردوو، دەنا مەترسیی بۆ سەر کەسەکە دروست دەکات. خۆگرێدان بە رابردوو و گێڕانەوەی بەردەوامی رووداوەکان و پەیوەندییەکان، دەبنە هۆکارێکی سەرەکی بۆ تێکچوونی بارى دەروونی و خۆکشاندنەوە لە ئێستا و داهاتوو، تواناکان کەم دەکەنەوە بۆ بڕیاری راست و دروست و خۆگونجاندن لەگەڵ سەردەمی ئێستا.

هۆکار زۆرە بۆ ئەم دیاردەیە، لەوانە: کەڵەکەبوونی کێشەکان چ هیی تاک و چ هیی کۆمەڵ و سستیی لە چارەسەرکردنیان، سادەیی جاران و کەمیی گۆڕانکارییەکان، هۆکارێک بوون بۆ کەمیی کێشە و گرفتەکان لەچاو جەنجاڵیی ژیانی ئەم سەردەمەدا، ئەوسای منداڵی و لاوێتی، کەمتر بەرپرسیارێتییان دەکەوتە ئەستۆ و ژیانیان ئاسانتر بوو.

ئەو هۆکارانەى پەیوەندی بە خودی تاکیشەوە هەیە لە رووی گۆڕانی رووخسار و هەڵکشانى تەمەن و کەمبوونەوەی خەونەکان و ئاستەمیی بەدیهێنانیان، لەدەستدانى پێگە و کار، کە سەردەمانێک ئەوانەى هەبووە و بەهۆی تەمەن و گۆڕانکاریی لەدەستی داون، وا دەکات بەردەوام بیر لە رابردوو بکاتەوە. هەروەها ئەو پێشکەوتنە بەرچاو و خێرایەی لە رووی تەکنەلۆژیاوە بەدیهاتووە، بووەتە هۆکارێکی گەورە و سەرەکی بۆ لاوازکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان کە جاران بۆ تاک زۆر گرنگ بوون.

بیرەوەرییە جوانەکان، نەخشی خۆیان وەک نەقاش هەڵکۆڵیوە لە دڵ و هزرماندا، وەک نەخشی سەر دیواری ئەشکەوتە کۆنەکان، هەندێکیان وەک خۆیان ماون و هەندێکیان ئاسەواریان کەمتر دیارە. مانەوەیان گرنگە بۆ ئارامی و ئاسوودەیی، بەڵام نابێ بهێڵین بمانخنکێنن، یان رووداوە ناخۆشەکانى ئەوێ رۆژێ بە کۆڵ هەڵبگرین و لەژێریاندا بچەمێینەوە، وامان لێ بکات لەئێستادا نەژین و لە رابردوودا بچەقین و بەردەوام فرمێسک لەسەر دیوارە رووخاوەکان و پاشماوەکانى هەڵبڕێژین، چەقبەستوومان بکات و نەهێڵێ داهێنانی نوێ بەرهەم بهێنین.

ئالوودەبوون بە رابردوو، مەترسیدارە و دەبێتە هۆی نەخۆشیی دەروونی، سەرەتا بە دڵتەنگبوون و دواتریش دەبێتە هۆی خەمۆکی و بێهیوایی و بەرگری و چالاکیی کەم دەکاتەوە.

ئایا جاران بەو شێوەیە بووە کە لە ئێستادا دێتەوە یادمان؟ رەنگە هەندێکیان وابن، بەڵام هەموویان نا. بیرەوەریی، گرتە ڤیدیۆیی نییە بە وردیی وردەکارییەکانى تۆمار کردبێ. مارسیل برۆست، رۆماننووسی فەرەنسیی بەناوبانگ، دەڵێ "بیرکردنەوە لە رابردوو، مەرج نییە وەک ئەو ساتەوەختانە بێ کە رووداوەکە تیایدا روویداوە".

بە هەموو خۆشی و ناخۆشییەکانى بیرەوەرییەکانەوە، نە ئەوسا بەهەشتێکی سەوز بووە و نە ئێستاش دۆزەخێکی سوورە و بە پێچەوانەشەوە، هەر سەردەمە جوانى و ناشیرینی و خۆشی و ناخۆشیی خۆى هەیە.

پەیوەستبوون و سۆز بۆ رابردوو، بنچینەیەکی سایکۆلۆژیی هەیە و پێی دەڵێن "نۆستالژیا". نۆستالژیا، بەپێی زانیاریی پسپۆڕە دەروونییەکان، ئامڕازێکی پەرچەکردارە و بەرگریی ئەقڵ و هزرە بۆ چاککردنی باری دەروونی بۆ خۆگونجاندن، کاتی هەست بەتەنهاییکردن، گرنگە بۆ تەندروستیی دەروونی و ئەقڵ بیر لە رابردوو بکەینەوە، بەڵام ئالوودەبوون بە رابردوو و زێدەڕۆیی تیایدا، مەترسیدارە. بۆیە گرنگە بیر لە ئێستا بکرێتەوە، ئێستامان تاکە زەمەن و کاتە بەدەستمانەوەیە، کلیلی بەختەوەریی ئێستا و ئایندەمانە، دەبێ بەپێی توانا سوودی لێ وەربگرین. رابردوو بە خۆشی و ناخۆشییەکانییەوە گرنگە، بەڵام زەمەنێکە تێپەڕیوە و ناگەڕێتەوە، ئێستا زەمەن و کاتی خۆمانە. رەنگە ئێستامان خۆش نەبێ، بەڵام لە هەموو زەمەنەکان بۆ ئێمە گرنگترە و دەبێ بەپێی توانا سوود لە هەموو چرکەساتەکانى وەربگرین، بیر لە خۆگونجاندن و خۆسەرقاڵکردن بە کاری بەرهەمدار بکەینەوە کە ئارامیمان پێ ببەخشێت و دڵەڕاوکێکان کەم بکاتەوە. هەموو سەردەمەکان گۆڕانکاری لەگەڵ خۆی کێش کردووە، گرنگ خۆگونجاندنە لەگەڵیدا، نە زەمەن دەگەڕێتەوە و نە دەتوانین پێش بە هەموو رووداوە نەخوازراوەکان بگرین، ئێستامان تاکە زەمەنە لەبەردەستماندایە، ترسی خۆمان لەو پێشکەوتنە خێرایەی جیهان کەم بکەینەوە و پێشوازی لێ بکەین و هێز و توانا و وزەى خۆمان بخەینە کار بۆ خۆگونجاندن و زیندەگیی تیایدا.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan