نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

دایک، لەنێوان ئەرکی بەخێوکردن و پەروەردەکردندا

دایک، ئەو مێیینەیەیە کە منداڵێک یان زیاتری دەبێت. ئەو ژنەیە، پەیوەندی دایکایەتی لە رێگەی توخمی بایۆلۆجییەوە بە منداڵەکانییەوە دەیبەستێتەوە، یان لە رێگەی لەئەستۆگرتنی ئەرکی بەخێوکردن. مەرج نییە هەموو مێیینەیەک رۆژێ لە رۆژان ببێ بە دایک. 

دایک، سەرچاوەی خۆشەویستی و بایەخپێدانە، بەخشندەییەکی بێسنووری هەیە. لە مرۆڤدا بەردی بناغەی دروستکردنی خێزانە و کۆڵەکەی سەرەکیی مانەوەیەتی. ئامادەی هەموو جۆرە قوربانییەکە لەپێناو بەخێوکردن و مانەوە و پەروەردەکردنی منداڵەکانی. دایکایەتی؛ خاسیەتێکی باڵا و موکوڕە، بە هەموو شێوەیەک پارێزگاریی لە منداڵەکانی دەکات بۆ مانەوە و گەورەکردنیان. بەخشندەیە، بێ ئەوەی چاوەڕوانی پاداشت بکات. بەردەوامە لە بەخشینی خۆشەویستی بە منداڵەکانی و بەپێی قۆناغەکان رۆڵی جیاواز دەبینێ. 

چەند پێناسەی دایک بکەین لە رووی بەخشندەییەوە، هێشتا کەمە. دەیان پێناسەی جیاوازی بۆ کراوە، لە ئایینە جیاوازەکان و ئەفسانەکان و کۆمەڵگەی مەدەنیدا، هەموویان کۆکن لەسەر گرنگیی رۆڵی دایک و بەخشندەییەکەی.

گەنگەشەیەکی بەردەوام هەیە لەناو کۆمەڵگە جیاجیاکانی جیهان لەسەر رۆڵی ژن لەناوەوە و دەرەوەی خێزان، بەتایبەتی لەسەر کارکردنی ژن. دەرچوونی ژن بۆ کارکردن و پەیداکردنی بژێوی و سەربەخۆیی ئابووری، لە ناوەڕۆکدا زۆر دیار نییە و زۆربەی جاریش نەخوازراوە (تەنها لەو کاتانەی ژن بێوەژنە یان لێقەوماوە، ئەوسا لایان پەسەندترە)، پێیانوایە دوورکەوتنەوەی دایک لە ماڵەوە، کاریگەری خراپی دەبێ بەسەر ئەرکەکانی ناوماڵ و پەروەردەکردن و سەرپەرشتیکردنی منداڵەکان.

لایەنگران و دژەکانى کاری ژن، بەردەوام بەڵگە بۆ بۆچوونەکانیان دەهێننەوە و نەتوانراوە بە چەند وەڵامێک کۆتایی بەو بابەت و گەنگەشەیە بهێنرێت. دەیان لێکۆڵینەوە و توێژینەوە لەسەر ئەم بابەتە کراوە، لە هەموویان دەرکەوتووە چوونەدەرەوەی دایک بەمەبەستی کار و پەیداکردنی بژێوی، سوودبەخشە بۆ منداڵ و پەروەردەکردنیان، بە مەرجێک ئەگەر دایکەکە بتوانێ هاوسەنگیی هەردوولا رابگرێت. هەروەها دەرکەوتووە منداڵی ئەو ژنانەی کار دەکەن، لە ژیاندا سەرکەوتووتر و زرنگتر و لەسەرخۆترن، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت هەموو ئەو دایکانەی کار دەکەن منداڵەکانیان هەمان سروشتیان هەبێ.

تازەترین توێژینەوەی زانکۆی هارڤەردی ئەمەریکی، کە لە 24 دەوڵەت و لە سەرتاسەری کیشوەرەکاندا کراوە، دەرکەوتووە کاری ژن، منداڵە کوڕەکانی وا لێ کردووە جدی و هێمنتر بن و بایەخ بە کەسانی تر بدەن و زیاتر بەخت یاوەریان بووە کە کاری باشتر و پلەی سەرکەوتوو بەدەستبهێنن. ئەو توێژینەوەیە، کاریگەریی لەسەر مەودای دوور و نزیک دەرخستووە. 

بەپێی توێژینەوەیەکی تر کە لە زانکۆی واشنتۆن کراوە، دەرکەوتووە پەیوەندییەکی ئەرێنیی لەنێوان کاری دایک و بەدەستهێنانی پلەی زانستیی منداڵدا هەیە.

ئەو دایکانەی کار دەکەن، هەوڵی بەردەوام دەدەن منداڵەکانیان پلەى بەرزی خوێندن بەدەستبهێنن و ببن بە نموونەیەکی دیار.

دەرکەوتووە دایکەکان لەیەکترەوە فێری چۆنیەتی پەروەردە و چارەسەری کێشەی خۆیان و منداڵەکانیان دەبن، هەروەها دایکێک کار بکات، باشتر بایەخی پلەى زانستیی دەزانێ بۆ بەدەستهێنانی کاری باش و هانی منداڵەکانی لەو بوارەدا زیاتر دەدات. 

بەپێی سروشتی دایک، کاتێ لە دەرەوە دەبێ، جۆرێک لە هەستکردن بە دووریی لە منداڵەکانی لا دروست دەبێ، بۆیە ئەو کاتانەی کە لە ماڵەوە دەبێ، زیاتر کاتیان بۆ تەرخان دەکات و باشتر یارمەتییان دەدات. ئەوەش دەرکەوتووە کە چوار کاژێری چڕ لەگەڵ منداڵەکانی، سوودبەخشترە لە 12 کاژێری دوورودرێژی بێبایەخ.

هەروەها کاری ژن، ئاستی ئابووری و کۆمەڵایەتیی بۆ خێزانەکە باشتر دەکات. مووچەى ژن ئەگەر کەمیش بێ، یارمەتییەکە بۆ ئابووریی خێزان و گرنگە لە کاتی هەر رووداوێکی نەخوازراو. لە لایەکی ترەوە، جۆرێک لە هەستکردنە بە سەربەخۆیی و هەڵسەنگاندنی بۆ خۆی زیاتر دەبێ، ئارەزووی خۆپێگەیاندنی و گەشەی خود پەیدا دەبێ و گیانى پێشبڕکێی لا دروست دەبێ.

بە کۆی گشتی، بیرکردنەوە و بایەخدان بە زۆر شتی ژیانی لا گرنگ دەبێ. جگە لە هاوکاری و گەشەی ئابووریی خێزان، بەشدار دەبێ لە گەشەی کۆمەڵایەتیش. 

ئەم سەردەمە، سەردەمێکە ژیان قورستر بووە لە جاران و ئابووریی خێزان بەتەنها یەک کەس بەڕێوە ناچێ، گەشەی کۆمەڵایەتی بەیەک لایەنە ناکرێ و بەردەوامبوونی تیا نابێ.

لەگەڵ ئەمانەشدا، هەندێ لایەنی گرنگ هەیە دەبێ لەبەرچاو بگیرێ، بۆ ئەوەی کاری ژن نەبێتە هۆکاری ئاڵۆزیی ژیان. وەک: نابێ دواى لەدایکبوونی منداڵ، دایکەکە یەکسەر بچێتەوە سەر کار، چونکە منداڵ لەو تەمەنە بچووکەدا گرنگە لەدایکییەوە زۆر نزیک بێ بۆ ئەوەی لە رووی دەروونییەوە ئاسوودە بێ. لە دواى ساڵێک، منداڵ ئەرکە قورسەکانی کەم دەبێتەوە و دەتوانێ لە یەکێ لە دایەنگەکان هەندێ کات بەسەرببات. گرنگە دەوڵەت زۆر بایەخ بەو لایەنە بدات بۆ هاوکاریی دایکانی ئیشکەر. هەروەها باشتروایە دایەنگەکە نزیک بێ لە کارەکەیەوە. 

باوکیش دەبێ بەشی خۆی لە ئەرکی بەخێوکردن و پەروەردەکردن هەڵبگرێ، چەند دایک گرنگە بۆ منداڵ، باوکیش بەهەمان شێوە.

هەروەها زۆر گرنگە ئەو دایکانەی کار دەکەن، لە کارەکانیان رازیبن و لە رووی دەروونییەوە ئاسوودە بن، بۆ ئەوەی بارێکی قورس نەبێ بەسەریەوە و کاریگەری نەرێنیی نەبێ و بکەوێتە دەربڕینی ناڕەزایی و ناڕەحەتی و بۆڵە و کاریگەری لەسەر کەشی ئارامی ناوماڵ بکات.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan