نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

زیانە تەندروستییەکانی خۆڵبارین

خۆڵبارین جگە لە سروشتە بێزارکەرەکەی، چەندین کاریگەریشی لەسەر سروشت بەگشتی و مرۆڤ و بوونەوەرەکان بەتایبەتی هەیە، لەوانە: کاریگەری لەسەر باری تەندروستیی مرۆڤ.
لێکۆڵەرەوەکان زیاتر بایەخیان بەو گەردیلانەی تۆز داوە کە قەبارەیان لە (2.5) مێکرۆن "بۆ ئەوەی خوێنەر لەو پێوەرە تێبگات، چێوەی تاڵەقژی مرۆڤ 50 مێکرۆنە" بچووکترە؛ یەکەم، بەهۆی سووکیی کێشیان و بچووکیی قەبارەیان، باهۆزەکان هەزاران کیلۆمەتر هەڵیاندەگرن و دەیانگوێزنەوە. دووەم، ئەگەری هەڵمژینی لە رێگەی هەناسەدانەوە و چوونی بۆ ناو سییەکان زیاترە لە گەردیلە گەورەکان، چونکە لە کاتی باهۆزدا چڕیی تۆزی ئەو جۆرە گەردیلە بچووکانە دوو هێندە زیاترە. چەندێک ئەو قەبارەیە بچووکتر بێت، ئەوەندە ئەگەری زیاترە بەبێ رێگری لە بەشەکانی سەرەوەی کۆئەندامی هەناسەوە بچێتە ناو سییەکان. ئەوانەی کێشەی هەناسەتوندی و هەستیارییان هەیە، بەهۆی دووبارەبوونەوەی بەردەوامی تۆز و خۆڵبارینەوە؛ کێشە تەندروستییەکانیان ئاڵۆزتر و زیاتر دەبێت.
توێژینەوە تازەکان دەریانخستووە، جگە لە کاریگەرییە نەرێنییەکان لەسەر کۆئەندامی هەناسە؛ تۆز و خۆڵبارین سەرچاوەن بۆ گواستنەوەی نەخۆشییە درمییەکان و دەریانخستووە گەردیلەى تۆز دەتوانێت پاشماوەی خانەکان و کەڕووەکان هەڵبگرێت، هەروەها دەتوانێت لە سەدا چلی بەکتریا مەترسیدارەکان بگوێزێتەوە بۆ ناو سییەکانی مرۆڤ، کە ئەگەر هەیە ببێتە هۆی هەوکردنی سییەکان.

ئەو زانیارییانەی پشتڕاست کراونەتەوە لەلایەن رێکخراوی تەندروستیی جیهانییەوە، ئەو باهۆزە خۆڵییەی لە ساڵی 1996 لە ناوچە بیابانییەکانی ئەفریقا رووی دا، بوو بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای هەوکردنی پەردەی مێشک (پەتای سەحایا) و 250 هەزار کەس تووش بوون و 25 هەزار کەسیش مردن. بەهۆی ئەوەی تۆز ئەو بەکتریایەی هەڵگرتووە، لە رێگەی هەناسەهەڵمژینەوە ئەگەری تووشبوون بەو نەخۆشییە زیاتر بووە. هەروەها لە لێکۆڵینەوەیەکی تردا لە چین و تایوان، کە لەسەر نەخۆشەکانی بەشەکانی: سی، لووت، دڵ و چاو لە نەخۆشخانە فریاگوزارییەکان کردوویانە، دەرکەوتووە لە کاتی خۆڵباریندا زۆر رێژەی ئەو جۆرە نەخۆشییانە زیادیان کردووە. هەروەها لە هەمان لێکۆڵینەوەدا دەرکەوتووە کە خانەکانی سی و دڵ و جگەر بەهۆی گەردیلە بچووکەکانی (2.5) مێکرۆنی، رێژەی ژەهراویبوونیان زیادی کردووە.
ئەوانەشی کە نەخۆشیی دڵیان هەیە و زۆر تووشی تەنگەنەفەسی دەبن و ئازار لە سنگیاندا پەیدا دەبێت، مەترسی دەکەوێتە سەر ژیانیان. 
لە کاتی خۆڵبارین، رێژەی ئۆکسجین لە هەوادا کەم دەکات و وا دەکات رێژەیەکی کەمی ئۆکسجین بچێتە سییەکانەوە، ئەویش ئۆکسجینی کەم دەنێرێتە ناو خوێن و لەوێشەوە بۆ شاخوێنبەر و دواتر بۆ ناو ماسوولکەکانی دڵ.

یەکێکی تر لەو نەخۆشییانە؛ هەوکردنی چاوە، بەتایبەتی لەو کەسانەی کە هەستیارییان هەیە. 
هەندێک جار ئەمانە دەبنە هۆی تێکچوونی خەو و دڵەڕاوکێ و زۆر جار لە کاتی دووبارەبوونەوەی خۆڵبارین بە رێژەیەکی زۆر؛ تووشی دڵتوندی و کێشەی دەروونی دەبنەوە، بەتایبەتی بۆ ئەوە کەسەی جۆرێک لە راڕایی پاکوخاوێنییان هەیە.
هەر لەبەر ئەم هۆیانە، خۆپارێزی بۆ هەر تاکێک پێویست و گرنگە لە کاتی خۆڵباریندا.

خ. غ.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan