نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

خۆڵبارینە پێوانەییەکان

کاتێک باس لە خۆڵبارینە بەهێزەکانی سەر گۆی زەوی دەکەین، هەر جارە بە رەنگێک ناوزەند دەکرێن: هەوری رەش، قاوەیی، نارنجی، سوور، خۆڵەمێشی... ئەو رەنگانە هەموویان دەشێن بەپێی ناوچەکە و جۆری خۆڵبارینەکە، هەروەها بەهۆی پەرشوبڵاویی رەنگەکانی شەبەنگی شەپۆلە درێژەکان، وەک: سوور، زەرد، نارنجی... بەهۆی بوونی چڕیی گەردیلەکانی خۆڵ لە بەرگەهەوادا، هەروەها بەهۆی بوونی هەور لە ئاسمان پێش خۆڵبارینەکە.

- یەکەم خۆڵبارینی چڕ، کە زاناکان وەک بەڵگەیەک تۆماریان کردبێت؛ هەرچەندە تا ئێستاش گەنگەشەی لەسەرە، خۆڵبارینێکی چڕی بیابانی میسرە لە (500 پ.ز). لە کاتی گەڕان بەدوای نەوت لەو بیابانەدا، پاشماوەی ئەو هێزەی قەمبیزی دووی پاشای ئەخمینییەکانی ئیمپراتۆریەتی فارس دۆزرایەوە کە بەمەبەستی داگیرکردن هاتوونەتە ئەو ناوچەیە. مەزەندە دەکرێت ئەو هێزە 50 هەزار شەڕکەر بووبن و هیچ شوێنەوارێکیان نەماوە لەو بیابانەدا و بەهۆی ناساوە توانراوە چەک و ئێسک و ئاسەواریان بدۆزرێتەوە. زاناکان دەڵێن بەهۆی خۆڵبارینێکی بەهێزەوە داپۆشراون و نەماون. 

- یەکێکی تر لەو باهۆزە بەهێزانەی خۆڵبارین کە تۆمار کراون و باسیان لێوە دەکرێت، ئەوەی لە مێژووی نزیکدا روویان داوە، دیارترینیان ئەو باهۆزە بەهێزە خنکێنەرەی خۆڵبارینە، کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ساڵانی سییەکاندا روویداوە و ناوچەیەکی زۆری لە تەکساسەوە بۆ نبراسکا گرتووەتەوە و بووە بەهۆی کوشتنی رێژەیەکی زۆری مرۆڤ و مەڕوماڵات لەو ناوچەیەدا، هەروەها کشتوکاڵیشی دواخستووە و نەیهێشتووە، بەتایبەتی دانەوێڵە. ئەمەش بوو بەهۆی برسێتییەکی گەورە، وای کرد زۆرێک لەو خێزانانەی کە سەرقاڵی کشتوکاڵ بوون، ئاوارە بن و لە شوێنی تر بەدوای کاردا بگەڕێن. هۆکارە سەرەکییەکانی ئەو باهۆزە، بریتی بووە لە: وشکەساڵی بۆ ماوەی چەند ساڵێک بەدوای یەکدا، هەڵەی سیاسەتی فیدراڵی لە دابەشکردنی زەوی، هەروەها کەمیی رۆشنبیری لە بەکارهێنانی ئاو و زەوی و خراپ بەکارهێنانیان... ئەو خۆڵبارینانە لە (1930 – 1938)ی خایاندووە و بە یەکێک لە خراپترین کارەساتەکانی ژینگە لە مێژووی جیهاندا ئەژمار دەکرێت، کە بووە هۆی ئەوەی 20 ملیۆن هێکتار زەوی، بەتایبەت لە ناوچەکانی: کۆلۆرادۆ، نیومەکسیکۆ، ئۆکلاهۆما و تەکساس لەناو بچێت. ئەو ناوچەیەی بووە هۆی خۆڵبارینەکە، بە "قاپی خۆڵ – Bowl dust" ناوزەند دەکرێت.

- یەکێکی تر لە باهۆزە بەهێزەکان، باهۆزی خۆڵبارینی گەورەی بەیکەر سفێڵدە، کە لە 19ی کانوونی یەکەمی 1977 لە باشووری کالیفۆرنیا رووی دا.
- هەروەها راپۆرتێکی دەیلی مەیلی بەریتانی، باس لە باهۆزە بەهێزەکانی جیهان دەکات، لەوانە: ئەو باهۆزە رەنگ رەشەی کە لە رووسیای سپی رووی داوە و رۆژی لێ کردوون بە شەوی تاریک. هەروەها ئەوەی لە رۆژئاوای باکووری چین دنیای سوور کرد، کە باهۆزێکی زۆر توند بووە.
- لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەندین باهۆزی بەهێز روویان داوە، لەوانە: لە ئوردن، سعودیە، عیراق، ئێران، ئیسرائیل، فەلەستین، لوبنان و میسر...
لە هەندێک لەو باهۆزانەی کە لە سعودیە و ئیمارات روویان داوە، بە حەوت رۆژ گەیشتوونەتە هیندستان و پاکستان.
لە مێژووی میسردا چوار خۆڵبارینی بەهێز هەیە، بوونەتە هۆکار بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی، لەوانە: سەحایا، کۆلێرا و مەلاریا... لە ساڵەکانی 1997، 2005، 2007، 2015. جگە لەو باهۆزە پێوانەیی و بەهێزانە، هەزاران خۆڵبارینی نەرمتر لە جیهاندا روو دەدەن.
لەو شوێنانەی کە خۆڵبارینی بەهێز تیایاندا روو دەدەن:
فوجی، بەیجین، نیومەکسیکۆ، ئەگادیر، نەیجیریا، خەرتوم، کنساس، ئایسلاند، ئوسترالیا، یوتا، ئیتاڵیا، هارمتان لە گینیا، لە لای ئەهرامەکانی جیزەی میسر، عیراق و ئێران... ئەم ماوەیەش بەهێزترین باهۆز لە عیراقدایە.

بۆ یەکەم جاریشە کە لە کوەیت بەو بەهێزییە دروست بێت. عیراقیش چووە لیستی ئەو وڵاتانەی خۆڵبارینی بەهێز بیگرێتەوە. 
لەو پەنجا ساڵەی دوایی، دیاردەی خۆڵبارین زۆر زیاتر بووە بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤەوە.

خ.غ
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan