سۆزان  حەمەتاتە

سۆزان حەمەتاتە

گەڕانەوە بۆ گوند لەپێناو بنیاتنانی شار و گەشەکردندا

گەڕانەوە بۆ گوند مانای چۆڵکردنی شار و دەستبەرداربوونی نییە، بەڵکو زەمینەسازییە بۆ وەستان لەسەر گرنگیی خۆژێنی و بنیاتنانی ژێرخانی کشتوکاڵی و ئاژەڵداریی هەرێمی کوردستان، کە ئەوەش هەنگاوی گرنگە بە ئاراستەی دوورخستنەوەی مەترسییە ئاییندەییەکان لەپێناو خەڵکی ئێستا و نەوەکانی داهاتوودا.

لەپێش جینۆسایدی ئەنفالی ساڵی ١٩٨٨، زۆرینەی گوندەکانی کوردستان خۆژێن بوون، نەک هەر ئەوە بگرە سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی پێداویستییەکانی شۆڕش و بزووتنەوەی ئازادیخوازیی خەڵکی کوردستان بوون، هەردوو کەرتی کشتوکاڵی و ئاژەڵداریی برەوی باشیان هەبوون و هەم پێداویستییەکانی خۆیان دابیندەکرد هەمیش بەشێکی کەمیان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی دیکەیان دەفرۆشت، ئیتر چی لە چوارچێوەی گوند و دەوروبەرەکەی بووایە یان بۆ بازاڕەکانی شارە نزیکەکان بنێردرایە و ساغ بکرانایەتەوە.

خۆژێنیی گوندەکان بەو کەرەستە کەمەی بەردەستیان کە هەیانبوو ئەزموونێکی جوانی کوردەوارییە لەپشتبەستن بە خۆ نەک دەرەوە، هەر ئەوەش یەکێک لەو هۆکارانە بوو کە رژێمی بەعس جینۆسایدی کردن و کۆتایی بە ئەزموونی خۆژێنیی گوند و پاڵپشتییەکانیانی بۆ شۆڕش هێنا و لەو کاتەشەوە تائێستا ئەو ئەزموونە قۆناغی دووەمی بەخۆیەوە نەبینیوە یان دەستیپێنەکردووەتەوە.

بۆ دەستکردنەوە بە ئەزموونی خۆژێنیی گوندەکان کە ببێتە سەرچاوە بۆ شار و بنیاتنانی ژێرخانی هەردوو کەرتی کشتوکاڵیی شار و وڵات، ئەرکی سەرەکی لەسەر شانی حکومەتە بە قۆناغ و بوودجەی زۆر و لە چوارچێوەی پرۆژەیەکی ستراتیژیی درێژخایەندا، گوندەکان بژێنێتەوە و خزمەتگوزاریی پێوستیان بۆ دابینبکات، ئەمە دەبێتە سەرەتایەکی گرنگ بۆ دروستکردنی ژێرخانێکی وا وردە وردە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان پڕبن لە بەرهەمەکانی ئەو دوو کەرتە کشتوکاڵییە و کۆتایی بە کۆچکردن لە گوندەوە بۆ شار بهێنرێت.

بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان پڕن لە بەرهەمی وڵاتانی درواسێ و وڵاتانی دیکەیش، لەکاتی دروستبوونی بچووکترین قەیرانی سیاسی و ئەمنیدا بارگرانیی زۆر لەسەر خەڵکی هەرێمی کوردستان دروستدەبێت، گرانی و کەمبوونەوەی پێداویستییەکانی خەڵک دەبێتە دیاردە و ئەمەش زۆرجار وەکو کارتی گوشار بەرانبەر هەرێمی کوردستان بەکارهێنراوە، تا ئەو ئەندازەیەی لە هەڕەشەوە کراوە بە کردار.

گەڕانەوەی حکومەت بۆ گوند و خستنەگەڕی سیاسەتی پێشخستنی گوندەکان و کەرتەکانی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری، وادەکات کوردستان قۆناغێکی باش بچێتە پێشەوە و سەرکەوتووبێت لە سیاسەتی خۆژینی، ئەمە دروستترین سیاسەتە و زەمینەی سەرکەوتنێشی هەیە ئەگەر حکومەت نە تەواوەتی پشتیوانیی بکات.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan