سۆزان  حەمەتاتە

سۆزان حەمەتاتە

رۆژێک بۆ کرێکار و رۆژەکانی تر بۆ کرێکاری

یادکردنەوە یان دیاریکردنی رۆژێک بۆ بۆنەی جیهانیی چینێک، تەنها راگوزەرێکە و رەنگە هیچ لە بابەتەکە نەگۆڕێ، بیرخستنەوەیەکە بێ ئەوەی ببێتە هەنگاوێکی جدی بۆ وەدەستخستنی مافەکانی زیاتری چینەکە، دەنا حکومەت و رێکخراوە کرێکارییەکانیش دەزانن بارودۆخی کرێکاری کورد چۆنە و نە مافی وایان هەیە و نە دەستەبەری ژیان.

لە هەرێمی کوردستان، بگرە ناوچەکەش زۆرینەی رێکخراوە پیشەیی و جەماوەرییەکان وابەستەی حزبەکانیان، خۆم ماوەی چەند ساڵێک بەوردی کارم تێداکردووە و لەوە گەیشتووم بوونی ئەو رێکخراوانە زیاتر بۆ کۆکردنەوەی دەنگ و بازاڕکردنە بۆ حزبەکان زیاتر لەوەی بۆ پاراستن و وەرگرتنەوەی مافەکانیان بێت.

خەباتی پیشەیی ئاستەنگی زۆری لەبەردەمدایە، ئاسان پێشناکەوێ و کاریگەریی دروست ناکات، یەکێک لە بەربەستەکان دابەشبوونی چینەکانە بەسەر رەنگ و ئایدۆلۆژیای حزبەکاندا، ئەوە وایکردووە پەرتەوازەبن تەنانەت لەسەر داواکاری و مافەکانی خۆشیان، بۆیە تائێستا نەیانتوانیوە ببنە کارتی فشار و حزبەکان و حکومەت ناچاربکەن ئاوڕی جدییان لێ بدەینەوە.
 
لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی زۆر کرێکار هەن، دوو کێشەی گەورە بەرۆکی گرتوون کە هاوکات بووەتە هۆکاری بێ ماف بوونیان:
یەکەم: حکومەت لە رێگەی یاسایەکی یەکسانیخواز و دادپەروەرانەوە نەیتوانیوە دەستەبەری مافەکانی کرێکار بکات، بیمەیان وەکو پێویست نییە و ستەمیان لێ دەکرێ.
دووەم: زۆرینەی سەرمایەدار و بازرگان و خاوەنکارەکان، نادادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ کرێکاران دەکەن، کرێکانیان بەراورد بە کار و ماندووبوونیان نادادپەروەریی زۆری تێدایە، بۆیە ژیانی خێزانی کرێکارانی هەرێمی کوردستان زۆر خراپە و ئەوەش تووشی کێشەی زۆری کردوون.
 
ئەرکی سەرەکی لە بارودۆخێکی نادادپەرانەی وادا زیاتر لە ئەستۆی کرێکاران خۆیانە، بۆ ئەوەش گرتنەبەری چەند رێگە و هەنگاوێک گرنگن لەلایەن کرێکارانەوە:

یەکەم: خۆڕێکخستنەوەیان و دانانی بەرنامەیەکی کرێکاریی روون.
دووەم: خۆپیشاندانی سەرتاسەری و دروستکردنی فشار لەسەر دەسەڵات بۆ وەرگرتنەوەی مافەکانیان.
سێیەم: مانگرتن و نەچوونە سەر کارەکانیان بۆ لابردنی جیاوازیی لەنێوان ماف و کرێکانیان.
چوارەم: کارنەکردنیان لە هیچ کارگە و شوێنێک تا دانانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و سەرجەم پێداویستییەکانی کاتی کارکردنیان، هەروەها دەستەبەرکردنی مافی خانەنشینبوونیان.
 
چینی کرێکاران لە جیهانی مۆدێرندا، چینێکی خاوەن کاریگەریین، توانای دروستکردنی فشاری زۆریان لەسەر دەسەڵات هەیە بۆ هەر گۆڕانکارییەک کە مافەکانیان زیادبکات ببێتە هۆی باشترکردنی ئاستی ژیان و بژێویان، بۆیە لە رۆژێکی وادا ئەرکی سەر شانی کرێکارانە کەوا دەنگ هەڵبڕن و بەدەستی خۆیان مافەکانیان وەربگرنەوە و چیتر چاوەڕێی حکومەت و حزبەکان نەکەن.

خ.غ
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan