هیوا  محەمەد

هیوا محەمەد

بۆ دادگای فیدراڵی: هەر ئەمە نایاسایی بوو؟

لە هەرێمی کوردستان، لە دوای نەمانی رژێمی بەعسەوە تائێستا، دەیان پێشێلکاریی نایاسایی لەلایەن دەستەباڵاکانی حوکمڕانیی هەرێمەوە کراوە، بەداخستنی ئەو پەرلەمانەی کە د.یوسف محەمەد سەرۆکی بوو تا فرۆشتنی ملیۆنان بەرمیل نەوت و دیارنەمانی داهات لەسەر دەستی گرووپێک بە سەرپەرشتی وەزیری سامانە سروشتییەکانی ئەوکات، پێشێلکردنی ئازادیی رادەربڕین و لە زیندانخستنی چالاکوانان و تیرۆرکردنی کەسایەتییەکان، رێگەدان بە سوپای بێگانە بۆ هاتنەناوەوەی هەرێم و کردنەوەی دەیان مۆڵگە و سەربازگە، خواردنی دەیان ملیۆن دیناری مووچەی فەرمانبەران بەناوی پاشەکەوتەوە.

هەموو ئەمانە و زۆری دیکەش لەم هەرێمەدا کراوە کە لەدوای نەمانی رژێمی عیراقەوە لە ناو ئیتیحادی فیدراڵیدایە و دەستووری بۆ دانراوە.

هەمان ئەو دادگا فیدراڵییەش هەبوو کە ئێستا خۆی قووتکردووەتەوە و هەنگاو و بڕیارەکانی خوودی پەرلەمانی هەرێم بەنایاسی دەناسێت، پەرلەمانیك کە نوێنەرەکانی هی خەڵکی هەرێمن.

چەندین خوولی پەرلەمانی رەتبووە و 11 کورسی کۆتاکان بە نادادپەروەریی دەڕوات و لە بەرژەوەندیی پارتییە، کەچی دادگا نەهاتە دەنگ و بڵێت ئەوە نابێت.

دەیان تەزویر ئاشکراکران کە لە سندوقی دەنگدان کراوە، کەچی دادگای فیدراڵی هیچی نەوت.

نزیکەی 700 هەزار کەسی دانیشتووی هەرێم لە لیستی تۆمارکراوی دەنگدەرانی عیراقدا نییە، کەچی دادگا نایەت لەمە بکۆڵێتەوە و بڵێت ئەوانە کێن و چەند ساڵە چۆن دەنگیان داوە؟

سلێمانی لەلایەن سەرۆکی حکومەتەوە پشتگوێ خراوە و زۆرینەی پرۆژە خزمەتگوازرییەکان راوەستاون و خەرجییان نادرێتێ، دادگای فیدراڵییش ناڵێت ئەمە نایاساییە.

چەندین ساڵە نەوتی هەرێم دەفرۆشرێت و داهاتی نادیارە، رێکەوتنی ژێر بەژێری 50 ساڵە لەگەڵ تورکیا کراوە کە بەپێی ئەوە نەوتەکە هەرزانفرۆش دەکرێت بە تورکیا، وەک دەڵێن لە تورکیاوە لێشی بە هەرزان فرۆشراوە بە ئیسرائیل، لە هەموو ئەمانە دادگا بێدەنگە، بەڵام لەسەر داوا و سکاڵای پەرلەمانتارێک دێت و ئەوەی لە زیانی هەرێمە دەیکات.

بێ تەوافوقی یەکێتی و پارتی ناکرێت
یەکێتی و پارتی ئەم هەرێمە بەڕێوەدەبەن نەک دادگای فیدراڵی، ئەگەر ئەم دووانە نەگەنە ئەنجامێکی دروست و بڕوایان پێی نەبێت، پرۆسەی بەڕێوەبردن سەرکەوتوو نابێت و هەڵبژاردن ناکرێت، ئەگەر بشکرێت یەک لایەنەی ناسەرکەوتوو دەبێت و ئاژاوە و تێکچوونی دۆخەکەی لێدەکەوێتەوە.

چاوەڕوانی خراپتر دەکرێت
بڕیارەکانی داداگای فیدراڵی عیراق بەدوای یەکدا دێن و خراپتر و قورستری بەدواوەیە و خەڵکی هەرێم تووشی شۆک دەکات، چونکە هەموو دامودەزگاکانی هەرێم بە هەر سێ سەرۆکایەتییەکەشەوە پابەندی حوکمڕانییەکی دیموکراسییانە بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە نین و گەندەڵی و خۆ سەروەتمەندکردن لەسەر قووتی خەڵک بەردەوامە و گەیشتووەتە ئاستی مافیاگەریی و هەرکێ لە ماڵی پاشاوە نزیک بێت، ئەوا دەبێتە سەرمایەدار و کەسیش ناتوانێت بڵێت ئەمەت لە کوێ بوو.

دادگای فیدراڵی بڕیاری سەختتر دەردەکات، چونکە سیاسییەکانی عیراق سکاڵا لەسەر هەرێم تۆمار دەکەن کە رێگەیداوە بە سوپای تورکیا دەیان سەربازگە بکاتەوە، بەمەش سەروەریی عیراق لە رێگەی هەرێمەوە دەبەزێنن.

کێشەی هەولێر و بەغدا  لەسەر ژمارە حسابی بانکییە!
کێشەی هەولێر لەگەڵ بەغدا لەسەر ئەوەیە ئەو ژمارە حسابەی پارەی نەوتەکەی دەچێتە سەر بەناوی کێوە بێت؟ نەک ئەوەی سەروەریی هەرێم لای بەغدا تا چەندە دانیپیادا دەنرێت.

زۆرمان وت لەم بارانەوە، دە ساڵ دەبێت پێم وابووە قەوارەی هەرێم کە ئێستا هەیە لە خزمەتی چەند کەس و دەستەیەکە کە تادێت ملیارەها دۆلار زیاتری لێوە بەدەستدێنن، نەک لە خزمەتی خەڵک و دۆزی نەتەوەیی، نەخێر هیچ پەیوەندیی بە سەروەریی نەتەوەییەوە نییە، بڕیارە یەک لەدوای یەکەکانی دادگای فیدراڵی و کۆتکردنی حکومەتی هەرێم و لێسەندنەوەی دەسەڵاتە ئابوورییەکانی لە فرۆشتنی نەوت، شتی دیکەی بەدوادا دێت، لەدوای ئابووریی نۆبەی سەربازیی و ئەمنی دێت، جا ئەوکات گەمەکە خۆشتر و گەرمتر دەبێت، ئەوەش لێی دەردەچێت گیرفانپڕەکانە و زەرەرمەندیش هەر گەلە کە گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی ئامادەی قوربانیدان نییە و خۆی بە کوشت نادات بۆ سفر هیچ بەدەستەوە و تۆرکردنی قۆناغێکی دیکە لە قوربانیدان، ئاشتکردنەوەی خەڵک بەم جۆرە نابێت، ئەوەی دوای سیاسەتی هەڵە دەکەوێت، هێندەی بکەری هەڵەکە تاوانبارە، چونکە بە دەنگ و پشتی ئەو دەتوانێت بەردەوام بێت لە گەندەڵی و هەڵە، پشتیان تێبکەن تا تەنها دەمێننەوە!

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan