هیوا  محەمەد

هیوا محەمەد

ژنی کورد خۆی لە کەناری پیشە قورسەکان نادات

زۆرێک لە ژنانی کورد کە باسی مافەکانی خۆیان دەکەن، یەکەم قسەیان فراوانکردنی رۆڵی ژنە لە دامودەزگا حکومییەکان و شوێنە هەستیار و سیادییەکان.

ئەمە گونجاوە و لام سەیر یان جێی رەخنە و وەڵامدانەوە نییە، ژنیش وەک پیاو دەتوانێت لە هەموو کایەکانی ژیاندا بەشداربێت بێ جیاوازی.

ئەگەر لە ناو هێڵی شەمەندوفێری هەریەک لە هۆڵەندە و ئەڵمانیادا بە گریمان 1000 شۆفێر هەبێت، رەنگە بڵێم زیاتر لە نیوەیان ژنن، هەروا لە کاپتنی کەشتی و فڕۆکەدا زۆرن.

کۆمەڵگەی کوردەواریی بەهۆی هەژموونی ئایینییەوە بەدوورە لە کارکردنی ناو بازاڕ و خەڵک، بۆیە تەنها کارمەندی فەرمانگەکان و پەروەردە و بواری تەندروستی و هەندێک پیشەی تر هەڵدەبژێرن، بەڵام لە ناو پیشە گشتییەکاندا نین، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ خۆیان کە نایانەوێت بێنە ئەو مەیدانەوە.

ژنان کە دەڵێن لەگەڵ پیاو جیاوازیمان نییە، دەبێت بە کردەوە دەریبخەن کە جیاواز نین.

بوونی ژنان لەناو بازاڕی کارکردندا وێنای کۆمەڵگە دەگۆڕێت لە دواکەوتووەوە بۆ پێشکەوتوو.

دەبوا لەناو پیشەکانی نانەوایی، ئاسنگەریی، دارتاشی، کارەباچی، بەرگدروو، میوەفرۆشی، بازرگانی و قوماشفرۆشی، نووسینگەی خانووبەرە، بازاڕی مامەڵەی دراو، قەساب و ماسی و مریشکفرۆش، هەموو دوکانەکانی تر لە گوزەرەکانی ناو بازاڕ و گەڕەکەکان، ژن هەبووایە و ئەو پیشانەی بکردایە.

ئەگەر رێژەی ژن لەم کارانەدا بگاتە ئاستی نیوە، ئەوا دۆخی ژن گۆڕانکاریی بەسەردا دێت.

دەبێت ژن خۆی بخزێنتە ناو بواری کشتوکاڵ و پیشەسازییەوە، نەک هەر پیشە خاوێنەکانی تر.

ژنی کورد کە باسی خۆی دەکات دەڵێت ئێمە چیمان کەمترە لە ژنانی جیهان؟ کە وادەڵێن پێیانوایە ئەمان لە پاش بەجێماون و ژنانی تر هەموو شتێکیان هەیە، ئەگەر بیرێک لەو ژنانە بکەنەوە کە لە لووتکەی باکووری زەوی و سیبیریا دەژین، بۆیان دەردەکەوێت کە خۆیان لە چ خۆشییەکدا دەژین و ژیانیان چەندە بە ئاسانی و بێ زەحمەتکێشان بەڕێوە دەچێت.

لە وڵاتانی ئەفریقا بەسەر و خوارییەوە، لە کەمبۆدیا و لاوس و ڤیتنام، هیند و پاکستان، ئەندەنوسیا و مالیزیا، بەنگلادش و نیپاڵ، ملیۆنەها ژن لە کەمترین مافەکانیان بێبەشن، تەنانەت ژیانێکی ئاساییان نییە کە بتوانن بڵێن ئێمە ماڵێکمان هەیە و تێیدا دەژین، ئەوان لەناو گەرمەی پیشە سەختەکاندان، لەپاڵیشیدا منداڵ بەخێو دەکەن و ماڵدارییش دەکەن.

ئەو رێکخراو و حزبانەش کە داکۆکییان لێدەکات، دەتوانێت بە ئاسانترین شێوە کۆیان بکاتەوە، چونکە ئامانجی هاوبەشیان هەیە، کێشەکانیان روون و واقیعییە.

گلەییەکانی ژنی کورد زۆربەیان لە چەند خاڵێکدا کۆدەبێتەوەکە بریتیین لە :
-      بۆچی ئێمە نابینە وەزیر؟ بۆچی کاندیدمان ناکەن بۆ پەرلەمان؟ بۆچی نابینە ئەندامی مەکتەبی سیاسی؟ بۆ نەبین بە سەرۆکی حزب و سەرۆک وەزیران؟

خۆشیان بە زۆرینەی رەهایان لەو پیشانەدا کە دەبێت خاوەنی بڕوانامەبن کاردەکەن و خۆیان لە قەرەی بازاڕ نادەن، تا ئەمەش نەکەن ناتوانن ئەو یەکسانییەی نێوانیان لەگەڵ پیاو بسەپێنن، دەبێت ژن وەک پیاو ماندوو بێت و خۆی بە واقعی پیشان بدات کە وەک پیاوە، ئەوکات خۆی دەخزێنێتە ناو هەموو شوێنە هەستیارەکانی بەڕێوەبردن لە حزب و حکومەتدا.

 
خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan