سۆزان  حەمەتاتە

سۆزان حەمەتاتە

تۆفان و شمشێر لە سەدەی بیست و یەکدا

هەڵگیرسانەوەی شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل دەرفەتێکی دیکە واڵاکرد بۆ رشتنی خوێن و هەڵکشانی تووندڕەوی، لەو نێوەدا مرۆڤی زۆر دەبنە قوربانی، بازاڕی چەک و شەڕخوازیی گەرمتر دەبنەوە کە لە ساڵی 1948ەوە هیچ هەوڵ و دەستپێشخەرییەک نەیتوانیوە کۆتایی پێبهێنێت، ئەم شەڕەش زیاتر رێگەکانی چارەسەری دادەخات.

هەر گەلێکی خاک زەوتکراو مافی خۆیەتی، بگرە ئەرکیشە لەسەری خەبات بکات بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و سەربەخۆیی، بەو مەرجەی رێگەی هەڵە بۆ ئامانجە راستەکە هەڵنەبژێرێت، کوش و کوشتار نەکاتە نەریتی خەباتەکەی، بەڵکو میکانیزمی گونجاو بکاتە شاڕێگەی بەردەوامیی خەباتەکەی، ئەوکات رێگەی دووری سەرکەوتنیشی نزیکتر دەبێتەوە.

شەڕی حەماس و ئیسرائیل بووە سەرەتایەکی خوێناویتر لەوەی پێشووتر، تووندوتیژیی تیایدا گەیشتووەتە لووتکە، سەدان کوژراو و هەزاران بریندار هەن، چرکە بە چرکەش ئامارەکانی شەڕ هەڵدەکشێن، هەردوولاش شەڕەکەیان بە گشتگیر و یەکلاکەرەوە ناودەبەن، مێژوویەکە خوێن دەینووسێتەوە.

هێرشە لەناکاوەکەی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی کەوا کەرتی غەزەی کردووەتە پەناگە، پڕبوون لە رەفتاری نامرۆڤانە، بەتایبەت کوشتن و ئەشکەنجەدای دیل لەناویشیاندا ژن، ئەوە بە هەموو پێوەرێک دەجێتە چوارچێوەی تیرۆرەوە، خەباتی بزووتنەوەکەش دەخاتە ژێر پرسیاری جدییەوە.

هەرچی ئیسرائیلە بەهۆی بۆوردوومانەکانییەوە، دەیان منداڵی بێ تاوانی کوشتووە، ئەوەش بە هەمان پێوەر رەفتاری نامرۆڤانەیە و مافی بەرگریی لەخۆ کردنی رەوا دەشێوێنێ و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش دەبێتە هۆی لەدەستانی پشتیوانی.

حەماس بەشێوەیەک کاردەکات گومان لە رەوایی شەڕەکەی بکرێت، لەبری ئەوەی بنرخێنرێ، تۆمەتی شەڕی بەوەکالەتی دەخرێتە پاڵ، هەر ئەوەشە وایکردووە کەمتر پشتیوانی بکرێت، بەڵکو زیاتر سەرکۆنە دەکرێت.

کۆتاییهاتن بەو شەڕەی ئێستای نێوان حەماس و ئیسرائیل دیار و روون نییە، بەڵام ئەوەی روونە مرۆڤی زۆری تیادا دەبێتە قوربانی، ژێرخانی مرۆیی و ئابووری بەتەواوەتی دادەڕمێ و لەناودەچێ، بۆ دەیان ساڵی دیکەش ئاسەوارە نەرێنییەکانی لاناچن و دەبێتە مێژوویەکی رەش.

تارمایی یان شەڕی گەرم رووبکاتە هەرکوێ، ژیان و مرۆڤ و بەهاکان تیایدا لەناودەچن، 75 ساڵی شەڕی نێوان فەلەستینییەکان و ئیسرائیل مێژوویەکی لە خوێن دروستکردووە، سەدەی بیست و یەک کەوا گومان دەکرا ئاشتی لەگەڵ خۆی بهێنێت، کەچی ئیسرائیل و فەلەستینییەکان ناوی "تۆفانی ئەقسا" و "شمشێری ئاسنین"یان لێناوە و پڕیان کرد لە تەرم و بۆنی خوێن و جەستەی ئەنجن ئەنجن کراو، ئەوەش بۆ مرۆڤایەتی زیانی زۆر گەورەیە.

خ.غ
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan