د.نازەنین عوسمان

د.نازەنین عوسمان

پێویستیی بەیاساییکردنی لەباربردنی ئارەزوومەندانەی کۆرپەلە

لەبارچوون، پرۆسێسێکە بەبێ خواست، کۆرپەلە لە منداڵدان جیا دەبێتەوە و دێتە دەرەوە پێش ئەوەی بگاتە ئەو تەمەنەی توانای مانەوەی لە ژیان هەبێت لە دەرەوەی منداڵدان.

هەرچی لەباربردنی ئارەزوومەندانەی کۆرپەلەیە؛ کۆتاییهێنانێکی دەستکردە بە سکپڕی، جا بە هەر شێوەیەک بێت، لە رێگەی دەرمانخواردن، نەشتەرگەری، یاخود بە شێوەی زۆر سەرەتایی و دوور لە شێوازی زانستی و بە بەکارهێنانی ئامێری نازانستی و توندوتیژ بەرانبەر بە لەش و کۆرپەلە تا کۆرپەلە لە منداڵداندا هەڵبکەنن.

بەدرێژایی مێژوو، لەباربردنی منداڵ هەر هەبووە. کۆنترین نووسین دەربارەی لەباربردن، لە یاساکانی حاموڕابیدا هاتووە و قەدەغە کراوە لە ساڵی 1750 پێش زایین. لە یاساکانی ئاشووریشدا نووسراوە و بە تاوانی کوشتن بۆ ژنەکە ئەژمار کراوە گەر بێ رەزامەندیی مێردەکەی پێی هەڵسابێت. لە پاشماوەکانی فیرعەونییەکان، پێکهاتەی ئەو گیا و دەرمانانە نووسراون کە بۆ لەباربردن بەکار هاتوون. لە لای یۆنانییەکان لەباربردن قەدەغە بووە، بەڵام هیچ ئاسەوارێکی یاسایی نووسراو بەردەست نییە. تا لە سەردەمی رۆمانییەکاندا یاسای سزادانی لەباربردن دانراوە، لەگەڵ ئەوەش، سۆرانیس کە پزیشکێکی یۆنانیی نەخۆشیی ژنانە بووە، باس لە لەباربردن دەکات لە رێگەی سواربوونی ئەسپ، بازدان لە شوێنی بەرز، هەڵگرتنی کێشی زۆر و بەکارهێنانی هەندێک پێکهاتەی سروشتی.

هەرچەندە لە ئایینی مەسیحیدا هیچ دەقێک نییە باسی لەباربردنی کردبێت، رێگەدان یا چاوپۆشیکردن، گۆڕانکاریی زۆری بەسەردا هاتووە بەپێی سەرچاوە مێژووییە جیا جیاکان. بە بەهێزبوونی کەنیسە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، یاسای بە تاواندانانی لەناوبردنی کۆرپەلە توند بووەوە لە  سزاکاندا، لە کردنەدەرەوەی لە بازنەی کەنیسەوە تا سزادانی کوشتنی ژنەکە. لە ساڵی 1869، پاپا، لەباربردنی هەر لە یەکەم رۆژی پیتانەوە و لەناوبردنی کۆرپەلە بە هەر شێوەیەک بێت، قەدەغە کردووە، وەک تاوانی کوشتن دیاری کراوە و تاکوو ئێستا لە زۆر وڵات ئەو یاسایە کاری پێ دەکرێت.

لە دۆکیۆمێنتی بڵاوکراوەی هەندێک پزیشکی سەردەمی گەشەی دەسەڵاتی ئیسلامیدا، باس لە سنووردارکردنی وەچە و لەباربردن دەدۆزینەوە، وەکوو مەسوعەی ئیبن سینا لە ساڵی 1025 زایینی و کتێبی (الحاوي)ی محەمەد بن زەکەریا رازی لە سەدەی دەیەم، کە باسی ئەو دەرمانانە دەکات بۆ لەباربردن دەکرێت بەکار بهێنرێن.

بەپێی قورئان، تەمەنی کۆرپەلە بە چوار قۆناغدا تێدەپەڕێت، وەک لەو ئایەتەدا هاتووە: ﴿ثُمَّ خَلَقْنَا النُّطْفَةَ عَلَقَةً فَخَلَقْنَا الْعَلَقَةَ مُضْغَةً فَخَلَقْنَا الْمُضْغَةَ عِظَامًا فَكَسَوْنَا الْعِظَامَ لَحْمًا ثُمَّ أَنشَأْنَاهُ خَلْقًا آخَرَ ۚ فَتَبَارَكَ اللَّهُ أَحْسَنُ الْخَالِقِينَ﴾
نوتفە (النطفة)، مەبەستی لە سپێرمی پیاوە. عەلەقە (علقة): خوێنی سووری مەییو (خوێنپارە). موزخە (مضغة): پارچە گۆشتێک بەقەدەر پاروویەک (گۆشتپارە). لە تەمەنی 40 رۆژیدا دەبێتە پارچە گۆشت و دوایی ئێسکەکانی دروست دەبێت و لە 120 رۆژیشدا رۆحی بە بەردا دەکرێت.

بەپێی ئەو یاسایانەی لە وڵاتە ئیسلامییەکاندا هەن، تەمەنی سکپڕی دابەش کراوەتە سێ قۆناغ: پێش 40 رۆژ، نێوان 40 رۆژ بۆ 120 رۆژ و لە دوای 120 رۆژ.

لەباربردنی منداڵ دوای رۆح بە بەرداکردنی، کە لە دوای 120 رۆژەوەیە، لە هەموو مەزهەبەکانی ئیسلامدا قەدەغەیە، تەنیا بۆ حاڵەتی ئەوپەڕی پێویستیی وەکوو مەترسی لەسەر ژیانی دایک نەبێت.

لە پێش 120 رۆژ، بەپێی مەزهەبەکان دەگۆڕدرێت، هەرچەندە لە نێو هەمان مەزهەبیش کۆدەنگی نییە.

مەزهەبی حەنەفی، لە هەموو مەزهەبەکانی تر میانڕەوترە لەگەڵ لەباربردن و رێگەی پێ دەدات، بەڵام لەگەڵ ئەوەش هەندێکیان مەرجی بۆ داناوە و هەندێکیان بەتەواوەتی بە کاری نەخوازراو دایدەنێن و لە یەکەم رۆژەوە بە رۆحلەبەر دەژمێردرێت. 

لە مەزهەبی مالیکیدا، لە یەکەم رۆژەوە قەدەغەیە، هەندێک لایەنیان پێش 40 رۆژی، بە نەخوازراویان داناوە.

لای شافعییەکان، هەندێک لایەنیان قەدەغەیان کردووە بەهۆی ئەوەی ئامادە کراوە تا رۆحی بە بەردا بکرێت و هەندێکیشیان رێگەیان پێ داوە پێش 40 رۆژ لەگەڵ رازیبوونی دایک و باوکەکە و دوو پزیشک، هەندێکی تریان تا پێش 120 رۆژ، بەڵام بە حەڵاڵی نەخوازراو دایدەنێن و تا نزیک بێتەوە لە 120 رۆژ، بە نەخوازراو و مەکروهی دەزانن.

لە لای حەنبەلییەکان، بە هەمان شێوەی لای مالیکییەکان، بەتەواوی قەدەغەیە، تەنیا لە حاڵەتی شەرعیدا نەبێت.

لەباربردن، هەمان ئەحکامی هەیە لەسەر کۆرپەلەکە، جا شەرعیی بێت یاخود ناشەرعی.

سزادانی ئەو کەسەی کۆرپەلەکە لەباردەبات، لە لایەن دادوەرەوە دەستنیشان دەکرێت و یەک سزا نییە، هەندێک جار لە میرات دادەبڕێنرێت و هیچی نادرێتێ، هەندێک جار بە فدیە. 

لەباربردن لە ئایینی جوودا، بە تاوان دادەنرێت و ئەو ژنەی ئەو کارە بکات دەخرێتە ژێری ژێرەوەی دۆزەخەوە.

زۆربەی کات دەسەڵات و سیاسییەکان دوای شەڕی گەورە، یاسای دژی لەباربردنیان دەرکردووە، تا ژمارەی دانیشتوان زۆر بێت و قەرەبووی کوژراوی شەڕەکان بکەنەوە. ئەمە لەدوای جەنگی جیهانیی یەکەم لە زۆربەی وڵاتانی بەشداربووی جەنگەکە لە رۆژئاوا دانرا، تاکوو ژمارەی دانیشتوانیان بەرز بێتەوە. هەموو ئایینەکانی ئیبراهیمی، هەمان رۆڵیان بینیوە، تا ژمارەی باوەڕدارانیان زۆر بێت.

لە هەندێک وڵات، بەهۆی نەبوونی یاسای لەباربردن، ژن پەنای بۆ زۆر شێواز بردووە، کە تووشی دەردەسەرییان کردووە، بەتایبەتی بەکارهێنانی هەندێک رێگە، زیانی زۆری لە ژن داوە؛ جا یان تووشی کەموکوڕیی کردووە و نەیتوانیوە جارێکی تر منداڵ دروست بکاتەوە، یاخود گیانی خۆی لەسەر داناوە. بەپێی راپۆرتی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، کە لە تشرینی دووەمی 2021 دەرچووە، ساڵانە نزیکەی 73 ملیۆن حاڵەتی لەباربردن ئەنجام دەدرێت. بەپێی راپۆرتێکی تری هەمان رێکخراو، لە نێوان 2010 تاوەکوو 2014، لە سەدا چل و پێنجی لەباربردن بە رێگەی ناتەندروستانە ئەنجام دراون، بەتایبەتی لە وڵاتانی جیهانی سێیەم. بە رێژەی 4.7٪ تا 13.2٪ بە لەباربردنی نازانستی بووە و بووەتە هۆی مردنی ئەو ژنانە. 

لە وڵاتانی پێشکەوتوو، 30 ژن لە هەر سەد هەزار حاڵەتی لەباربردنی نازانستی، بەهۆی لەباربردنەکەوە مردوون و بۆ هەمان ژمارە لە وڵاتانی جیهانی سێیەم، ژمارەکە بەرز بووەتەوە بۆ 220 ژن. ئەم جیاوازییە بەهۆی ژینگەی خراپ و رادەی هۆشیارییەوەیە.

بەیاساییکردنی لەباربردن، لە مێژووی جیا جیادا لە وڵاتان رێگەی پێ دراوە. تا ساڵی 2022 لە 75 وڵاتدا لەباربردنی بەیاسایی کراوە. لە سۆڤیەت، لە ساڵی 1920 لینین داینا و ستالین دوای جەنگی جیهانیی دووەم، گۆڕانکاریی بەسەردا هێنا و کردی بە یاسای لەباربردن و تەنیا لە هەندێک حاڵەتی تایبەتدا دەکرا، بەڵام ئەمە جارێکی تر لە ساڵی 1955 گۆڕدرایەوە بۆ ئاسایی و ئازادانە. لە ئایسلەند لە 1935، لە سوید 1938 و لە ئەڵمانیاش لە ساڵی 1935 تەنیا بۆ ئەو ژنانەی نەخۆشیی ئاوەزییان هەیە رێگەیان پێ دەدرا، بەڵام بۆ ژنی ئەڵمانیی تەندروست، قەدەغە بوو. ئینگلتەرا لە ساڵی 1967، کەنەدا لە ساڵی 1969، ئەمەریکا لە ساڵی 1973، تونس لە ساڵی 1973، فەرەنسا لە ساڵی 1975، هۆڵندا لە ساڵی 1988و بەلجیکا لە ساڵی 1990... رێگەدان بە لەباربردن بوو بە یاسایی.

لە زۆربەی وڵاتان لەباربردن رێگەی پێ دراوە لە چوارچێوەی هەندێک حاڵەتی تایبەتی و بە پشتگیریی رای پزیشکان، وەک: مەترسی لەسەر دایک، لە حاڵەتی لاقەکردن و هەندێک جار کاتێک دایکەکە منداڵێکی ساوای هەیە و ئەو سکپڕییە منداڵە ساواکەی لە شیر دەکات. 

ژمارەی لەباربردنی ئارەزوومەندانە لەو وڵاتانەی بەیاسایی کراون، جیاوازن و لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێک دەگۆڕێت. لە هەندێکیاندا زۆر بەرزە، وەکوو رووسیا و ڤێتنام، بەڵام لە هەندێک وڵاتی تر ئەم رێژەیە کەمە، وەک هۆڵندا و بەلجیکا. 

لەو وڵاتانەی لەباربردنی ئارەزوومەندانە بەیاسایی کراوە، تەمەنی لەباربردن جیاوازە، بۆ نموونە؛ لە هۆڵندا تا تەمەنی 22 حەفتە، فەرەنسا 14 حەفتە، ئینگلتەرا 24 حەفتە... رێگەپێدراوە.

چین لە 1953 رێگەی پێ داوە، بەڵام بەهۆی یاسای یەک منداڵ بۆ هەر خێزانێک، لەباربردن زۆر زیادی کرد بە سایەی هەڵبژاردنی رەگەزی منداڵ، هەر بەو هۆیەوە یاساکەیان گۆڕیوە و لە سەروو 14 حەفتە لە سکپڕی، پێویستی بە واژۆی سێ پزیشک هەیە.

لە تورکیا تا 10 حەفتە رێگەپێدراوە، لە 2012 ئەردۆغان دژی وەستا و وتی ئەمە کوشتنە. هەرچەندە یاساکە هەر ماوە، بەڵام لە هەندێک ناوچەی هەوادارانی ئەردۆغان، نایکەن و رێگەی پێ نادەن.

لە مەکسیک لە 2022 رێگەی پێ درا تا 12 حەفتە لە سکپڕی.

پۆڵۆنیا لە سەردەمی سۆڤیەتدا رێگەپێدراو بوو، بەڵام لە 1993وە قەدەغە کراوە.

لە هیندستان تا 20 حەفتە ريگەپێدراوە و لە نێوان 20 تا 24 حەفتە دەبێت دوو پزیشک واژۆی بکەن.

8ی ئازاری 2024، رۆژێکی تۆمارکراوە لە مێژووی یاسای لەباربردن، چونکە لە فەرەنسا یاسای رێگەپێدانی لەباربردن چووە نێو دەستوورەوە.

لەو وڵاتانەی بەیاسایی کراوە و ئەو مافە دراوە بە ژن، دوای جیاکردنەوەی دین و دەوڵەت بووە.

لە وڵاتەکانی ئیسلامی، تەنیا تونس و بەحرێنی لێ دەربچێت، هەروەها وڵاتانی ئەفریقا جگە لە ئەفریقای باشوور، لەباربردن قەدەغەیە، تەنیا لە هەندێک حاڵەتی تایبەتیدا نەبێت. 

بەپێی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ژمارەی لەباربردن لە وڵاتانی رێگەپێدراو و وڵاتانی قەدەغەکراو، وەک یەک وایە، بەهۆی ئەوەی لەو وڵاتانەی قەدەغە کراوە، سیاسەتی رێکخستنی خێزان خراپە. 

بە دۆزینەوەی حەبی رێگری (منع) لە سکپڕی لە ساڵانی 1950 بۆ 1960، رێژەی لەباربردن زۆر کەمی کرد.

دەرکردنی یاسای رێگەپێدانی لەباربردن، دوای خەباتی زۆری فێمینیستەکانی جیهان و دیموکراتخوازان بووە. ئەو ئارگۆمێنتانەی بۆ ئازادیی لەباربردن هەن، هەندێکیان ئەمانەن: یاسای بە تاوان دانانی لەباربردن نەیتوانیوە رێگر بێت لەو پرۆسێسە و رێژەی لەباربردن نزیکن لە یەک لە وڵاتانی بە یاسا رێگەپێدراو و وڵاتانی بە یاسا قەدەغەکراو. ژن ئازادیی هەبێت بەسەر جەستەی خۆیدا و ئەوە مافی هەموو مرۆڤێکە. ئاسانکردنی باری ژیانی ژنان، خوێندن، تەمەن، رێخۆشکردنی کارکردن و سەربەخۆیی ئابووریی خۆی و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی. هەڵبژاردنی کاتی لەبار بۆ بوون بە دایک. کۆتاییهێنانە بە دەرەنجامی دەستدرێژی و لاقەکردنی ژن و ئەگەر ئەو کارە نەکات، چونکە ژنەکە زۆر جار دەکەوێتە بەر ئەنجامی ترسناک و کارەساتبار. کۆنترۆڵکردنی ژمارەی دانیشتوان. گرنگیدان بە تەندروستیی گشتی، دادپەروەری، دژی برسێتی و هەژاری و نەخوێندەواری، بەتایبەتی لە وڵاتانی جیهانی سێیەم. بە نەبوونی یاسای رێگەپێدراو، ژن ناچارە لە هەندێک حاڵەتدا روو لە شێوەی ناتەندروست بکات بۆ لەباربردن و ئەمەش دەبێتە هۆی مەترسی لەسەر ژیانی ژن و ئیستغلالکردنیان و پارەی زۆریان لێ دەکێشنەوە و نادادپەروەرییە لە نێوان توانای پارەدار و ژنی هەژار، پارەدار بەئاسانی دەتوانێت گەشت بکات بۆ ئەو وڵاتانەی رێگەپێدراوە و لەژێر چاودێریی پسپۆڕ و لە ژینگەیەکی خاوێندا ئەنجامی بدات. بەشێک لەو سکپڕییانە دەبنە هۆی لێکەوتەی ئەو منداڵانەی دەخرێنە خانەی بێسەرپەرشتان و ژن ناچارە دەستبەرداری منداڵەکەی بێت لەبەر هۆی کۆمەڵایەتی. منداڵ دەبێت خواستراو بێت و ژینگەی باشی بۆ دابین بکرێت. لەباربردن پرۆسەیەکی قورسە بۆ دایک و کاریگەریی ترۆمای هەیە لەسەر دایک، خۆ ئەگەر رێگەپێدراو بێت، دەتوانێت ئاسانتر سوود لە پاڵپشتیی دەروونیی وەربگرێت و ئامادەیی بۆ بکرێت. 

ئارگۆمێنتی ئەو کەسانەی دژی لەباربردنن، هەندێکیان ئەمانەن: کۆرپەلە بوونەوەرێکی زیندووە و لەباربردنی، وەک کوشتن وایە، بەدڕەوشتی بڵاو دەبێتەوە و رێگەی بۆ خۆش دەکات، ژیانی ژن دەخاتە مەترسییەوە و ماکەکانی لەباربردن زۆرن و ژمارەی لەدایکبوون کەم دەکاتەوە و ئەمەش دەبێتە هۆی کەمیی دەستی کار...

لە یاسای عیراقیدا، بەپێی مادەی 417ی یاسای سزادان، لەباربردن تاوانە، لە هەموو تەمەنێكی سکپڕیدا و سزاکانی جیاوازن و سزای زیندانی، یاخود غەرامە، یاخود هەردووکیانی لەسەرە بەپێی حاڵەتی ژنەکە و تەمەنی کۆرپەلە و تێڕوانینی دادوەرەکە، هەروەها ئەو کەسەی یارمەتیی لەباربردنەکە دەدات، سزای لەسەرە، جا هەر کەسێک بێت، مامان، دەرمانساز یاخود پزیشک بێت، گەر بەدزییەوە پێی هەڵبستن و بەبێ رەزامەندیی لیژنەی پزیشکی بێت، کە تەنیا لە هەندێک حاڵەتی تایبەتیدا رێگەی پێ دەدرێت. خۆ ئەگەر ببێتە هۆی مردنی ژنەکە، ئەوە سزاکانی جیاوازە. 

لیژنەی باڵای فەتوای هەرێمی كوردستان، لە ساڵی 2013 فەتوایەكی دەربارەی لەباربردنی منداڵ دەركرد و لە ساڵی 2023 دووبارەی کردووەتەوە و دەڵێت: ئەگەر كۆرپەلە لەناو سكی دایكیدا بە بەڵگەی پزیشكیی سەلمێنرا مەترسیی بۆ سەر ژیانی دایكی هەیە، یاخود ناتەواویی جەستەیی، یان نەخۆشییەكی ترسناك و درێژخایەنی هەیە، رێگە دراوە لەو كاتانەدا كۆرپەلە لەبار ببرێت بەو مەرجەی واژۆكردنی بڕیاری لەباربردنەكە لەلایەن لیژنەی پزیشكییەوە بێت‌ و لە نەخۆشخانەكانی حكومەت ئەنجام بدرێت، دوای وەرگرتنی واژۆی رەزامەندیی باوك‌ و دایكی كۆرپەلەكە.

 بەپێی راپۆرتێکی کەناڵی رووداو، لە هەولێر لە ساڵی 2013 لە دەمی چەند مامنێکەوە باس لەوە دەکەن حەفتانە ژمارەیەک کۆرپەلە لەبار دەبەن و بۆ هەر دانەیەکیان نزیکەی هەزار دۆلار وەردەگرن، ئەمەش قورسایی و تێچووی زۆرە لەسەر ئابووریی ئەو ژنانە. 

لە راپۆرتێکی تردا کە لە 2017 بڵاو کراوەتەوە، ساڵانە زیاتر لە 220 هەزار منداڵ لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەبار دەبرێن، کە تەنیا 13 هەزاریان بە پرۆسەی یاسایی ئەنجام دەدرێن.

بەیاساییکردنی لەباربردن، ئاسان نییە و پەیوەندیی تەنیا بە خودی کردەکەوە نییە، بەڵکوو پەیوەندیی بە بیرکردنەوە، کولتوور، بڕوا، تەندروستیی گشتی، باری کۆمەڵایەتی، ئابووری و مێژوویی و... هتد هەیە. گرنگیی بەیاساییکردنی لەباربردن لە ماوەیەکی دیاریکراوی سکپڕیدا، یارمەتییە بۆ ئەو ژنانە تا لەژێر چاودێریی تەندروستی و پسپۆڕانی ئەو بوارەدا بن و ژیانیان پارێزراو بێت و یەکسانیی کۆمەڵایەتی بەرەوپێش دەبات.

خ.غ
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan