نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

ژن و کارکردن لە تاقیگەکانی پزیشکیدا

کارکردن لە تاقیگەکانی پشکنینی پزیشکیدا، لەو پیشانەیە کە بۆ خانمان زۆر گونجاوە، بەهۆی پشوودرێژی و سەلیقە و وردبینی و پاراستنی پاکوخاوێنیی تاقیگەکان، کە ئەم خەسڵەتانە لە ژندا هەن و بەرچاون. تاقیگەی پزیشکی، رۆڵێکی گرنگی هەیە لە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان و چاودێریی تەندروستی و پەرەپێدانی زانیاریی پزیشکی. ئەم بوارە پزیشکییە، بەشێوەیەکی گشتی زانست و تەکنەلۆژیا تێکەڵ دەکات بۆ دەستنیشانکردنی ئارێشەکانی تەندروستی. چەندین پسپۆڕیی خوێندن توانای کارکردنیان لەم بوارەدا هەیە، ئەمە جگە لە پسپۆڕیی تایبەتمەند کە بە یەکێک لە بوارەکانی پزیشکی دادەنرێت.

لە سەدەی رابردوودا ژنان رۆڵێکی گرنگ و بەرچاویان لە پێشخستنی زانستی پزیشکیدا گێڕاوە، سەرەڕای ئاستەنگە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان، توانیویانە سەرکەوتنی گەورە بەدەست بهێنن و کاریگەرییەکی قوڵیان لەسەر ئەم بوارانە هەبێت. 

بەشداربوون و پێشەنگی
ژنان بەشێکی گرنگن لە هێزی کاری تاقیگە پزیشکییەکان، زۆرێک لە ژنان وەک کارمەندی تاقیگە و توێژەر و بەڕێوەبەری تاقیگە کاریان کردووە، بەرچاوترینیان:
- ماری کوری (1867-1934)؛ زانای گەورەی بواری فیزیا و کیمیاگەری بە رەچەڵەک پۆڵەندیی خاوەن دوو خەڵاتی نۆبڵ لە هەردوو بواری (فیزیا و کیمیا)، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر لێکۆڵینەوەی رادیۆئەکتڤیتی هەبووە.
- رۆزالیند فرانکلین (1920-1958): زانای بایۆفیزیک و رادیۆگرافەری لەدایکبووی بەریتانیا، کارەکانی بایەخێکی زۆریان هەیە و رۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە دۆزینەوەی پێکهاتەی DNA.
- گێرتی کۆری (1896-1957): زانا و توێژەرێکی ئەمەریکاییە، بەشداری کردووە لە دۆزینەوەی چارەسەری شێرپەنجە بە تیشک، یەکەم ژنە خەڵاتی نۆبڵی لە بواری پزیشکیدا وەرگرتبێت، هەروەک یەکەم ئەمەریکاییشە کە ئەو خەڵاتەی لە بواری زانستیدا بەدەست هێنابێت.

ئاستەنگەکان
سەرەڕای پێشکەوتنەکان، هێشتا ژنان رووبەڕووی ئاستەنگ و بەربەست دەبنەوە، وەک:
- جیاکاریی رەگەزی لە دامەزراندن و بەرزکردنەوەی پلە.
- کەمیی نوێنەرایەتی لە پۆستە باڵاکاندا.
- ناهاوسەنگی لە مووچە بەراورد بە پیاوان.
لەگەڵ ئەوەش، ژنان سەرکەوتنی گرنگیان بەدەست هێناوە، بەتایبەتی لە رووی زیادبوونی ژمارەی ژنان لە خوێندنی باڵا و توێژینەوەی پزیشکیدا، هەروەها داهێنان لە تەکنیکە تاقیگەییەکان و میتۆدەکانی شیکردنەوە، ئەمە جگە لە باشترکردنی تێگەیشتن لە نەخۆشییە تایبەتەکانی ژنان.

سەرەڕای ئاستەنگەکان، ژنان رۆڵێکی گرنگ و بەرچاویان لە تاقیگەکانی پزیشکیدا هەبووە و هەیە. بە زیادبوونی هەلەکان و کەمکردنەوەی جیاکارییەکان، چاوەڕوان دەکرێت رۆڵی ژن لەم بوارانەدا بەهێزتر و کاریگەرتر بێت لە داهاتوودا.

 خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan