نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

کەشوهەوای عیراق

کەشوهەوای عیراق لە وەرزی هاویندا گەرم و وشکە و لە زستانیشدا سارد یان نیمچە سارد و شێدارە. پلەی گەرمیی کەشوهەوای عیراق بەردەوام لە گۆڕاندایە و رێژەی تیشکی خۆر زیادی کردووە، لە بەرانبەریشدا خێرایی با و بارانبارین و شێ کەمی کردووە. سێ جۆر کەشوهەوا لە عیراقدا هەن: کەشوهەوای دەریای ناوەڕاست، دەشت و بیابان، مامناوەندی.
ئەو فاکتەرانەی کاریگەرییان لەسەر کەشوهەوا هەیە، بریتین لە:
دووریی لە دەریاکانەوە: ئەو رووبەرە ئاوییانەی لە عیراقەوە نزیکن، ئەمانەن: (کەنداوی عەرەبی، دەریای ناوەڕاست، دەریای سوور، دەریای رەش و قەزوین)، چوار لەمانە تا رادەیەک دوورن لە عیراقەوە، ئەمە جگە لە بەربەستەکانی وەک چیا و شاخەکان، تەنیا کەنداوی عەرەبی نەبێت کە لە باشووریدایە و کەنارەکەی بە درێژایی 60 کیلۆمەتر بە عیراقەوەیە. 
سنووری وشکانیی عیراق (3462) کیلۆمەترە و رووبەری وشکانییشی (437.367) کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، بۆیە کەشوهەوای عیراق کاریگەریی وشکایی بەسەرییەوە زۆر زیاترە لە رووبەرە ئاوییەکان. لەگەڵ ئەوەش، دەریای ناوەڕاست و کەنداوی عەرەبی و دەریای سوور کاریگەرییان بەسەر عیراقەوە هەیە و دەبنە هۆی گۆڕانکاری لە رێژەی باران و شێ و گەرمیی زۆردا. بەشێوەیەکی دیاریکراو کەشوهەوای دەریای ناوەڕاست کاریگەریی لەسەر کەشوهەوای ناوچەکانی باکووری عیراق هەیە. کەشوهەوای دەشت و بیابانییش، کاریگەریی لەسەر پارێزگاکانی سەڵاحەدین و کەرکوک و بەشێک لە پارێزگای دیالە هەیە. ناوچەکانی تریش، کەشوهەوای بیابانین.

بای باو: کاریگەریی لەسەر کەشوهەوای عیراق هەیە؛ زۆربەی رۆژەکانی ساڵ بای باکوور و باکووری رۆژئاوا زاڵە بەسەریدا. هەوایەکی وشک و ئاسمانێکی ساماڵ لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. هەروەها بای باشوور و باشووری رۆژهەڵات بەسەر عیراقدا دەڕوات و بەدرێژایی ساڵ کەم و زۆر خۆڵبارین لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، کە زۆربەیان لە هاویندا روو دەدەن.

شێوەی خاک: خاکی عیراق بەپێی هەڵکەوتەکەی دابەش دەبێت بەسەر چەند زۆنێکدا؛ لە باکوورەوە (هەرێمی کوردستان) ناوچەیەکی شاخاوی و دەشتاییە، ئەمەش وای کردووە کەشوهەوای ئەو ناوچەیە سارد و شێدار و باراناوی بێت. لە باشووری رۆژهەڵاتەوە زۆنگاوەکان و دەشتاییەکی بەرینی هەیە و ئەم ناوچەیە گەرم و شێدارە. بەشی ناوەڕاست و رۆژئاواشی، ناوچەی بان و بیابانە و کەشوهەوای گەرم و وشکە. 

دووریی لە هێڵی ئیستیوائی: عیراق (3670.58)کم لە هێڵی ئیستیوائییەوە دوورە، واتە کاریگەریی لەسەر ئەم ناوچەیە زۆر کەمە. 

نینۆ و لانینا: ئەم دوو دیاردەیە لەسەر زەریای هێمن دروست دەبن، دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و رادە و رێژەی بارانبارین، ئەم دوو دیاردەیە کاریگەرییەکی کەمیان بەسەر عیراقەوە هەیە.

کاریگەریی مرۆڤ: عیراق لە وڵاتانی جیهانی سێیە و بەشێوەیەکی گشتی ئاستی رۆشنبیری و هۆشیاریی ژینگەیی نزمە، ئەمە جگە لەوەی پلانی حکومەت تۆکمە نییە لەو رووەوە و بەشێوەیەکی بەرچاو و بێ سانسۆر ئۆتۆمبێل هاوردە دەکات و کارگەکانیشی مەرجە ژینگەییەکانیان کەمە یاخود هەر نیانە.  

پێگەی فەلەکی: واتە پێگەی جوگرافی، لەگەڵ بازنەکانی پانی، کە عیراق دەکەوێتە نێوان هێڵی (29 بۆ 37)ی باکووری گۆی زەوی، ئەمەش هۆکارە بۆ گۆشەی کەوتنی تیشکی خۆر لەسەر زەوی و درێژیی رۆژ، ئەمە جگە لەوەی ئەو پێگەیە وا دەکات پلەی گەرمی هاوشێوەی ناوچە گەرمەکان بێت و کاریگەریی لەسەر جۆری بای باویش هەیە. جگە لەمانە، چەندین فاکتەری دیکەش هەن.

داتا زانستییەکان روونن، بەو پێیەی گۆڕانکاریی لە کەشوهەوا، کاریگەریی لەسەر زۆرێک لە وڵاتان هەیە، بۆیە دەبێت هەندێک رێوشوێن بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکان لەناوخۆدا بگیرێنە بەر. پێویستە لە ئێستاوە هەنگاو بنێین بەرەو ئابوورییەکی وا کە خۆڕاگر و گونجاو بێت لەگەڵ هەنگاوەکانی کەمکردنەوەی کاریگەریی گۆڕانکاریی کەشوهەوا، پلانێکی تۆکمە و ستراتیژیی پەیڕەو بکرێت و هەمووان بەیەکەوە هاوکار بین. لە ماڵەوە دەست پێ بکەین؛ لە شێواز و جۆری خواردن و بەکارهێنانی ئامێرەکانی هاتوچۆ، ئامێرەکانی گەرمکەرەوە و ساردکەرەوە، بەکارهێنانی کارەبا و وزە و ئاو، بەرزکردنەوەی رۆشنبیری و هۆشیاریی سەبارەت بە مەترسییەکان و بەشداریی لە باشکردنی بەرپرسیارێتی و گۆڕینی رەفتاری تاک بەرانبەر بە ژینگە.

خ.غ
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan