نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

جێپێی ژینگەیی



جێپێی ژینگەیی (Ecological Foodprint)، زاراوەیەکە بۆ جۆرە یەکەیەکی پێوانەکردن کە باس لە کاریگەرییەکانی مرۆڤ دەکات لەسەر ژینگەی سروشتی دەوروبەر و بە یەکەی هێکتار بۆ هەر تاکێک دەپێورێت، یاخود ئەو رووبەرە زەوییەیە کە پێویستە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی تاک. ئەو رووبەرە، بریتییە لەو ناوچانەی کە پێویستن و خۆراکیان لێ دەست دەکەوێت و پاشماوە و پاشەڕۆکانیان تێدا دەنێژرێت، هەروەها ئەو زەوییانەی کە بۆ مەبەستی گەشتیاری و پیشەسازی بەکار دەهێنرێن.

جێپێی ژینگەیی بەردەوام و بەشێوەیەکی بەرچاو ساڵانە زیاد دەکات، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پێشکەوتنە زەبەلاحەی تەکنەلۆژیا و زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان، ئەمە جگە لەوەی چەندە ئاستی بژێویی خەڵک بەرز بێتەوە، ئەوا جێپێی ژینگەیی فراوانتر و گەورەتر دەبێت بەهۆی ئەو رووبەرە فراوانەی کە مرۆڤی سەردەم بۆ پێداویستییەکانی ژیانی بەکاری دەهێنێت، ئەمە جگە لەوەی یەکێکە لە ئاماژەکانی گەشەپێدانی بەردەوام.

یەکەی پێوانەکردنی جێپێی ئیکۆلۆژی، یەکسانە بە پشکی سەرتاسەریی بۆ هەر تاکێک، کە لە جیهاندا بە 1.8 هێکتار خەمڵێنراوە، مەبەست لەو خەمڵێنراوە، تێکڕای رووبەری چالاکیی بایۆلۆژییە کە پێویستە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی تاک بۆ سەرچاوەکانی ژیان بەدرێژایی ساڵ.

جێپێی ئیکۆلۆژی؛ ژمارەی چالاکییەکانی تاک، کۆمەڵگە، شار، لادێ، هەرێم، دەوڵەت یاخود هەموو چالاکییەکانی تری مرۆڤایەتی ئەژمار دەکات. بۆ نموونە؛ شارەکان بەهۆی چڕیی دانیشتووانیان، جێپێی ژینگەییان بەرزە. خاڵی سفر نزمترینە، هەر هەڵکشانێک لە پێوەری سفر بەرزتر بێت، مانای پیسبوون و تێکچوونی ژینگەیە لەو شوێنەدا.

جێپێی ژینگەیی چەندین جۆری جیاوازی هەیە، لەوانە:

جێپێی کاربۆنی: بریتییە لە کۆی دەردانی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن کە لە ئەنجامی بەرهەمهێنانی بەرهەم و کاڵا و چالاکی و خزمەتگوزارییەکان دەردەچن. گازی کاربۆن، یەکێکە لەو گازانەی کە دەبنە هۆکاری قەتیسبوونی گەرما لەسەر ئاستی جیهان. تێکڕای جێپێی کاربۆنی، نزیکەی چوار تەنە، بۆ ئەوەی دوور بکەوینەوە لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی، بە دوو پلەی سەدی، دەبێت تا ساڵی 2050 جێپێی کاربۆنی بۆ کەمتر لە دوو تەن دابەزێنین. ئێستا جێپێی کاربۆنی بۆ هەر کەسێک لە ئەمەریکا، 16 تەنە، کە یەکێکە لە بەرزترین رێژەکان لەسەر ئاستی هەموو جیهان.

ئەمڕۆ چەندین رێگەمان هەیە بۆ چاودێریکردنی جێپێی کاربۆنی یان ئەژمارکردنی، کە بەشێوەیەکی زۆر ئاسان و ئۆتۆماتیکی دەکرێت، بۆ نموونە؛ ئامرازەکانی گواستنەوە بەگشتی، بژمێری ئەلکترۆنیی تایبەت بە خۆیان هەیە کە تێیدا داتا بۆ هەر ئامرازێک تۆمار دەکرێت، وەک: ناو و مۆدیلی ئۆتۆمبێل، ساڵی دروستکردنی، هێزی ئەسپ، وزەی بزوێنەر، ژمارەی پستۆن، جۆری سووتەمەنی، خێرایی لێخوڕین و چەند کیلۆگرام دووەم ئۆکسیدی کاربۆن دەردەکات لە کیلۆمەترێکدا کە دەڕوات... بەم شێوەیە بۆ هەموو کۆمپانیا و چالاکییەکی مرۆیی، ئامراز و ئامێرێکی داتا دروست کراوە...

جێپێی خۆراک: بریتییە لە پێوانەی ئەو رێژە خۆراکەی تاکێک بەکاریدەهێنێت بەراورد بەو رێژەیەی کە زەوی دووبارە دەتوانێت دابینی بکاتەوە.

جێپێی ئاو: کۆی بڕی ئاوی شیرینە کە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بۆ بەرهەمهێنانی کاڵا، خزمەتگوزارییەکان، چالاکییەکان و پێداویستیی تاک بەکار دەهێنرێت، هەروەها ئەوەی بە ئاوی مەجازی ناسراوە (ئەو ئاوەیە کە دەخورێتەوە یان ناخورێتەوە و بە ناڕاستەوخۆ بەکاری دەهێنین)، بە واتایەکی تر، ئاو لە هەموو خزمەتگوزارییەکاندا هەیە و لە بەرهەمهێنانی هەر شتێکدا بە بڕی جیاواز پێویستە، بۆ نموونە؛ بەرهەمهێنانی کوپێک قاوە، پێویستی بە 140 لیتر ئاو هەیە، بەرهەمهێنانی یەک سێو، پێویستی بە 70 لیتر ئاو هەیە، یەک نان پێویستی بە 40 لیتر ئاو هەیە، یەک کیلۆ گۆشتی مریشک، پێویستی بە 4325 لیتر ئاوە، یەک کیلۆ گۆشتی مانگا، پێویستی بە 15500 لیتر ئاو هەیە، یەک کیلۆ پەنیر پێنج هەزار لیتر، یەک ساندویچی هەمبورگەر، پێویستی 2400 لیتر ئاوە، 100 گرام شوکولاتە، پێویستی بە 2400 لیتر ئاو هەیە... ئەمانە و چەندین نموونەی تر هەن، کە جێپێیان بۆ ئەژمار دەکرێت.

ئەم هەسارەیەی کە لەسەری دەژین، تاکە هەسارەیە مرۆڤی لەسەرە و دەبێت پارێزگاریی لێ بکەین بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتوو زۆر نەگەڕێن بەدوای پێداویستییەکانیاندا و بەخۆشی بژین، بۆیە دەکرێت هەر تاکێک لە ئاستیخۆیەوە هەندێک لە ئەرکەکان بخاتە ئەستۆی خۆی، چونکە بۆ نموونە گۆڕینی جێپێی کاربۆنی لە 16 تەنەوە بۆ دوو تەن، لە شەو و رۆژێکدا روونادات، ناشتوانرێت بە زۆرەملێ رەفتار بگۆڕدرێت، بەڵکوو دەبێت بە ئەنجامدانی بەرنامەیەکی گۆڕانکاری لە هەڵسوکەوت لەسەر ئاستی تاک تا بەرزترین دامەزراوە پەیڕەو بکرێت لە رێگەی هۆشیارکردنەوەوە، بۆ نموونە؛ تاک دەتوانێت خواردنی گۆشتی سوور کەم بکاتەوە، یان جل لەبەر هەوا وشک بکاتەوە نەک بە ئامێری وشککردنەوە، یاخود بەکارهێنانی ئاو و کارەبا کەم بکاتەوە و کۆنترۆڵی بکات، یان بەفیڕۆدانی خۆراک کەم بکاتەوە... لە لایەکی تریشەوە، دەتوانرێت ئەو بەرهەمانە بەکار بهێنرێت کە لە ناوخۆدا بەرهەم دەهێنرێن و خۆماڵین لەجیاتی هاوردەکان، چونکە کاتێک بوتڵێک ئاوی ناوخۆ دەکڕین، جێپێی کاربۆنی ئەو بوتڵە، رەنگە پێنج گرام زیاتر نەبێت، بەڵام ئەگەر بوتڵێکی ئاوی هاوردە بکڕین، جێپێی ئەو بوتڵە رەنگە سەدان جار زیاتر بێت، بەهۆی مەودا و گواستنەوەی تا گەیشتووەتە دەستمان.

ئێمەی مرۆڤی سەر زەوی، لەسەر رێگەی پێکدادانین لەگەڵ تواناکانی زەوی بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانمان، رەنگە تا ساڵی 2050 کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی نەتوانێت وەک ئێستا ژیان بگوزەرێنێت، بۆیە گۆڕینی شێوازی ژیان، بووەتە پرسێکی هەنووکەیی و دەبێت راستکردنەوەی رەفتارمان لەگەڵ ژینگە ئارەزوومەندانە بێت و لە خەمی هەسارەکە و نەوەی داهاتوودا بین.

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan