نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

لە تاقیکردنەوەى کۆرۆنادا، ژنان سەرکەوتووتربوون

میدیاکان و هەندێ رێکخراوى تەندروستیی جیهانى، پۆزەتیڤانەتر باس لە رۆڵ و ئیدارەدان و سیاسەتى ئەو ژنە سەرۆک وەزیرانە دەکەن لە وڵاتەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوە و خۆپاراستن لە ڤایرۆسى کۆرۆنا، نموونەش؛ وڵاتانى (ئەڵمانیا، نیوزیلەندا، نەرویژ، تایوان، ئایسلەندا، بەنگلادیش...)ن کە سەرۆک وەزیرانیان ژنن. 

هەرچەندە بەپێی ئامارێک کە لە ساڵی 2018 کراوە، لە کۆى 153 سەرۆکى هەڵبژێردراو تەنها 10 ژن سەرۆک وەزیرانن، واتە؛ رێژەکە کەمە بۆ ئەوەى راستییەکى لەو جۆرەى لەسەر بنیاتبنرێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ بزانین هۆکارەکان چین، کە بەو رێژەیە سەرکەوتنیان لەو بورەدا بەدەسهێناوە.

لە هۆکارە گرنگەکان؛ ئەو ژنانەى کە توانیویانە بگەنە ئەو پۆست و دەسەڵاتە، لە وڵاتێکدان کە سیستم سیاسەتى حەکیمانە و پێشکەوتوو و ئابوورییەکى سەقامگیر و باشی هەیە و لە رووى کۆمەڵایەتیشەوە کۆمەڵگایەکى رۆشنبیرن لە رووى جێندەرى و یەکسانیی نێوان ژن و پیاو، دەوڵەتیش لە خزمەتى هاوڵاتییە کە وایکردووە متمانەیەکى باشیان بە دەوڵەت و رێنماییەکان هەبێ و گوێبگرن لە دەسەڵاتدارەکانیان.

لە سەرێکى تریشەوە، ژنان لەو وڵاتانە بۆ ئەوەى بگەن بە دەسەڵات، بەرگى پیاوانیان لەبەر نەکردووە و بە هەست و سۆزی ژنانەیان ماونەتەوە و هەست بە پێداویستی و ئازار و بەرپرسیارێتیی ژنان دەکەن، خێزانیان لا مەبەستە، هەر بۆیە ئاسانتر  و باشتر دەتوانن ئیدارەى ئەم فەوزایەى کە پەتاى کۆرۆنا ناویەتەوە بدەن. لە سەرەتاى سەرهەڵدانى پەتاکە لە وڵاتەکانیان، زووتر لە وڵاتانى تر کەوتنە خۆیان و چاوەڕوانى بڵاوبوونەوەیان نەکرد و هەنگاوى پێویستیان نا.

بێشک رووبەڕبوونەوەى کۆرۆنا لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکى تر جیاوازە، واقیعی کۆمەڵایەتى و ئابووری و پێشکەوتنى خزمەتگوزاریی تەندروستى، کاریگەری راستەوخۆی هەیە و پەیوەندیی بە جێندەرەوە نییە، نموونەش؛ هەندێ وڵات کە لەلایەن پیاوانەوە سەرکردایەتیی دەکرێن هەنگاوى باشیان ناوە، بەڵام بەپێی رێژەکە، سەرۆکە ژنەکان سەرکەوتووتربوون. هەروەک (رۆز کامبڵ)ی بەڕێوەبەرى ئۆفیسى ژنانى سەرکردە لە زانکۆى لەندەن دەڵێ: "شێوەیەکى تایبەت نییە بۆ سەرۆکایەتیکردنى ژنان یان پیاوان بۆ وڵات، بەڵام سەرکردە ژنەکان زیاتر هاوکار و هاوسۆزن، بەداخەوە هەندێ لە پیاوانى سەرکردە کەوتوونەتە بازنەى نێگەتیڤەوە و پێشبڕکێی زیاد لە پێویست لە سەرۆکایەتیی نێرینەدا پەیدا بووە."

تایوان کە بە فەرمیی بەشێکە لە چین، سەرۆکەکەى (تساى ئینگ ون) بەپەلە سەنتەرێکى بەرەنگاربوونەوەی بۆ پەتاى ڤایرۆسى کۆرۆنا دروستکرد و هەموو هەنگاوە پێویستەکانى گرتەبەر و (124) رێنمایی خۆپاراستن و رێگرتن لە تەشەنەکردنى بڵاوکردەوە، ئەمە وایکرد تایوان سەرەڕاى کۆنتڕۆڵی پەتاکە لە ناوخۆیدا، توانی هاوکاریی وڵاتانى تریش بکات و بڕی (10) ملیۆن دەمامکى خۆپاراستنى ناردە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا.

هەروەها دەرکەوتووە سەرۆکە ژنەکان شەفافانەتر قسەیان لەگەڵ گەلەکەیان کردووە و توانیویانە پاڵپشتیی خەڵکیش بەدەستبهێنن. نموونە؛ ئەنگێلا مێرکڵی راوێژکارى ئەڵمانیا، هەر لە سەرەتاى پەتاکە بە هێمنیی راستییەکەى بە گەلی ئەڵمانیا وت و پێى راگەیاندن کە ئەم نەخۆشییە راستییە و مەترسیدارە و ئەگەرى ئەوەى هەیە لەسەدا حەفتاى هاوڵاتیان تووشى ببن. هاوڵاتیانیش بەهەمان جدیەتەوە قسەکانیان وەرگرت.

هەروەها سەرکردە ژنەکان جەختیان لەسەر رۆڵی خێزان و منداڵ دەکرد و گوێیان لێ دەگرتن و لە بڕیارەکاندا بەشدارییان پێ دەکردن. نموونەش؛ سەرۆک وەزیرانى نەرویژ (ئێرینا سۆلبرگ)، سەرۆک وەزیرانى دانیمارک (مێتە فریدریکسۆن)، چەند کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانییان تەنها بۆ منداڵان کرد، وەڵامی پرسیارەکانیان دەدانەوە و نەیانهێشت گەورە بەشدار بێ.

سەرۆک وەزیرانى بەنگلاندیش (شیخە حسینە واجد) لەگەڵ ئەوەى وڵاتەکەى زۆر هەژار  و کەم خزمەتگوزارییە و دەتوانین بڵێین ژێرخانى تەندروستیی زۆر لاوازە و یەکێکە لە وڵاتە هەرە چڕەکان لە رووى دانیشتوانەوە، توانی کۆنتڕۆڵی پەتاکە بکات هەرچەندە هێشتا مەترسییان زۆرە.

هەروەها سەرۆکى ئایسلەندا (کاترین ياكوبسدوتير) هەر لە سەرەتاوە هەڵمەتێکى بەرفراوانى دەستپێکرد بۆ دۆزینەوەى تووشبووان بەو ڤایرۆسە و دەیان رێنمایی دەکرد بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەى پەتاکە.

سەرۆک وەزیرانى نیوزیلەندا (جاسیندا ئەردیرن) بودجە و مووچەی خۆى و کابینەکەى و سەرۆکى دەزگاکانى بە بڕی لەسەدا بیست کەمکردەوە بۆ ماوەى شەش مانگى داهاتوو و دەیان هەنگاوى تر تا کەمکردنەوەى بودجەى دامودەزگاکانیان.

بوونى ژن لە ناوەندى بڕیار وا دەکات خوێندنەوەى ژنانە هەبێ بۆ رووداو و بڕیارەکان، کاتێ بڕیارەکان ژن و پیاو بەیەکەوە بیدەن جیاوازتر و باشتر دەبێ لەوەى تەنها بڕیارى پیاو بێت. 

سەرکردە ژنەکان زیاتر هەست بە ئازار و بەرپرسیارێتیی ژنان و خێزان دەکەن و دەزانن ئەرکە زۆرکە لە خۆپاراستن و جێبەجێکردنى ئەرکى خێزانە و لەناو خێزانیش زیاتر دەکەوێتە ئەستۆى ژن، بۆیە بڕیاری سۆزدارتر و واقیعیتر دەردەکەن.