نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

ئاڵەنگارییەکان لەبەردەم حکومەتەکەی کازمی

دوای زیاتر لە پێنج مانگ لە دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی وەک سەرۆک وەزیران و سەرنەکەوتنی هەر دوو کاندیدی سەرۆک وەزیران (محەمەد تۆفیق عەلاوی و عەدنان زورفی) لە پێکهێنانی حکومەتی نوێ، مستەفا کازمی توانی ئەو پۆستە بەدەستبهێنێ و بەرانبەر بە زیاتر لە 260 پەرلەمانتاری زەمەنی کۆرۆنا، سوێند بخوا بە هیوای ئەوەی بتوانێ عیراق بەرەو ئارامیی ببات. 

بەپێی بەرنامەی کابینەکەی، بەڵێنی گەورە و قەبەی داوە وەک: (خزمەتی هاوڵاتی، پاراستنی سەروەریی، ئاسایش و سەقامیگری، دادپەروەری). حکومەتەکەی مستەفا کازمی بۆ ئەوەی بتوانێ هەر یەکێک لەو بەڵێنانە جێبەجێ بکات، یان بە لایەنی کەمەوە هەندێکی جێبەجێ بکات، دەبێ ئامادەبێ و بتوانێ بەسەر دەیان کۆسپ و تەگەرە زاڵبێ و ئیرادەیەکی بەهێزی هەبێ بۆ بەرەنگاربوونەوە.

هەرچەندە مستەفا کازمی چەندین خاڵی بەهێزی هەیە بۆ ئیدارەدانی حوکم، وەک: 

1. لای ئەمریکییەکان پەسندە، بەتایبەتی دوای وەرگرتنی بەرپرسیارێتیی دەزگای هەواڵگریی عیراق و پەیدابوونی متمانەی زیاتر و هاوکاریی یەکتر لە سەردەمی شەڕ لەگەڵ رێکخراوی داعش تا کوشتنی ئەبوبەکر بەغدادی.

2. پەیوەندییەکی هاوڕێیانە و باشی لەگەڵ جێنشینی سعودیە (محەمەد بن سەلمان) هەیە، یەکەم سەرکردەی وڵاتێکە کە بە فەرمیی بانگێهشتی کردووە.

3. لای ئێرانییەکانیش تائێستا قبووڵە، لە ئاژانسی (مهر)ی ئێرانی نووسیویانە: "کازمی دەتوانێ رۆڵ ببینێ لە کەمکردنەوەی گرژیی نێوان تاران و واشنتۆن لە عیراقدا".

4. لای زۆرینەی پەرلەمانتاران و لایەنە سیاسییەکانی عیراقیش پەسندە، کەم جار هەیە بۆ پرسێکی زۆر گرنگ نەبێ ئەوەندە پەرلەمانتار کۆببنەوە، کە زیاتر لە 260 پەرلەمانتار ئامادەبوون، ئەوەش ئاماژەیەکی باشە.

5. وەک کەسایەتیی خۆشی، کەسێکی رۆشنبیرە و لیبڕاڵ و پراگماتیکە.

6. تائێستا بە هەمان دووریی سەیری پێکهاتەکانی عیراق دەکات. دۆستایەتی نزیکی لەگەڵ کورد هەیە و توانیی کەیسی ئەنفال بە زۆرێک لە دونیای دەرەوە بناسێنێ.
7. لەلایەن شەقام و خۆپیشاندەران قبووڵە و نزیکە لێیانەوە و داواکارییەکانیانی خستۆتە ناو بەرنامەی کاری حکومەتەکەیەوە.

8. دۆستی نزیکی زۆرێک لە سەرکردە سیاسییەکانە.

لەگەڵ ئەمانەشدا دەیان ئاڵەنگاریی رێگای پێ دەگرێ لە کاتی جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی، دەربازبوون لەو هەموو قەیرانانە و چارەسەری ئەو هەموو هاوکێشە قورسانەی ناو عیراق و زاڵبوون بەسەریاندا؛ ئیرادەیەکی بەهێزی دەوێ... بەشێک لەو ئاڵەنگارییانە:

1. لەئێستادا زۆربەی کارەکتەرە بەهێزەکانی ناو عیراق خاوەن چەکداری خۆیانن، کازمی هیچ هێزێکی چەکداری نییە و پاڵپشتێکی سەربازیی نییە.

2. لەناو پەرلەمان، هیچ پەرلەمانتارێک راستەوخۆ لەسەر ئەو ئەژمار ناکرێت.

3. باری ئابووریی عیراق لەم ساتەوەختەدا داڕماوە و زۆر خراپە، بەتایبەتی بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت، کە سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی عیراقە.

4. عیراقێکی وێرانیان رادەستی حکومەتەکەی کردووە، بەهۆی ناکۆکییەکان و شەڕی دژی ڕێکخراوی داعش. بنیاتنانەوە، بودجەیەکی زەبەلاحی پێویستە کە لەئێستادا لەبەردەست نییە.

5. بێکارییەکی زۆر و دانەمەزراندنی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان کە یەکێک بوو لە هۆکارە گرنگەکانی خۆپیشاندانی گەنجانی عیراق، ئەو رێژەیەش بەهۆی ئەو قەیرانانەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کەرەنتینەوە، بەرەو هەڵکشان چووە.

6. کێشەیەکی زۆری هەڵواسراو لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم، بەتایبەتی لەسەر بودجە و نەوت و ناوچە دابڕێنراوەکان هەیە.

7. پەسەندکردنی بودجەی ساڵی 2020.

8. ئامادەکاریی بۆ گەڕانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و دەرچوونیان لە عیراق.

9. راگرتنی باڵانس لە نێوان لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکانی ناو عیراق.

10. دوورخستنەوەی بەکارهێنانی خاکی عیراق لە (تەسیفەی حسابی) نێوان ئێران و ئەمریکا، هەروەها پەکەکە و تورکیا و پاراستنی سەروەریی عیراق.

11. دەرکردنی هێزی چەکداری بیانیی لەناو عیراق بە کوردستانیشەوە، کە ئەمە لە دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندە بەپێی دەستوور.

12. نەهێشتنی دەستێوەردانی لایەنە سیاسییەکانی عیراق لە کاروباری حکومەت و دەوڵەت.

13. دانەوەی قەرزە کەڵەکەبووەکانی سەر عیراق.

14. چارەسەرکردنی گەندەڵی.

15. دادگاییکردنی بکوژانی خۆپیشاندەران.

16. دادگاییکردنی ئەو کەسانەی لە حەشدی شەعبی پێشێلکاریی دەستوورییان کردووە و دەسەڵاتێکیان بەکارهێناوە لەسەرووی دەسەڵاتی خۆیانەوە دەرهەق بە هاوڵاتی.

17. وەرگرتنەوەی ئەو پرۆژە زەبەلاحانەی کە بەناهەق و بە نایاسایی کەوتۆتە دەستی هەندێ لە دەسەڵاتداران.

18. وەرگرتنەوەی موڵک و ماڵی حکومەت، کە بە نایاسایی دراون بە دەسەڵاتداران.

19. چاککردنی ژێرخانی ئابووری و خزمەتگوزاریی تەندروستی و پەروەردە و کارەبا.

20. گەڕاندنەوەی داهاتەکان بۆ حکومەت.

21. رازیکردنی خۆپیشاندەران.

22. بنبڕکردنی تەواوەتی داعش لە عیراق، چونکە تائێستا بەشێک لە شانەکانیان ماون و وردە وردە خۆیان رێکدەخەنەوە، کە ئەمەش پێویستی بە بەرەنگاربوونەوە هەیە و دەکرێ شەڕ بەرۆکی حکومەت بگرێتەوە.

ئەمانە مشتێکن لە خەربارێک، کێشە و ئاڵەنگاریی لە کاتی کارکردنیشدا دەردەکەوێ و ئەمانە و دەیان کێشەی جیاواز روویان تێدەکات. بەو هیوایەی کە ئەم حکومەتە بتوانێ زاڵبێ بەسەریاندا و ئیرادەیەکی بەهێز بەکاربهێنن و پشت بە میللەت ببەستن و لە رێگای گفتوگۆی عەقڵانیی بگەڕێن بە دوای چارەسەردا. 

لای خۆشمانەوە، واباشترە کە حکومەتی هەرێم هاوکار و هەماهەنگ بێت بۆ تێپەڕاندنی کێشە و قەیرانەکان.

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan