نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

دیموكراسی و رەخساندنی دەرفەتی یەكسان بۆ هەمووان

یەكێك لە خاڵە هەرە گرنگ و دیارەكانی ناو سیستمی دیموكراسی بریتییە لە بوونی هەڵبژاردن، دادپەروەری، ئازادی بەهەموو جۆرەكانییەوە، لەوانەش گرنگتر رەخساندنی دەرفەتی یەكسانە بۆ هەمووان لە سەرجەم كایە جۆراوجۆرەكانی ناو كۆمەڵگە بێئەوەی هیچ جیاوازییەك بەدوای خۆیدا بهێنێت مەگەر بەهۆی توانا جۆرەكانی هاوڵاتییانەوە كە ئەوە شتێكی ئاساییە.

وڵاتانی پێشكەوتوو، ئەوانەی خاوەن سیستمێكی دیموكراسین بۆ نموونە وەكو وڵاتانی ئەوروپا بەهۆی رەخساندنی دەرفەتی یەكسانەوە زۆر پێشكەوتنیان بەخۆیانەوە بینیوە، جگە لەوەی لەڕووی سیاسییەوە سەقامگیریی بەدوای خۆیدا هێناوە، وەكو تریش كێبڕكێ بووەتە یەكێك لە سیما دیارەكان، هەروەها حزبەكانی ململانێ دەكەن لەسەر ئەوەی ببنە فەرمانڕەوا و لەو رێگەیەشەوە خزمەت بە خۆیان و هاوڵاتییەكانیان بكەن، ئەمە بووە بەهۆی ئەوەی هاوڵاتییان سۆز و خۆشەویستی زۆریان بۆ وڵاتەكەیان هەبێت و بەهەموو جۆرێ كار بۆ پێشخستنی بكەن.

رەخساندنی دەرفەتی یەكسان گرنگی زۆری هەیە بۆ نموونە:
یەكەم: دەبێتە هۆی ئەوەی هاوڵاتی هەست بە جیاوازی نەكات، هەست بەوە نەكات كە بەهۆی رەنگ و روو و رەگەز و ئەندامێتی لە حزب یان رێكخراوێكی جیاوازتر پەراوێز دەخرێ، بۆیە كە دەبینێ‌ سیاسەت نەبووەتە هۆی ئەوەی دەرفەتی خوێندن و كاركردنی نەدرێتێ، ئەوا خۆی بە مرۆڤێكی تەواو دەزانێ و بەهەموو توانایەوە خزمەتی وڵاتەكەی دەكات.

دووەم: رەخساندنی دەرفەت بۆ هەمووان دەبێتە هۆی دەركەوتنی چەندین توانا و وزەی نوێی كاركردن، بواری جیاواز پڕ دەبێت لە وزەی نوێ و ئەوەش داهێنان دەخاتەڕوو، پێشكەوتنی وڵاتانی ئەوروپا بەشی زۆری بەهۆی رەخساندنی دەرفەتی یەكسانەوە هەیە بۆ هاوڵاتییەكانیان.

سێیەم: دەرفەتی یەكسان دەبێتە هۆی ئەوەش توانا لە یەك نزیكەكان زیاتر لە یەكتر نزیك ببنەوە، هەندێكجار دەبنە كارتی فشار، هەندێكجار دەبنە كۆمەڵەی تایبەت بە بوارێكی ژیان و كاركردن، ئەوە دەبێتە هۆی ژیاندۆستی، راستە لە وڵاتانی ئەوروپاش كێشەی جیاواز هەن و مرۆڤ هەیە بەهۆی بێهیواییەوە لە ژیان خۆی دەكوژێ، بەڵام هۆكاری ئەوە نە رەخساندنی دەرفەتی یەكسان نییە، بەڵكو بەهۆكاری تایبەت یەخەی مرۆڤێك دەگرێ و ژیانی خۆش ناوێت.

لە عیراق و هەرێمی كوردستان دەرفەتی یەكسان و وەك یەكی كەمە، ئەمە پرسیار لەسەر دیموكرسیبوونی كۆمەڵگە و دەسەڵات و حزبەكان دروستدەكات، دەرفەتێكی باشە دوای پێكهێنانی حكومەتی عیراق و بەركاربوونی پرۆسەی چاكسازیی لە هەرێمی كوردستان رەخساندنی دەرفەتی یەكسان بۆ هەمووان ببێتە سیاسەت و بەرنامەیەكی كرداریی هەردوولایان بۆ ئەوەی تواناكان نەچەپێنرێن.

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan