نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

تۆ لە جەستە زیاتری

ناوەکان بوون بە ژمارەیەکی بێ کەس، ژمارەیەک لەسەر کێلی کچێکی ناسکۆڵەی تەمەن هەرزەکار؛ رەنگە ناوی ژیان بووبێت و ئێستا ژمارە (6)ە، یان چنار بووبێت و ئێستا لەژێر زەوییەکی وشک و رەق راکشابێت و ژمارەکەی (13)یە. ئەم ژمارانە لە سەردەمی جینۆسایدی جوولەکەکان دەچێت کاتێک جوولەکەکان دەگیران و هەریەکەیان ژمارەیەکیان لەسەر جلەکانیان یاخود بە سووتاندن یاخود بە کوتان لەسەر جەستەیان هەڵدەکەنران و دەخرانە زیندانەکان و دواتر زۆربەیان دەکوژران و دەبوون بە ژمارە.

ئەم ژنانەی بوون بە قوربانیی توندوتیژیی بە ناوی پاراستنی شەرەف و ئابڕوو، لە ئێستادا ئەوانەی گۆڕیان هەیە ژمارەن و لەناو زیندانی بەزۆر سەپێنراوی گۆڕستانەکان بە جەستەی ساردوسڕەوە راکشاون و خەونە سادە و ساکارەکانیان لەگەڵیان خەوتوون. رەنگە خاوەن ژمارەکان بەختەوەرتر بن لەو کچانەی کە هەر نازانرێت لە کوێ و چۆن بێسەروشوێن کران و لە کوێ نێژراون یان بە کام ئاودا دراون.

سنووری سلێمانی، زەهرا و حەوای بەغدایی، دوعای شنگالی، نورزانی شەمەری، حەسنای زیقاری، فاتیمەی هەولێریی... ئەمانە و هەزارانی وەک ئەم بێتاوانانە لەلایەن بکوژەکانیانەوە چەندین جار بڕیاری کوشتنیان بۆ ئامادە کراوە، جارێک داماڵینی ژن لە هەست و سۆز و بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقین لەنێوان ژنان، جارێکی تر شاردنەوەی هۆکارەکان، ئازادیی تاوانبارەکان، جەرگسووتاندنی دایک و شەرمەزاریی خوشک، گۆڕینی ناو بۆ ژمارە، ناوزەندکردنیان بە بەدڕەوشت. ئەم تاوانانە بەهۆی نەریتێکی قێزەونی هاوردەکراوی بەزۆر سەپێنراوە بەسەر کولتووری کوردەواریدا. ئەوانەی ئەم جۆرە تاوانانە دەکەن، خۆیان گلەیی و گازندە دەکەن و جنێو بە دنیا دەدەن لەسەر نادادپەروەری، کەچی خۆیان گەورەترین تاوان دژ بە دادپەروەری دەکەن. نە دادوەر و نە قازی بڕیارێک دەدەن کە دەسەڵاتی کولتوورێکی دواکەوتووی نێرانە پێی بەخشیون، مەترسیدارترین تاوان؛ تاوانی شەرەفە، سەدان ئاسەواری کۆمەڵایەتی و دەروونیی لەسەر خێزان و کۆمەڵگە بەجێ دەهێڵێن.
هۆکارەکانیش:
1. پێناسەی هەڵە بۆ شەرەف.
2. جیاوازیکردن لەنێوان نێر و مێ لەو رۆژەوەی لەدایک دەبن.
3. لاوازیی پەیوەندیی خێزانیی.
4. ژنان لە هاوکێشەی دەسەڵات و هێز، خاڵە لاوازەکەن.
5. کولتوورێکی بەزۆر سەپێنراو و سوودوەرگرتن لەو بۆچوونە هەڵانە.
6. کەمیی رۆشنبیریی دەربارەی ئایین و یاسا نێودەوڵەتییەکان.
7. لاوازیی دەزگا فەرمی و نافەرمییەکان.
8. سەیرکردنی ژن وەک کاڵا، ئەمەش کاریگەری تەنانەت خستووتە سەر ژن خۆیشی و دوورکەوتنەوە لە خۆپەروەردەکردن و چوونە ناو کایەی ژیان و کارەوە.
9. نەرمیی دادگاکان و دۆزینەوەی بەڵگەیەکی یاسایی نەرمتر وەک ئەوەی کە دەڵێن: رەنگە بکوژەکە لەژێر کاریگەریی بوارێکی دەروونیی خراپدا بووبێت و کەمکردنەوەی سزاکانیان.
10. هەندێک کەس هەن رایان وایە ئەم جۆرە کوشتنە، پاککردنەوەی کۆمەڵە لە حاڵە خراپەکارییەکان.

ئەمانە و دەیان هۆکاری تر، ئێستایش بە سەدان لەو تاوانبارانە بەئازادیی جەستە دەسووڕێنەوە و نە بە یاسا و نە بە دەزگا فەرمی و نافەرمییەکانیان توانیویانە رێگریی لە سەدبارەبوونەوەی ئەو تاوان و تاوانبارانە لە کەمبوونەوەی. هۆکارە سەرکییەکەیش تاکوو ئێستا ئەم کولتوورە دواکەوتووە لە زهنی هەر تاکێکماندا خول دەخواتەوە و نەتوانراوە لاببرێت.

ئیتر کاتی ئەوە هاتووە هەماهەنگی و تۆڕێکی توند و پتەو دروست بکرێت بۆ شەرمەزارکردن و ریسواکردن و دادگاییکردنی هەموو ئەوانەی بەشدارن لە کوشتنی کچ و ژنی بێتاوان و دانانی یاسا و مافەکانی مرۆڤ لە سەرووی هەموو کولتوورێکی ناڕەواوە.

خ.غ
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan