د. عادل باخەوان

د. عادل باخەوان

لە هەرەسی یەکێتیی سۆڤێتەوە بۆ گەڕانەوەی قەیسەر

کاتژمێر 19 و 32 خولەکی ئێوارەی 25  دیسەمبەری 1991 بوو، بۆ دواجار ئاڵا سوورەکەی یەکێتیی سۆڤێت، بە چەکوش و داسەکەوە، لە مەیدانە سوورەکەی مۆسکۆ هێنرایە خوارەوە. چ چرکەساتێکی گەورەی مێژوویی بوو! لە هەمانکاتدا میکایل گۆرباتشۆڤ، دوا سەرۆکی یەکێتیی سۆڤێت، دوا وتاری ماڵئاوایی لە دوازدە خولەکدا پێشکەشکرد و لەگەڵ دەستلەکارکێشانەوەیدا، سەرلەبەری یەکێتیی سۆڤێتیش هەڵوەشایەوە.
 
لەو دوازدە خولەکەدا گۆرباتشۆڤ تەواوی ئەو هۆکارانەی بەکورتی باسکرد کە ئەم ئیمپراتۆریەتە مەزنەی گەیاندە دۆخی هەڵوەشانەوە و هەرەس. ئەو ئێوارەیە چاوەکانی هەموو دنیا لەسەر مۆسکۆبوون و هەر دوای وتارەکەی، تەواوی سەرکردەکانی دنیای ئازاد زۆر بەگەرمی پیرۆزباییان لە راشکاوی و ئازایەتی گۆرباتشۆڤ کرد و وەک پاڵەوانێکی گەورەی مێژوویی پێناسەیان کرد.
 
روسیای پاش یەکێتیی سۆڤێت
ئەو ئێوارەیەی کە کۆی پایتەختەکانی وڵاتانی رۆژئاوا ئاهەنگیان بە بۆنەی هەرەسی یەکێتیی سۆڤێتەوە دەگێڕا، مۆسکۆ وەک غەمگینترین شاری دنیا دەرکەوت و هیچ جۆرە دەربڕینێکی بەختەوەری تێدا بەدینەدەکرا، وەک ئەوەی کە روسەکان نە تووشی شۆک بوون و نە بەختەوەری.

لە راستیدا ئەوەی لە 25  دیسەمبەری 1991 روویدا، دەرئەنجامی پرۆسێسێک بوو کە چەندین ساڵ پێشتر دەستیپێکردبوو. هەر لە رووخانی دیواری بەرلینەوە تاوەکو دەگاتە واژۆکردنی پەیماننامەی ڤارسۆڤی، زنجیرەیەک رووداوی گرنگ و باڵا هەلومەرجی بابەتییان ئامادەکرد کە روسەکان بەخێرایی تێبگەن لەوەی کە خۆری یەکێتیی سۆڤێت لە ئاوابوونێکی حەتمیدایە و ئیتر کاتی ئەوە هاتووە مۆسکۆ، لەجیاتی گەڕان بەدوای سکرتێرێکی نوێ بۆ پارتی کۆمۆنیست، بەدوای قەیسەرێکی نوێدا بۆ جیهانێکی نوێ کە لە دروستبووندایە بگەڕێت.

لەنێو ئەو هەمەلومەرجە بابەتییەدا، سوپای سوور ناچار دەکرێت بەوەی کە یەک بە یەک ئەو وڵاتە ئەوروپییانە بەجێبهێڵێت کە کرابوونە بەشێک لە یەکێتیی سۆڤێت. بەوشێوەیە نیو ملیۆن سەربازی سوپای سوور ناچار دەکرێن بەوەی کە بەزووترین کات چیکسلۆڤاکیا، هەنگاریا و پۆلۆنیا بەجێبهێڵن و ئەمەش وایکرد کە سەرەتاکانی هەڵوەشانەوەی یەکێتی ئەو پازدە کۆمارەی کە سۆڤێیتیان لێ دروستکرابوو دەستپێبکات و یەکەم هەنگاویش  لیتوانیا دەینێت و سەربەخۆیی خۆی رادەگەیەنێت.

هەر لەنێو ئەو هەلومەرجە بابەتییەشدایە کە قەیرانێکی کوشندە روسیا دادەپۆشێت: رێژەی بەرهەمهێنان بەڕادەیەکی دراماتیکی دادەبەزێت، هەڵاوسانی ئابووری دەگاتە لووتکە، گرانی دەبێتە دیاردە، نرخی شتەکان سنوورەکانی بەرزبوونەوە تێدەپەڕێنن و دەسەڵات توانای دابەشکردنی مووچەی لەکاتی خۆیدا نامێنێت و بەشێکی زۆری فڕۆکەخانەکانیش دادەخرێن، بەبێ ئەوەی پڕۆژەی پرۆسترۆیکای گۆرباتشۆڤیش بتوانێت هیچ کاراییەکی ئەوتۆ بەسەر ریفۆرمکردنیانەوە دابنێت.

لە دۆخێکی ئاوا کارەساتاویدایە کە ڤلادیمێر پۆتین وەک پاڵەوانی رزگارکردنی روسیا لە قەیرانەکان و بەهێزکردنەوەی مۆسکۆ و گەڕانەوەی کەرامەت بۆ پێگە جیهانییەکەی خۆی بە وڵاتانی سیستمی ئینتەرناسیۆنال بەگشتی و روسەکان بەتایبەتی دەناسێنێت.
 
قەیسەر و گەڕانەوەی دەسەڵاتی دەستتێوەردان

لە 25  دیسەمبەری 2021 دا، واتە سی ساڵ دواتر، قەیسەرە نوێیەکەی مۆسکۆ چیتر هەمان ئەو کێشانەی نییە و چیتر بەهەمان ئیشکالی و جیهانبینی و خەون و بەرژەوەندی و گرەوی دنیایەکی یۆتۆپی کۆمۆنیستیی نییە. ئەوێک کە بیست و یەک ساڵە لە دەسەڵاتدایە، سەرەتا بە لەنێوبردنی تەواوی رکابەرە ناوخۆییەکانی دەستیپێکرد و ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەکەی لە لاوازترین دۆخدا کورتکردەوە، ڤلادیمێر چیتر ئەو قەیسەرە (وەحیدەیە) کە نابێ هیچ جۆرە (شەریکێکی) هەبێ و هەرکەسێک بۆنی مەترسی لێبێت راستەوخۆ تۆمەتی سیخوڕی بۆ بێگانەی دەخرێتە پاڵ و رەوانەی زیندانە تاریکەکان دەکرێت.

بێ شەریک و بێ رکابەر، قەیسەری نوێ دەستیکراوەیە و هیچ بەربەستێک لە رێگەی خۆیدا نابینێ بۆ بەدیهێنانی ستراتیژی بەهێزکردنەوەی روسیا و تۆڵەسەندنەوە لە هەموو ئەو دەوڵەتانەی کە پێیوایە بەشداربوون لە زەلیلکردنی روسیادا. لێرەوە سەردەمی ڤلادیمێر پۆتین دەبێتە سەردەمی گەڕانەوەی ستراتیژی دەستتێوەردانی مۆسکۆ لە کاروباری دنیادا و سەرەتاش بە جەنگی جۆرجیا لە 2008 دا دەستپێدەکات و دواتر لە 2014 دا دەگاتە ئۆکرانیا.

راستە ئابووریی روسیا لە هەلومەرجێکی بەهێز و سەقامگیر و سەربەخۆ و سەروەری تەواودا نییە و چەندین هەڕەشەی بوونیەوی لەسەرە، بەڵام ئەمە رێگە لەوە ناگرێت کە ڤلادیمێر پۆتین وەک جەندرمەیەکی نوێی سیستمی جیهانی مامەڵە بکات و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و یەکێتیی ئەوروپا ناچاربکات بەوەی کە ملبدەنە داواکاری و خواست و بەرژەوەندییەکانی، چ لە بەلقان، چ لە ئەوروپای رۆژهەڵات و چ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیشدا. کاتێک لە 2014 دا هێزە تایبەتەکانی رووسیا پەلاماری (کریمێ کە نیمچە دوورگەیەکە لە باشووری وڵاتی ئوکراینا) دەدەن و تائێستاش داگیری دەکەن، نە ئەمەریکا و نە ئەوروپا ناتوانن پۆتین ناچاری کشانەوە بکەن.

پەروەردەی نێو مێژوویەک لە دەزگای هەواڵگری، ڤلادیمێر پۆتین هوشیارە بەوەی کە لەکۆتاییدا بەشێکی زۆری ململانێ دیپلۆماتییە جیهانییەکان بە زەبری هێز یەکلاییدەکرێنەوە نەک لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان و هەر ئەم لۆژیکی بیرکردنەوەیەشە کە سەرەڕای قەیرانە ئابوورییەکانی رووسیا، بودجەی سوپا بە رێژەی 175 % بەرزبکاتەوە و بڕی 61,7  ملیار دۆلاری ساڵانەی بۆ تەرخان بکات.

لە رێگەی دەستتێوەردانە بەردەوامەکانی لە جۆرجیا، ئۆکرانیا، سوریا، لیبیا، بیلاڕووسیا،...، ڤلادیمێر پۆتین دەخوازێت بە وڵاتانی سیستمی ئینتەرناسیۆنال بڵێت کە چیتر پەراوێزخستنی رووسیا نەک هەر قبووڵ نییە، بەڵکو گرفتی گەورەش دروست دەکات و ناکرێ بەبێ مۆسکۆ ئێوە بتوانن لەگەڵ قەیرانە گەورەکاندا مامەڵە بکەن و چارەسەریان بۆ بدۆزنەوە.

ئەژنۆکانی قەیسەر لەسەر سنگی ئۆکرانیا
زیاتر لە مانگێکە دەیان هەزار سەربازی رووسی لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانیا مانۆڕی سەربازی دەکەن و هەڕەشەی داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن یەکێتیی ئەوروپا و ئەمەریکاوە زۆر بەجدی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. سەرۆک کۆماری فەرەنسا، ئێمانوێل ماکرۆن و سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا جۆ بادین راستەوخۆ هاتنە سەر هێڵ و دانوستاندنیان لەگەڵ سەرۆک پۆتیندا کرد.

ناچارکردنی یەکێتیی ئەوروپا و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە دانوستاندن لەگەڵ روسیادا، خۆی لە خۆیدا سەرکەوتنێکی دیپلۆماسییە بۆ قەیسەرە بێ شەریکەکەی مۆسکۆ. هەروەها ناڕەزایی مۆسکۆ لە بەرانبەر وەرگرتنی ئۆکرانیا وەک ئەندام لەنێو (ناتۆ)دا بەهەند وەرگیرا و پاریس و واشنتۆن ئامادەییان دەربڕیوە بۆئەوەی لەم بارەیەوە گفتوگۆ لەگەڵ مۆسکۆ بکەن. ئەمەش دیسان سەرکەوتنێکی دیکەی ڤلادیمێر پۆتینە لە بەرانبەر رکابەرەکانیدا.

ئەم دوو سەرکەوتنە هۆکاری سەرەکی ئەوەن کە لە 25  دیسەمبەری 2021 دا، ڤلادیمێر پۆتین بە فەرمی هێزەکانی لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانیا بکشێنێتەوە و بەشێوەیەکی کاتی چڕی مەترسی پەلاماردانی ئۆکراینا خاوبکاتەوە، بەبێ ئەوەی کۆتایی پێبهێنێت.

پۆتین کە ناسراوە بەوەی یاریزانێکی بەهێزی شەترەنجە، زۆر بە وردی و بە زیرەکی و بەوپەڕی عەقڵانیەتی دوور لە سۆزەوە، لەسەر تەختەی شەترەنجەکە یاری دەکات و دەزانێت کەی گوشار لەسەر پاشا دروست دەکات و کەی دەکشێتەوە و لە چ کاتێکی گونجاویشدا پاشاکانی وەک بەشار ئەسەد و ئەلێکساندەر لۆکاشینکۆ دەپارێزت و لە چ کاتێکیشدا کش مەلیکیان لێدەکات.

راستە مۆسکۆ تەواو هوشیارە بەوەی کە لەسەر ئاستی ئابووری و سەربازی و سیاسی واشنتۆن نییە، بەڵام ئەوەش راستە کە چیتر واشنتۆن ناتوانێت مامەڵە لەگەڵ مۆسکۆی 2022 ی ڤلادیمێر پۆتیندا بکات وەک ئەوەی کە هێشتا هەر لە ساتەوەختی هەرەسی یەکێتیی سۆڤێتی 1991دا بێت.

* د. عادل باخەوان، بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر عیراق

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan