د. عادل باخەوان

د. عادل باخەوان

سەرۆک سواری ئەسپەکەی نابێ

لە 7ی مارسەوە، لۆران فابیوس، سەرۆکی ئەنجوومەنی دەستووریی فەرەنسا بە فەرمی ناوی ئەو 12 کەسەی راگەیاند کە بەربژێرن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری فەرەنسا، کە بڕیارە خولی یەکەم لە 10ی ئەپریل و خولی دووەمیش لە 24ی ئەپریل ئەنجامبدرێت.
سەرۆک ماکرۆن کە ئێستا ئیدارەی دوو دۆسیەی گەورە دەکات، جەنگی ئۆکراینا و سەرۆکایەتی یەکێتی ئەوروپا، لە هەمان کاتدا بەربژێرە بۆ بردنەوەی پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار و لە هەردوو لاوە، لای راست و لای چەپییەوە، 11 بەربژێری دیکە پەلاماری دەدەن و خۆیان بۆ چوونە ژوورەوەی کۆشکی ئێلیزێ ئامادەکردووە.
 
مێژوویەکی درێژە کە گۆڕەپانی سیاسی فەرەنسی بەسەر پێنج گرووپدا دابەشبووە. گرووپەکانی راست، گرووپەکانی راستی رادیکاڵ، گروپەکانی چەپ، گروپەکانی چەپی رادیکاڵ، هەروەها گروپەکانی ناوەند. لەنێو هەر دوانزە کاندیدەکەدا، تەنها ئێمانیول ماکرۆن نوێنەرایەتی ناوەند دەکات و ئەوانی دیکە بەسەر گروپەکانی دیکەدا دابەشبوون.
 
لە دۆخی ئاساییدا، سەرۆککۆمار کە خۆی بۆ خولێکی دیکەی سەرۆکایەتی کۆمار بەربژێر دەکات، ئاسمانی کۆشکی ئێلیزێ بەجێدێڵێت و بۆ پێشبڕکێکردن دێتە سەر زەوینی بەربژێرەکانی دیکە و سواری ئەسپەکەی دەبێت و وەک ئەوان یان خێراتر هەوڵی غاردان دەدات. 
 
ئێستا هەر یانزە بەربژێرەکەی چاوەڕوانن کە سەرۆک ماکرۆن لە کۆشک بێتە دەرەوە و بێتە مەیدانەکە و سواری ئەسپەکەی ببێت و لەگەڵیاندا پێشبڕکێی هەڵبژاردن بکات، بەڵام سەرۆک تائێستاش وەڵامی ئەم چاوەڕوانییە ناداتەوە و ئامادە نییە سواری ئەسپەکەی ببێت و پێتوایە ئیدارەکردنی جەنگی ئۆکراینا و سەرۆکایەتی یەکێتی ئەوروپا زۆر گرنگترە بۆ بەرژەوەندییەکانی کۆماری فەرەنسا و دەبێت کاتەکانی بۆ ئەوە تەرخان بکات نەک دابەزێتە مەیدانەکە و دیبەیت لەگەڵ رکابەرەکانیدا بکات.
ئەم بڕیارەی سەرۆک جۆرێک لە حیرمانی لای رکابەرەکانی دروستکردووە، حیرمانی نەبوونی دیبەیت لەگەڵ ئەو کەسەدا کە پێنج ساڵە لە کۆشکی ئێلیزێدایە و ئێستا بەربژێرە، بەڵام هەلومەرجی بابەتی رێگەنادات کە شەپۆلی رەخنەکانیان ئاراستە بکەن. 
کێن رکابەرەکانی ماکرۆن ؟ تاوەکو چەند شانسی ئەوەیان هەیە کە ململانێی لەگەڵ بکەن و یارییەکەی لێببەنەوە ؟ ئەم وتارە هەوڵدانێکی خێرایە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە.
 
لای راستی سەرۆک
 
راستەکانی فەرەنسا کە بە کۆمارییەکان ناسراون، یەک بەربژێری فەرمیان هەیە کە ناوی ڤالێری پێکرێسە. ئەم خانمە تەمەنی 54 ساڵە و بە یەکێک لە خوێندکارەکانی سەرۆک جاک شیراک ناسراوە و لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا راوێژکارێکی نزیکی بووە. لە ساڵی 2002ەوە بووەتە ئەندامی پەرلەمان و نوێنەرایەتی ناوچەی ئێڤلین دەکات کە ڤێرسای پایتەختەکەیەتی. ناوچەی ئێڤلین یەکێکە لە ناوچە هەرە دەوڵەمەندەکانی فەرەنسا و سەرزەوینی مێژووی راستڕۆیەکانی فەرەنسایە. 
 
لە سەردەمی سەرۆکایەتی نیکۆلا سەرکۆزیدا لەنێوان 2007 و 2012 دا، مادام پێکرێس چەند پۆستێکی وزاری وەردەگرێت و لە ساڵی 2015 وە تائێستاش سەرۆکی هەرێمی ئیل دوو فرانسە کە دەکاتە تەواوی ناوچەی پاریس و، ئەمەش پێگەیەکی یەکجار گرنگە بۆ هەر کەسێک کە رۆژێک خەون بە کۆشکی ئێلیزێوە ببینێت. ڤالێری پێکرێس، لەسەر هەمان رێگەی جاک شیراک، دژی ئەوەیە کە راستەکان هاوپەیمانی لەگەڵ گرووپەکانی راستی رادیکاڵ دا ببەستن و باوەڕی تەواوی بە دیمۆکراسی لیبراڵ و تێکەڵکردنی بە دادی کۆمەڵایەتی هەیە. لە 4 ی دێسەمبەری 2021 ەوە و بە فەرمی بەربژێری کانە بۆ کۆشکی سەرۆکایەتی. شانسی  ڤالێری پێکرس لە ئەمڕۆدا و لەبەرامبەر سەرۆک ماکۆرندا تەنها 12,7% و هۆکاری یەکەمی ئەم لاوازیەش بریتییە لە جەنگی ئۆکراینا کە هەموو رووناکییەکانی خستووەتە سەر سەرۆک ماکرۆن.
 
لای راستی رادیکاڵی سەرۆک
 
بەپێچەوانەی لای راستی سەرۆکەوە کە تەنیا یەک بەربژێری تێدایە، لەوپەڕی راستی سەرۆکەوە، راستی رادیکاڵ، سێ بەربژێری تووندڕۆ ئامادەن و نەک هەر دان بە سەرۆک ماکرۆن دانانێن، بەڵکو دان بە ڤالێری پێکرێسیشدا نانێن و بە نوێنەری راستی فەرەنسی نازانن.
 
مارین لۆپێن، تەمەنی 53 ساڵە و کچی دامەزرێنەری بەرەی نیشتمانیی تووندڕۆ و لە 2011 ەوە جێگەی باوکی گرتووەتەوە و سەرۆکایەتی حیزبەکەی وەرگرتووە و لە 2018 دا ناوی حیزب دەگۆڕێت بۆ گردبوونەوەی نیشتمانی. ستراتیژیی مارین لۆپێن ئەوەیە کە حیزبەکەی ئاسایی بکاتەوە و فەرەنسییەکان قەناعەت پێبکات کە تەنیا حیزبی ئۆپۆزیسیۆن نین بەڵکو دەتوانن دەسەڵاتیش بەڕێوە ببەن.
 
لە مێژووی سیاسیدا مارین چەندین بەرپرسیارێتی جیاوازی هەبووە، هەر لە ئەندامبوون لە پەرلەمانی ئەوروپاوە تاوەکو دەگاتە ئەندامبوون لە پەرلەمانی فەرەنسا. ساڵی 2017 توانی سەرکەوێت بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی فەرەنسا، بەڵام لە کۆتاییدا و لەبەرامبەر ئێمانوێل ماکرۆندا یاریەکەی دۆڕاند. ململانێی ئێستای مارین لۆپێن بریتییە لە دووبارەکردنەوەی سیناریۆی 2017 و ئەگەر نەتوانێت لە خولی یەکەم سەرکەوێت بۆ خولی دووەم، بەدڵنیاییەوە رووبەڕووی شکستێکی گەورە دەبێتەوە. لەگەڵ ئەو 17%  کە هەیەتی، مارین لۆپێن تائێستا شانسی ئەوەی هەیە کە لە خولی دووەمدا رووبەڕووی سەرۆک ماکرۆن ببێتەوە.
 
ئێریک زێموور، 63 ساڵ، رۆژنامەڤان و نووسەر و ئەستێرەی میدیاکانی فەرەنسا، یەکێکە لە بەربژێرە هەرە تووندڕۆیەکانی راستی فەرەنسی و کۆی ستراتیژیەتی خۆی لەسەر دژایەتیکردنی ئیسلام و موسڵمانان دروستکردووە و پێیوایە ئەگەر فریای کۆمار نەکەوێت، ئیسلام داگیری دەکات و ئەوەی لەژێر مەترسیدایە کۆی شارستانیی فەرەنسایە.
 
 بەو 13,2%  کە هەیەتی، زێموور خەون بەوەوە دەبینێت کە بگاتە خولی دووەم و دیبەت لەگەڵ ئێمانوێل ماکرۆندا بکات. ئەگەر زێموور بگاتە دەسەڵات، یەکێک لە پڕۆژە هەرە سەرەکییەکانی ئەوەیە کە هەر فەرەنسییەک ناوێکی ئیسلامی هەبێت ناچار دەکرێت بەوەی کە ناوی خۆی بکاتە فەرەنسی، بۆنموونە : هەرچی محەممەد هەیە دەبێت بکرێنە میشێل.
 
نیکۆلا دیوپۆن ئینیۆن، 61 ساڵ و سەرۆکی پارتی هەستەسەرپێ کۆمارە، کە لە ساڵی 2007 دا دایمەزراندووە و پێیوایە میراتگری جەنەرال دووگۆلە و لە یەک کاتدا کار لەسەر سەروەری فەرەنسا و رەتکردنەوەی یەکێتی ئەوروپا دەکات. بەپێی هەموو راپرسییەکان لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا رێژەی 1,79 % تێناپەڕێنێت.
 
لای چەپی سەرۆک
 
لای چەپی سەرۆکیشەوە، رێک وەک لای راست، تەنیا یەک بەربژێر هەیە. پارتی سۆسیالیستی فەرەنسا کە ئێستا بەقۆناخێکی زۆر هەستیار و تەواو لاوازدا تێدەپەڕێت، هەڵبژاردنی ناوخۆیی سازدا و لە کۆتاییدا ئان ئیدالگۆیان وەک بەربژێری فەرمی حیزب دەستنیشانکرد.
 
ئان ئیدالگۆ، کە تەمەنی 62 ساڵە،  ئێستا سەرۆکی شارەوانی پاریسە و بەیەکێک لە پەروەردەکراوەکانی یونێل جۆسپان، سەرۆک وەزیرانی پێشووی فەرەنسا پێناسە دەکرێت. ئان ئیدالگۆ کەسایەتییەکی رێزلێگیراو و خۆشەویستە لای چەپەکان، بەڵام لە بواری کاریزما و سەپاندنی هەژموونی خۆیدا بێسنوور لازاوەو تائێستاش نەک هەر نەیتوانیوە چەپەکان لە دەوری پڕۆژەیەک کۆبکاتەوە، بەڵکو نەیتوانیوە باڵە جیاوازەکانی حیزبەکەشی لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە. بەو 2% کە ئان ئیدالگۆ هەیەتی، زۆر ئەستەمە بتوانێت خولی یەکەم بەسەرکەوتوویی ببڕێت و لە خولی دووەمدا رووبەڕووی سەرۆک ماکرۆن ببێتەوە.
 
لای چەپی رادیکاڵی سەرۆک
 
جان لیوک میلانشۆ، 70 ساڵ، سەرۆکی پارتی فەرەنسای یاخی، بەهێزترین ئەکتەری چەپ و چەپی رادیکاڵە کە بتوانێت رێژەی 12% دەنگدەر بەشێوەیەکی نەگۆڕ بەدەستبێنێت.
 
میلانشۆ یەکێکە لە رەوانبێژە هەرە بەنێوبانگەکانی ئێستای کۆمار و لە کاتی وتارەکانیدا دەتوانێ هەزاران کەس سازبدات و بیان هێنێتە جۆش و خرۆش.  لە 2017 دا رێژەی 19,6 % بەدەستهێنا و ئەمەش وەک رووداوێکی مێژوویی باسکرا، چونکە یەکەمجارە بەربژێرێکی چەپی رادیکاڵ بتوانێ بگاتە ئەو ئاستە هەرە بەرزە. سەرکەوتن بۆ خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی گرەوێکی بەهێزە لەنێوان مارین لۆپین لە راستی رادیکاڵ و جان لیوک میلانشۆ لە چەپی رادیکاڵ. بەڵام شانسی مارین زیاتر بۆئەوەی خۆی لەبەرامبەر سەرۆک ماکرۆندا ببینێتەوە تاوەکو جان لیوک.
 
یەنیک جادۆ، 54 ساڵ، بەربژێری سەوزەکانی فەرەنسا و بە 5,05% پێیوایە تائێستاش شانسی ئەوەی هەیە کە کۆی چەپەکان لە چوارچێوەی پرۆژە رادیکاڵەکەی خۆیدا کۆبکاتەوە و فەرەنسایەکی سەوز لەسەر بنەمای دادی کۆمەڵایەتی بینابکاتەوە.
فابیان روسێل، 52 ساڵ، بەربژێری پارتی کۆمۆنیستی فەرەنسا و بە 4,02%  خەون بە کۆشکی ئێلیزێوە دەبینێت و پێیوایە لە کۆتاییدا فەرەنسییەکان لە خەو هەڵدەستن و دەنگ بە پرۆلیتاریای کرێکاری دەدەن.
 
فیلیپ پوتو، 54 ساڵ و بەربژێری پارتی نوێی ئەنتی کاپیتالیستە و تەنیا 1% دەنگدەری هەیە. هێزی فیلیپ پوتو لە نێوبانگە میدیاییەکەیدایە، لەبەرئەوەی هەمیشە وەک کرێکارێک خۆی دەخاتە سەر شانۆکان، سۆزی بەشێک لە جەماوەری بۆ لای خۆی راکێشاوە.
 
ناتالی ئارتۆ، بەربژێری ململانێی کرێکارییە و تەمەنی 52 ساڵەو تەنیا  0,05% دەنگدەری هەیە، بەڵام حیزبەکەی هەر سوورە لەسەر بەربژێرکردنی.
 
کۆتایی 
 
لەنێو کۆی ئەم هاوکێشەیەدا دەکرێت هەموو پێگەکان گۆرانکاریان بەسەردا بێت، دەکرێت رێژەکان بەرزببنەوە و دابەزن، دەکرێت بەربژێرێک لەبەرژەوەندی بەربژێرێکی دیکە بکشێتەوە، بەڵام ئەوەی کە داتایەکی تاڕادەیەکی زۆر نەگۆڕە پێگە هەژمووندارەکەی سەرۆک ماکرۆنە و بەو  28%کە هەیەتی هەموو شانسەکانی لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی ببێتە یەکەمی خولی یەکەم و لە خولی دووەمشدا هەر کەسێکی لە بەرامبەردا بێت، لۆپێن یان میلانشۆ، بەلای کەمەوە و بەڕێژەیەکی گەورەی وەک 60%  یاریەکە بەرێتەوە.
 
بەپێی هەموو راپرسییەکان زۆرینەی هەرە زۆری فەرەنسییەکان پێنج ساڵی دیکەی سەقامگیریان لەگەڵ ئێمانوێل ماکرۆندا دەوێت، هەر ئەمەش وادەکات کە تاوەکو ئاستێکی یەکجار بەرز لە بەرامبەر بەربژێرەکانی دیکەدا بێباکبێت و جارێ ئامادە نەبێ سواری ئەو ئەسپەی کێبڕکێی هەڵبژاردن ببێت کە لەبەر دەرگای کۆشکی ئێلیزێدا چاوەڕێی دەکات.
 
*بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan