سۆزان  حەمەتاتە

سۆزان حەمەتاتە

نە شۆڕش کۆتایی دێ و نە بۆردوومانکردنەکان


ئەوەی رۆژی چوارشەممە سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردی بەرانبەر حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، جگە لەوەی لە دەرەوەی یاسا و رێسا مرۆیی و سیاسییەکانە لەهەمانکاتدا پێویستە ئەوەش لامان روون بێت کەوا ئەو جۆرە هێرشانە کۆتایی نایەت، هەروەها بزووتنەوەی ئازادیخوازیی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانیش بەهەمان شێوە کۆتایی نایەت.

جەستەی سیاسیی ئێران شەقار شەقار بووە، کاتێک سیستمێک تووشی نامۆیی بە کۆمەڵگە دەبێتەوە، ئیتر سەرەتاکانی مەرگی دەردەکەون، بەڵام رەنگە دەیان هۆکاریش هەبن بۆ ئەوەی مەرگەکە لەسەرخۆ بێت و چەند دەیەیەکی بووێت. ئێستا دەبینین تەمەنی ئێران ئەو قۆناغانەی تێپەڕاندووە، ناڕەزایەتییەکان گەیشتوونەتە لووتکە، بۆیە بارودۆخی سیاسیی ئێران چووەتە قۆناغێکی نوێی نەرێنییەوە، کۆمەڵگەی ناوخۆیی ئێرانی و لۆبی لە دەرەوە و زۆرینەی هێزا دیموکراتخوازەکان هاتوونەتە سەر هیڵ بۆ ئەوەی ئێران واز لەو جۆرە سیاسەتکردنەی بهێنێت و رێز بۆ ئازادییەکان بگەڕێنێتەوە.

خۆپیشاندانەکانی ئێران هەر بە تەنیا کورد تیایدا بەشدار نییە، بەڵکو زۆرینەی نەتەوەکانی دیکە تیایدا بەشدارن، ئەو کۆبوونەوەیەی نەتەوەکانی ئێران لە دەوری یەکتر ئەگەر درێژە و بەردەوامی و ستراتیژی هەبێت، ئەوا گۆڕانکاری لە سیاسەتی ئێران دەهینێتە ئاراوە، رەنگە بتوانێت بەلایەنی کەمەوە مەودای ئازادییەکان فراوانتر بکات و ئەوەش بۆ قۆناغێک دەستکەوتە.

بەیاننامەکەی سوپای پاسداران دوای بۆردوومانی بارەگاکانی کۆمەڵە و دیموکرات و پارتی ئازادیی کوردستان زۆر تووندبوو، لە هەمووی تووندتر باسی لە "بەردەوامی" کردووە ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان رێگەی کرداری نەگرێتەبەر بۆ رێگرتن لە چالاکیی ئەو حزبانە.

لێرەدا دوو سیناریۆ هەیە:
یەکەمیان: حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان واز لە چالاکییە نهێنی و ئاشکراکانیان بهێنن و بەبێ دەنگی دابنیشن و چاوەڕێی قەدەر بکەن، بێگومان ئەوەش یەکسانە بە ئاشبەتاڵ و کۆتاییەکی تاڵ و ئەوەش ئەگەری روودانی کەمە؛ کەواتە شۆڕش بەردەوام دەبێت.
دووەم: بەردەوامیی تۆببارانەکان و هەر چالاکییەکی دیکەی سەربازیی ناتوانن بگەنە ئەو ئاستەی کۆتایی بە کورد و شۆڕشەکەی بهێنن، بۆیە چەند بەردوام بێت و زیانی گیانی و مادی و مەعنەوی هەبێت، ئەوا ئاسۆی خەونەکان و خەبات بۆ ئازادیی فراوانتردەبن.

هەندێکجار بەردەوامیی، مرۆڤ یان هێزی سیاسی و دەوڵەت بەرەو کۆتایی و رووخان دەبات، بەڵام بەردەوامی بۆ کورد لە هەر شوێن و بەشێکی کوردستان بێت، چارەنووسە و ناکرێ دەستبەرداری بین، با نرخەکەی گرانیش بکەوێت.

خ.غ
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan