سۆزان  حەمەتاتە

سۆزان حەمەتاتە

بە جیهانیبوونی دۆزی ژنانی کوردستان و ئێران

لە دروستبوونی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، ژنانی ئەو وڵاتە بەشێوەیەکی گشتی دووچاری ستەم و زەوتکردنی ئازادییەکانیان بوونەتەوە، لەو نێوەدا ژنانی کورد دووجار ستەمیان لێکراوە؛ یەکەمیان مافە نەتەوەییەکانیان لێزەوتکراوە و خاک و نیشتمانیان داگیرکراوە، دووەمیشیان ئازادییەکانی ژیانکردن و بیرکردنەوەیان لێ زەوتکراوە و بەناوی ئایینەوە چەوسێنراونەتەوە. خاڵی وەرچەرخان لێرەدا ئەوەیە، سەرەتاکانی کۆتاییهاتنی ستەمی سەر مرۆڤ و نەتەوە و ئازادییەکانی ئێران لەسەر دەستی ژنی کورد بوو و ئەوەتا دەبینین خۆپیشاندانی فراوان و بە نێودەوڵەتیکردنی دۆز و ئازادییەکانی ژن بەهۆی ژنی کوردەوەیە.
رۆژی پێنجشەممە بەرواری 20ی تشرینی یەکەمی 2022 مێلانی ژۆلی، وەزیری دەرەوەی کەنەدا لە کۆنفرانسێکدا کە بەشێوەی ئۆنلاین رێكیخست لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای ژنان لە جیهاندا، داوایلێکردن "پاڵپشتی داوا و مافەکانی ژنانی ئێرانی بکەن".
مێلانی ژۆلی ئەوەشی وت "کچان رووبەڕووی سەرکوتکارییەکان و نایەکسانیی جێندەری ئێران بوونەتەوە و ئەمەش رووبەڕووی مەترسییەکی گەورەی کردوونەتەوە. ئێستا ژنانی ئێرانی پێکەوە قسەدەکەن و چیتر چاوپۆشی لە سیاسەتی دەسەڵات بەرانبەر رۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەدا ناکەن".
ئەو کۆنفراسە جگە لەوەی وەزیرانی دەرەوە و بەرپرسانی باڵای 34 وڵات تیایدا بەشداربوون و هەمووشیان ژن بوون، گرنگی تریشی هەیە وەکو:
یەکەم: دۆز و ئازادییەکانی ژنانی ئێران بووەتە پرسێکی جیهانی و دەیانەوێت ژنان لەم شۆڕشەیاندا سەربکەون و ئازادبن.
دووەم: کۆمەککردنی خۆپیشاندانەکانی ئێران لەلایەن ناوەندە کولتووری و مەدەنی و دامەزراوەکانی هونەرییە جۆراوجۆرەکانەوە.
سیێەم: چەندین هونەرمەندی گەورەی جیهان لەسەر ژینا ئەمینی هاتنەدەنگ و چەندین شێوەکاریش تابلۆی ژینا ئەمینییان کێشا.
چوارەم: دۆزی کورد و ئازادییەکانی ژنانی کورد لە رۆژهەڵات بووە بابەتی گەرم و ژینا ئەمینی سەرەرای شەهیدکردنی، بەڵام نوێنەرایەتی ئەو دۆزە دەکات و بووەتە دیاردەیەکی جیهانی.
ئێستا دەرفەتێکی گرنگە بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی جیهانی کورد لۆبی خۆی ئەکتیڤ بکاتەوە، سازکردنی کۆر و کۆبوونەوە و خۆپیشاندان و بەستنی کۆنفرانسی گەورە لە زانکۆ و شارە بەناوبانگەکانی جیهان، گرنگی زۆری هەیە، بەتایبەت پێگەی ئێران لەئێستادا لاوازبووە و وڵاتانی ئەوروپا سزای زیاتریان خستووەتە سەری، هەروەها بەهۆی هاوکاریی سەربازیی رووسیا لە شەڕکردنی دژی ئۆکرانیا، جیهان زیاتر دژی ئێران هەنگاودەنێن.
 
ئەو بە جیهانیبوونەی دۆزی ژنانی کوردستان و ئێران دەرفرتێکی گرنگە و لەدەستبدرێ ئەستەمە وا جارێکی تری زوو هەڵبکەوێتەوە.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan