هیوا  محەمەد

هیوا محەمەد

حکومڕانییەکی هاوبەشی فرەیی بۆ هەرێم

نزیک بە 15 ساڵە و لەدوای دروستبوونی کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی و سەرهەڵدانی بزووتنەوەی گۆڕان، بارودۆخی ئەم دەڤەری سەوزە کە بە هیمەتی هەمووان سەوز کرا بوو، تێکچوون و پەشێویی تێکەوت.

لە کایەی سیاسی و بەڕێوەبردنی وڵاتدا حزبەکان ئەگەر پاشقولیش لەیەک نەگرن، بەڵام خۆشحاڵ دەبن بە تێکچوونی دۆخی یەکتر، ئەمە بۆ هەموو حزبێک هەر وایە، چونکە لاوازبوونی حزبی بەرانبەر، واتای بەهێزبوونی ئەوی ترە.

چەند جارێک هێمنی باڵیکشاند بەسەر پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و گۆڕان، بەڵام دیاربوو رۆڵی ئەوانە زیاتر بوو کە ئەمەیان نەدەویست، بۆیە نەتوانرا چاک بکرێتەوە.

بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە ئۆکتۆبەری 2021 و بە هەوڵی دڵسۆزانەی کەسایەتییە بە پەرۆشەکانی ناو یەکێتی و گۆڕان، هاوپەیمانیی لەنێوانیان دروستبوو بۆ چوونە ناو هەڵبژاردن، بەڵام بەداخەوە ئەنجامی هەڵبژاردن و دەرنەچوونی یەک کاندیدی گۆڕان لەو هاوپەیمانییەدا، بووە هۆکاری ئەوەی چیدی درێژە بە زیاتر لێک نزیکبوونەوە نەدرێت و گۆڕان لێی سارد بۆوە.

هەمووان دەزانن بۆ دروستنەبوونی تاکڕەویی حکومڕانیی لە هەرێم، پێویستە لایەنەکانی بەرانبەر و ئەوانەی تاکڕەوییان لا پەسند نییە، لە بەرەیەکدا کۆببنەوە، ئەگەر بەڕاستی دەیانەوێت سەقامگیریی و ئارامی و خۆشگوزەرانیی بۆ خەڵک دابینبکەن، ململانێکان بۆ پۆست و دەسەڵات هیچیان لێ شین نابێت.

کۆبوونەوەی چوارقۆڵیی یەکێتی و گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵی دادگەری و دەرکردنی بەیاننامەیەک، ئەوەی دەرخست کە نزیکییەک لە بۆچوونەکان و تێڕوانینیان بۆ دۆخەکە هەیە و ئەمەش هەنگاوێکی باشە.

دوا دیداری یەکێتی و گۆڕان لە رێگەی سەردانی هەڤاڵ بافڵ بۆ لای رێکخەری بزووتنەوەی گۆڕان، هەنگاوێکی دیکەی پەرۆش ئامێزی یەکێتی و سەرۆکەکەیەتی بۆ گۆڕینی بارودۆخەکە.

پێویستە گۆڕان لەگەڵ یەکێتی هاودەنگ و را بێت لە تێڕوانیان بۆ دۆخەکە، بەرژەوەندییەکانی حزبێک لەوەدا نییە چەند پۆستێکی بە رواڵەتیان لە حکومەتدا هەبێت، بەڵکو لەوەدایە کە هەنگاوەکانیان بۆ بنیاتنان و خزمەتگوزاریی بێت، بۆ ئارامی و سەقامگیری و سەروەریی یاسا و چەسپاندنی دادپەروەری بێت.

دروستکردنی یەک هاوپەیمانی لەنێوان سەرجەم ئەو حزبانەی کە گلەییان لە دۆخەکە هەیە، سەنگی مەحەکە بۆ راستکردنەوەی شێوازی حکومڕانی.

دەکرێت دەنگەکان پەرتەوازە نەبن، دەکرێت کارێک بکرێت کە ئەم هاوپەیمانییە دەنگی زۆرینە بێنێت و گۆڕانکاریی بەسەر فراکسیونەکانی ناو پەرلەمانی کوردستاندا بێت.

ئەمە تاکە شێوازی ئاشتییانەی یاساییە کە دەتوانین بیکەین و دوور لە توندوتیژی و یەکتر سڕینەوە بین.

گومانی تێدا نییە ئەگەر دوو براش لە خێزانێکدا کێشەیان هەبێت، لای باوک و دایکیان بۆ داکۆکی لە خۆیان یەکتر تاوانبار دەکەن و کێشەکان لەسەر یەکتر خەست دەکەنەوە، لە حزبایەتیشدا هەر بەم جۆرەیە و ئەمەش بەو مانایە نییە کە ئیتر هیوای ئاشتبوونەوە و گفتوگۆکان و رێکەوتن نەمابێت.

هەرێمی کوردستان حکومڕانییەکی هاوبەشی فرەیی دەوێت، ئەمەش بە دروستکردنی هاوپەیمانیی دێتەدی.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan