داهۆ سالم
سەردەمی شکستەکان
25ی ئەیلولی 2017 کۆتایی قۆناغی گەشانەوە و دەستپێکی نەهامەتی سیاسییە بۆ دەسەڵاتی کوردی. دەتوانین تەمەنی حوکمڕانیی کوردی دابەشبکەین بۆ دوو قۆناغی سەرەکی؛ پێش ریفراندۆم و دوای ریفراندۆم. ئەم دابەشکردنە پەیوەستە بەو گۆڕانکارییەوە کە لەدوای ریفراندۆمەوە بەسەر ئەزموونی حوکمڕانیی کوردیدا هاتووە. ئەم پۆلێنکارییە لەسەر بنەمای سەنگ و کاریگەریی دەسەڵاتی کوردییە لە عیراقدا. بۆیە دەڵێین عیراق و خۆمان بەدوور دەگرین لە رۆڵە هەرێمایەتی و نێونەتەوەییەکەی، چونکە جێگە و پێگەی هەرێم لە دەرەوە یەکسەرە بەستراوە بە هەمان ئەو رۆڵەیەوە لە ناوخۆی عیراقدا هەیەتی. لێرەوە ریفراندۆم دەبێتە دەستپێکی رۆژگاری شووم و پاشەکشەی سیاسی بۆ حکومەتی هەرێم.
هەڵبەتە ئەم بۆچوونەی ئێمە بۆ توانج و مەرامی سیاسی نییە ئەوەندەی بۆ بەخۆداچوونەوە و راگرتنی شکستی زیاترە. وەک بەقسەی ئێمەومانان نا، بەڵکو بەپێی فەرهەنگی رۆژنامەڤانیی جیهانی، ریفراندۆم پرۆسەیەک بوو بێ ئەملاولا شکستیهێنا و بە Failed referendum ناوزەدکرا. نەک هەر خوودی پرۆسەکە شکستیهێنا، بەڵکو زیانی دوابەدوا "تبعی"یشی هێنایە سەر دەستکەوتەکانی هەرێم. جا بۆیە ئەزموونی باشووری کوردستان لەدوای راپەڕینەوە سەرباری هەموو گرفت و ئاستەنگەکان، بەردەوامبووە لە پێشڤەچوون و بەدەستهێنانی دەستکەوتی سیاسی و ئابووری، کە لەبەرەی کوردستانییەوە دەستیپێکرد و تاکو چرکەساتی ریفراندۆم بەردەوامبوو، بەڵام رێک لەدوای ریفراندۆمەوە غلۆربووەتەوە و رۆژ لەدوای رۆژ شکۆ و سەروەریی کەمدەبێتەوە و دواترینیان بڕیاری دادگەی فیدراڵی بوو لەمەڕ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان.
لە ریفراندۆمەوە بۆ درێژکردنەوەی پەرلەمان، زنجیرەیەک پاشەکشەی هەرێمە کە هەموو ئەو شکستانە پێش ئەوەی لەسەر مێزی دادگەکانی عیراق و وڵاتاندا شکستبهێنن لەناو خۆی هەرێمدا شکستیان هێنابوو. یەکێک لەوانە هەناردەکردنی نەوت و ئابووریی سەربەخۆ بوو، کە بوو بە مایەی قۆرخکاری سیاسی و راوەستانی پرۆژەکان و نەمانی دامەزراندن و بێمووچەیی و راگرتنی هەموو جۆرەکانی پێشینە و لە هەموو ئەمانە خراپتر جیاکاریی زۆن و شار و قوڵکردنەوەی دوو ئیدارەیی و ئاشووبی هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی هەرێم و بێ متمانەیی سیاسی.
ئێستا نازانرێت ئەم غلۆربوونەوەیە تاکوێ دەڕوات و لەکوێدا لەنگەر دەگرێت، نە ئەنجومەنێکی سیاسی و نە کۆمیسیۆنێک نییە فیدباکێک بۆ ئەم هەموو شکست و پاشەکشەیە بکات. هیچ بزاڤێکی میللی و رۆشنبیری و دەستەیەکی یاسایی یان دامەزراوەیەک نییە بەرپرسیارێتیی شکستی ریفراندۆم و ئابووریی سەربەخۆ و بەشە بودجەی هەرێم لە سەدا هەڤدە وا بۆ سەدا دوازدە، وە ئەستۆی کەس و لایەنێک بخات. هەر لەدوای ریفراندۆمەوە ئیدی لە دەمی نوێنەر و نێردەی وڵاتانیشەوە چەندین جارە پەیڤی هۆشداریی ئامێز ئاراستەی دەسەڵاتی کوردی دەکرێت و پوختەکەی ئەوەیە "ئاوا بۆتان ناچێتەسەر"، پێشتر ئەم جۆرە وشانەیان پێمان نەدەوت. تەنانەت لەڕووی سایکولۆژییەوە، لەدوای ریفراندۆمەوە تاکی کوردی لە گێژاوی بێ ئومێدی و رەشبینی و نادیاری چارەنووسیدا دەژی.
وەک ئاماژەمان پێدا، لە رۆژی 5ی ئاداری ساڵی 1991ەوە ئەزموونی حوکمڕانی لە بوژانەوە و بەرەوپێشچوندا دەبێت تاکو 25ی ئەیلولی ساڵی 2017، رێک لەوە بەدواوە لە پاشەکشەدایە تاکو ئێستا و هێشتا ئەوسەریشی دیار نییە. بۆیە 25ی ئەیلول بۆ ژیانی سیاسی ئەم هەرێمە، خاڵی جیاکەرەوەیە لەنێوان رۆژگاری شکۆمەندی و پرشنگداری لەلایەک و دەورانی شکست و نەهامەتی لەلایەکیتر. بڕیاری ئازایانە و بەپرسیارانەیە ئەوەیە هەڵەکان دەستنیشانبکرێن و هۆکارەکانی دیاریبکرێن و بەرپرسیارێتیەکەشی لەئەستۆ بگیرێت لەپێناو خۆگرتنەوە و پێشگرتن لە شکست و پاشەکشەی زیاتر.
خ.غ