داهۆ سالم

داهۆ سالم

ئێران، لەنێوان شیعەی باڵانسی و شیعەی وەلائیدا

کاتێک قسە لەسەر عیراق دەکرێت، بۆ ئەوەی روونتر بدوێین، ئێستا عیراق گۆڕەپانی ململانێی ئەمەریکا و ئێرانە. لە راستیدا پرۆسەی رووخانی بەعس پرۆسەی رادەستکردنی عیراقە بە ئێران. رووخان و گۆڕینی رژێمێکی سەرسەخت و شەڕانگێزی وەکو بەعس لە دەروازەی رۆژھەڵاتی خاکی عەرەبان، رووخانی دیوارێکی بەھێز و پەرژینێکی توند و تۆکمەی گەلی عەرەب بوو لە بەرانبەر دوژمنێک و رکابەرێکی بەھێز و دیرۆکی بلۆکی سوننی لە ناوچەکەدا کە ئێرانە. پرۆسەی ئازادیی عیراق پرۆسەی واڵاکردن و  بەرەڵاکردنی ماڵی عەرەبە لەبەردەم تەوژمی شیعەگەرایی ئێرانیدا. ئێستاش وێڕای ناکۆکی و لێکتێنگەشتنی نێوانیان، ھێشتا بەغدا خاڵی ھاوبەشی مابەینی ئێران و ئەمەریکایە، ئەستەمە گرەو لەسەر پشێوی ئەو شارە بکەن. دەستوەردانیش لە ھەڵبژاردنەکانی عیراق، کایەیەکی تر و بوارێکی تری زۆرانبازی نێوان ئەو دوو ھێزەیە و "سەدر"یش ھێزێکی سازان لەسەر کراوە لەنێوانیاندا.

چ ئەمەریکا و چ ئێرانیش، ھەردوولایان کۆکن لەسەر ئەوەی نابێ دۆخی بەغدا تێکبچێت. بەڵگەی نزیک و ھەر زیندووش ئەوەیە، لەسەروەختی کشانی داعش لە ساڵی 2014دا بەرەو دەروازەکانی بەغدا، ئەمەریکاش ھاوشێوەی ئێران بە ھاڵەدەوان خۆیان گەیاندە بەغدا بۆ پاراستنی. ئەو ناکۆکی و ململانێیەی ئەوڕۆکە لەنێوان ئەمەریکا و ئێراندا ھەیە لە گۆڕەپانی عیراقدا لەسەر خودی عیراق و بەغدا نییە، بەڵکو لەسەر خەون و ھەڵپە و ھەڵکشانی خواستەکانیانە لە بوارەکانی تر لەسەر ئاستی جیھانی و هەڵبەتە دەکشێ و تەشەنەدەستێنێ و عیراقیش دەگرێتەوە.

لەدوای رووخانی سەدامەوە، ئێران حاکمی رەها بووە لە عیراقدا، ھەمیشە ئێران دەستپێشخەر و خاوەنی قسەی یەکەم بووە، لە بەرانبەر ئەمەشدا، ئەمەریکا وەک چاودێر و پەرچەکردار رۆڵی گێڕاوە، بەڵام ئێستا ئەمەریکا وەک پێشوو دوورەپەرێز نییە و گۆڕەپانەکە بۆ ئێران جێناھێڵێت و لەم دۆخەشدا "سەدر" کۆیان دەکاتەوە.

رەوتی سەدر دەمێکە دەستیداوەتە پرۆسەیەک کە پڕکردنەوەی بۆشایی ئۆپۆزیسیۆن و ھێزی میانڕەوی شیعی و کراوەیە بەڕووی نەیارانی ئێراندا، وەک ھێزێک لە خودی بلۆکی شیعی بۆ ئەوەی ئەو پانتاییانە جێنەھێڵرێت بۆ ھێزی شیعی لە دەرەوی کۆنترۆڵی قوم. ئێران لەنێوان ھێزی شیعی وەلائی تەواو ئێرانی و ھێزی شیعی باڵانسی و سازان لەسەر کراودایە. بەدر و عەسائیب و حیکمە تەواو وەلائین، سەدریش باڵانسی و سازان لەسەر کراوە، بەو ھەوڵانەی کە چەند ساڵێکە دەیدات، رەوتی سەدر دەیەوێ خۆی لە بلۆکی سوننی و ئەمەریکاش نزیکبکاتەوە. ھەر خودی ئەمە لە بەرژەوەندیی ئێرانە. کاتێک ھێزە عیراقییە پرۆ ئێرانییە عەیار 24ەکانی لە چەشنی فەتح و حیکمە و عەسائیب دەکەون، هەڵبەتە سەدر پلانی B و جێگرەوەی بلۆکی شیعە دەبێت، چونکە بۆ ئەمەریکاش ئەو باڵانسڕاگرتن و کرانەوەیەی رەوتی سەدر جێی دڵنەوایی و مایەی رەزامەندییە.

بۆیە سەدر و بەغدا خاڵی ھاوبەش و سازانی نێوان ئەمەریکا و ئێرانە و پێناچێ بەغدا ببێ بە گۆمی خوێن، وەک ئەوەی چەند مانگێکە گوێی خەڵکی لێ پڕ دەکرێت. تارانیش بۆ ئەم قۆناغە و بۆ ئەوەی لەوە زیاتر کات بە گرژی لەگەڵ ئیدارەی بایدن بەھەدەر نەدا، ھێزێکی جێ سازانی وەک سەدری پێویستە بۆ خاوکردنەوەی توندی و بەستەڵەکی لەگەڵ واشنتۆندا.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan