داهۆ سالم

داهۆ سالم

خەلافەتی ژنە پەچەدارەکان

کامپی ھۆل لە رۆژئاوای کوردستان یەکێکە لە گەورەترین کامپەکانی نیشتەجێکردنی ئاوارە ناوخۆییەکانی سوریا، لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی بەڕێوەبەرێتی خۆسەر. زۆرینەی دانیشتوانەکانی ئەم کامپە خێزان و منداڵانی چەکدارانی داعشن، کە لە شەڕە یەک لەدوای یەکەکاندا مێرد و کەسوکاریان لەدەستداوە و لێیان دابڕاون. لە ئێستادا کامپەکە بووە بە فێرگەی بیری توندڕەوی بۆ نەوەی دووەمی داعش و ئەوانەی لەوێ دەژین. ھەنوکە لە ناو پەرژینی کامپەکەدا یاساکانی داعش لەلایەن ژنە پەچەدار و رەشپۆشەکانەوە پەیڕەو دەکرێت و ھەر کەسێکیش سەرپێچی بکات، بەشێوەیەکی ئاسایی سزای مەرگ چاوەڕێی دەکات.

کامپی ھۆل دەکەوێتە رۆژھەڵاتی پارێزگای حەسەکە لە سوریا و لە باشووری شارۆچکەی ھۆل ھەڵکەوتووە و نزیکەی پازدە کیلۆمەتر لە سنووری عیراقەوە دوورە و ھاوسنووری ناوچەکانی قەزای شنگالە. ئەم کامپە لە بنەڕەتدا لە ساڵی 1991، لە جەنگی کەنداودا بۆ ئاوارە عیراقییەکان دروستکراوە. لە ساڵی 2003 شدا جارێکی تر بەھۆی پرۆسەی ئازادیی عیراق و جەنگی رووخانی رژێمی سەدام، جارێکی تر ئامادەکراوەتەوە بۆ ئاوارە عیراقییەکان. لە ئێستادا و بەھۆی شەڕی ناوخۆی سوریا و ئۆپەراسیۆنەکانی دژی دەوڵەتی بەناو ئیسلامی داعش و ئاوارەبوونی ھاوڵاتییانی ناو مەیدانی جەنگ و ناوچەکانی دەوروبەری و ئەوانەی لە تیرۆرەوە گلاون، بووە بە مۆڵگەی پاشماوەی ژن و منداڵی چەکدارە داعشەکان و کەوتووەتە ژێر کۆنترۆڵی ھێزەکانی سوریای دیموکرات.

بەپێی راپۆرتی رێکخراوە مرۆییەکان تاکو ساڵی 2018 ژمارەی دانیشتوانی کامپەکە نزیکە 10000 کەس بووە، بەڵام لەدوای ئۆپەراسیۆنەکانی ھەسەدە بە ھاوکاری و پشتیوانیی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بۆ پاكکردنەوەی باکوور و رۆژھەڵاتی سوریا لە رێکخراوی تیرۆریستی داعش، بەتایبەت دوایین ھەڵمەتەکانی رووخانی خەلافەت لە ناوچەکانی پارێزگای دێرەزوور و رۆژھەڵاتی رووباری فورات و کەوتنی دوایین مۆڵگەی تیرۆر لە ئاداری 2019دا لە باغۆز، ژمارەی دانیشتوانی کامپ بەخێرایی ھەڵکشا بۆ سەروو 62000 کەس کە زۆرینەیان عەرەبی عیراقی و سورین، ئەوەشی دەمێنێتەوە سەر بە وڵاتانی جیاجیان. لەبەر فراوانی کراوە بە ھەشت بەشەوە و لەگەڵ بەشێکی پاشکۆ بۆ ژن و منداڵی چەکدارە داعشە بیانییەکان. لەو ژمارەیە زیاتر لە پەنجا ھەزارییان ژن و منداڵی چەکدارانی داعشن، ئەوانەی لە شەڕەکاندا کوژراون یان بەدیلی گیراون.

ئێستا ھۆل بووەبە سەرزەمینێکی بچوکی خەلافەت و ژنانی داعش بەڕێوەیدەبەن. لەنێو پەرژینی کامپدا یاساکانی داعش پەیڕەو دەکرێت. ئێستا ھەرکەس سەرپێچی یاساکانی شەریعە بکات بە چەقۆ دەکوژرێت یان لە چادرەکەیدا گڕی تێبەردەدرێت. زۆرێک لەو ژنانەی داعش کە ھاوژینەکانیان بە زۆر یان بە ھەڵخەڵەتاندن لە ناوچە جیاجیاکانی عیراق و سوریا یان وڵاتانی دەرەوە پەلکێشی ناوچەکانی بندەستی خەلافەتیان کردبوون یاسای ئەو رێكخراوەیان پێ قەبوڵ ناکرێت، بۆیە لەژێر ھەڕەشەی "حیسبە"دان، واتە پۆلیسی داعش کە ژنانی توندڕەی داعش پێکیانھێناوە. ھیچ کەسێک ناتوانێت لە کامپ سەرپێچی ژنانی حیسبە بکات، زۆرێک لەوانەی پەچەیان نەپۆشییوە یان ھەوڵیانداوە لە رێگەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە لە کامپ بچنە دەرەوە و بگەڕێنەوە شوێنی رەسەنی خۆیان، تەرمەکەیان بە کوژراوی دۆزراوەتەوە.

لە سەرەتای ساڵی 2021دا رێژەی کوشتن لە ھۆل زیادیکردووە، بەپێی دوایین ئامارەکان لە چوار مانگی یەكەمی ئەمساڵدا، ژمارەی کوژراوەکان گەیشتووەتە زیاد لە 42 کەس. بەم دواییانە ھەندێک لە قوربانییەکان بە چەکی بێدەنگ کوژراون، ئەمەش بەڵگەی دزەکردنی چەکە بۆ نێو کامپەکە. نزیکەی 400 ئەندامی ھێزی ئاسایشی ناوخۆی ھەسەدە ئەرکی پاراستنی کامپەکەیان لە ئەستۆدایە، بەڵام تەنھا لە دەرەوە و لە دەروازەکاندا ئەرکەکانیان رادەپەڕێنن، چوونە ژوورەوە بۆ ناوەوەی کامپ کارێکی مەترسیدارە. ھەر لەوێ چەندجارێک بە چەقۆ ھێرشکراوەتە سەر پاسەوانەکانیش. منداڵانی داعش لە ئێستاوە وانەی توندڕەوی فێردەکرێن، بە ئاشکرا بانگەشە بۆ دەوڵەتی داعش دەکەن و ھەڕەشەی گەڕانەوە و سەربڕین دەکەن.

لە رێگەی تورکیا و رێکخراوە مرۆییەکانەوە، پارە رەوانەی نێو کامپ دەکرێت و رادەستی ژنانی داعش دەکرێت. دەستاودەستی پارە بەردەوامە و تائێستا نەتوانراوە کۆنترۆڵی ئەو پارانە بکرێت کە دەگاتە دەست ژنانی توندڕەو.
 
چەندینجار ھەسەدە و رێڤەبەری خۆسەر بانگەوازی وڵاتانیان کردووە، ھەریەکە و ھاونیشتمانی خۆی وەربگرێتەوە، بەڵام ئەوان ئامادە نەبوون، چونکە پێیانوایە ئەوانە مێشکییان بە بیری تیرۆر و توندڕەوی شۆراوەتەوە و دڵنیانین لەوەی لە ئاییندەدا نەبنە مایەی سەرئێشە و رووداوی ناخۆش بۆ وڵاتی دایک.

لە مانگی ئەپریلی ئەمساڵ، دوای زۆربوونی رێژەی کوشتن و زەقبوونەوەی تەواوەتی بیری رادیکاڵی ئایینی لە ناو کامپەکەدا، ھەسەدە ئۆپەراسیۆنێکی گەڕان و پشکنینی لەنێو کەمپەکەدا دەستپێکرد بە بەشداری 5000 ھێزی تەناھی و بە پاڵپشتی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش. دوای پێنج رۆژ لە گەڕان و  پشکنین، نزیکەی پەنجا گومانلێکرا و دەستگیرکران و چەند ئامێرێکی کۆمپیوتەریش دەستی بەسەردا گیرا، بەڵام ھەر چەند رۆژێک دواتر، کوشتن لەنێو خێوەتەکان دەستیپێکردەوە.

ئیدی ئێستا رەوشی ھۆل کە ژنانی توندڕەوی داعش تیایدا باڵادەستن، وانەی توندڕەوی بە منداڵان و نەوەی دووەمی داعش دەڵێنەوە، لەسەر ھەمان رێچکەی داعش پەروەردە دەکرێن و تەنانەت رێگەنادەن ھیچ رۆژنامەڤانێکی بیانی دەربازی کەمپ ببێت، بە دروشمی توندڕەوی و تەکفیری رووبەڕووی دەبنەوە، پاڵپشتی و پیاھەڵدان و وتنەوەی دروشمەکانی داعش کارێکی رۆتین و ئاشکرایە. ژنانی داعش لەژێر ناوی پۆلیسی حیسبە یاساکانی داعش بەسەر دانیشتوانی کامپدا دەسەپێنن، ھەرکەس لاساری بکات تەرمەکەی بە کوژراوی دەدۆزرێتەوە. ئێستا ئەوێندەرێ دایەنگە و ناوەندی راھێنانی بیری توندڕەوییە. ئەو منداڵانەی نێو کامپ وەک مەترسی دەبینرێن لە ئاییندەدا، لەوێ لەنێو پەرژینی ئەو کامپەدا، لەلایەن ژنانی پاشماوەی داعشەوە یاساکانی خەلافەت بەردەوامە.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan