داهۆ سالم

داهۆ سالم

لەپشت ھێرشەکانی داعشەوە

سەرەتا دەبێ بزانین لەگەڵ ئەوەی ھەموو گرووپ و رێکخراوێکی ئایینی و شۆڤێنی چاویان بە کورد و ئەزموون و قەوارەکەیدا ھەڵنایەت، ھەموو ئەو جۆرە رێکخراوە تیرۆریستیانە بەجۆرێک لەجۆرەکان کاریگەریی دوژمنانی کوردییان بەسەرەوەیە و ھەرکات بخوازێت بەریان دەدەنە گیانی کورد. ئەم رێکخراوە بۆ مانەوەی خۆی، بەباشی و ئاگایانە ھەڵسوکەوت دەکات. دەزانن چۆن جێگەی خۆیان لەنێو کەلێن و ناکۆکی ئەو ھێز و لایەنانەدا دەکەنەوە بۆئەوەی بمێننەوە. ئەوەشی ئەنجامی دەدەن بەشێکە لە ململانێی ناوخۆیی و ئیقلیمی و نێودوڵەتی لەسەر گۆڕەپانی عیراق. بۆیە لەپشت پەلامارەکانی ئەم دواییەی داعشەوە، ئەو مەسیجە سیاسییەیە کە پەیوەندی بە ئاکامی ھەڵبژادن و پێکھێنانی حکومەتی بەغدا و  کشانەوەی سوپای ئەمەریکاوە ھەیە.

دەبێ بزانین، داعش ئامرازێک نییە موجەڕەد خزمەتی ئەم و ئەو بکات، بەڵکو دەزانن چۆن ئەو بۆشای و بێمتمانەییەی نێوان کاراکتەرەکان بقۆزنەوە بۆ مانەوە و بەردەوامی خۆیان. تا ئەو کاتەی پەلاماری سوپای عیراق بدات و کورد پێبکەنت، بەپێچەوانەشەوە پەلاماری پێشمەرگە بدات و سوپای عیراق پێبکەنێت، یان ھەر ھەوڵێک ھەبێ بۆ سڕینەوەی حەشدی شەعبی، وە ئەو دەنگانەی دەیانەوێ ئەمەریکا لە عیراق وەدەرنێن ھەموو ئەوانە ئۆکسجینی مانەوەی ئەو رێکخراوەیە. ئەڵبەتە داعش دەمێنێتەوە و لەوانەشە ئاستی مەترسییەکانیان بەرزتریش ببێتەوە و بگاتە ئەوەی دەست بەسەر شار یان شارۆچکە و رووبەریشدا بگرن. بۆیە تا  کارتی داعش لەململانێ و  ناکۆکییە سیاسییەکان دوورنەخرێتەوە چانسی مانەوەیان دەبێت. راستە بۆشایی ئەمنی و سەربازی لەنێوان ھەرێم و بەغدا ھەیە، بەڵام بەندە لەو باوەڕەدام ئەوەی چانسی زیاتر دەبەخشێتە داعش بۆشای و ناکۆکی سیاسییە لەنێوان ھەرێم و بەغدا لەلایەک و نێوان پێکھاتە و ئاراستە سیاسییەکانی ناو خودی پرۆسەی سیاسی  لە عیراقدا لەلایەکی تر. 

کاتی خۆی رەوتی جیھادی لە فەلوجەوە دروست کرا و پاشان گواسترایەوە بۆ بەغدا و ناوچە سوننیەکان و دواتر بۆ دیالە و لەوێشەوە بۆ حەمرین و تا کار گەیشتە ئەوەی لەئێستادا ناوچە جێناکۆکەکان و سنورەکانی ھەرێمی کوردستان بوون بە پێگەی سەرەکی و پەناگەی ئارام بۆ تێرۆریستان. بوونی رێکخراوێکی دڕندە و مەترسیداری وەک داعش لەپەنای ھەرێمی کوردستاندا، وەک بۆمبی تەوقیت کراو  وایە. جگە لەوەی وەک ئایدۆلۆژیا، کورد و ئەزمونەکەی بەخوێنەخۆرە و دوژمنی سەرسەختی خۆیان دەزانن، کارتێکن بەدەست دوژمنانی کوردەوە و ھەرکات ناکۆکییەکی سیاسی لەگەڵ کورد ھاتەگۆڕێ ئەو دەم بەریان دەدەنە وێزەی کورد، ئەمە وێڕای ئەوەی توندڕەوی ئایینی و شۆڤێنیزمی عەرەبی دوانەیەکی لێکئاڵاون و لەھەناوی ھەر گروپێکی تیرۆریستیدا، شۆڤێنیزمی عەرەبی خۆی مەڵاس داوە. جابۆیە لەپشت ئەو زنجیرە پەلامارانەی لەم ماوەیەدا کە داعش دەیکاتە سەر ھەرێمی کوردستان پەیامی سیاسی ھەیە و پانتای مانۆڕی سیاسی کورد لەعێراقدا بەرتەسک دەکاتەوە. ھەڕەشەیە لەوەی کورد ناتوانێت تەحەدا بکات و سەربەخۆ جوڵە بکات لە عیراقدا و رەچاوی بەرژەوەندییەکانی ئەوانی دیکە نەکات.

دەبێ ئەوەش بزانین، ساتەوەختی ئەم ھێرشانەی داعش کۆتا رۆژەکانی ئاڵوگۆڕی ئەرکی سوپای ئەمەریکایە لەعیراقدا، کە ھەندێک پێی دەڵێن کشانەوە، بەڵام بەپێی رێککەوتنی عیراق و ئەمەریکا گۆڕینی رۆڵی سوپای ئەمەریکایە لە جەنگییەوە بۆ مەشق و راوێژکاری. ئێستا ئەم ھێرشانە ئەو دەنگانە شەرمن و لاوازتر دەکات کە داوای چونەدەرەوەی سوپای ئەمەریکا دەکەن، گەورەترین مەترسی بۆسەر داعش گورزی ئاسمانی ھاوپەیمانانە. خودی داعش ھێزی ئاسمانی ئەمەریکا بەھۆکاری سەرەکی  رووخانی خەلافەت دەزانێت. بۆیە دوور نییە ئەوەی ئێستا سیگناڵی داڕوخانی دۆخی ئەمنی عیراق نەبێت لەپاش کشانەوەی ئەمەریکا.

دواجار ھۆکار و کێشە سیاسییەکان ھەرچییەک بن، ھیچ لەوە کەم ناکاتەوە داعش ئامان و زەمانی نییە و ھیچ ھێز و لایەنێکیش ئاراستەی بکا و نەیکا، نابێ کورد لێی غافڵ ببێت و چاوەڕێ بکا ھەرکات ویستی ئەو ھێرش بکات و ئەمیش بەرگری بکات. ئەم رێکخراوە چاوی بە کەیسی کورد و بیری نەتەوایەتی و ئازدیخوازانەی کورد ھەڵنایەت. لەھەر چرکەساتێکدا دەرفەتی ھەبێ ساز و ئامادەیە بۆ پەلاماردانی کورد. بۆیە ئەگەر کورد بیەوێ لە عیراقدا ڕووبەڕووی داعش ببێتەوە، پێویستە شەریک بدۆزێتەوە بۆ خۆی و  ناکرێ ھەرکات لولەی چەکەکانیان لە حەشد و سوپای عیراق بوو، کورد پێی خۆش بێ و کە رووی وەرگێڕا لەدژی کورد ئەوانی دی پێیان خۆشبێ، دەبێ ئەم کەلێنە سیاسییە پڕبکرێتەوە. ڕاستییەکەی ئەوەیە نابێت کورد داعش و کارتی داعش وەک تەکتیک و سەودای سیاسی تەماشا بکات. ئەبێ سیتراتیژی چەسپاوی کورد بنبڕکردنی تیرۆر بێت. بۆ رووبەڕووبونەوەی ئەم ھەڕەشەیەش، زیندووکردنەوەی ھاوپەیمانی کوردی- شیعی لەگەڵ ھێزە سونییە لیبراڵ و میانڕەوەکاندا گەرەنتی دوورخستنەوەی مەترسی تیرۆر و توندڕەوییە. چونکە ھەر چارەسەرێکی دیکە کاتی و لەرزۆک دەبێت.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan