داهۆ سالم

داهۆ سالم

داعش، لە ناوچەی سەوزی بەغداوە بۆ مەتبەخی ژنان...!

وەک بۆ هەموو لایەک ڕوون بوو، سەرەتا ڕێکخراوی قاعیدە کە لەدوای ڕووخانی سەدامەوە هاتنە عیراقەوە، ناو دڵی سیاسی و دامەزراوەی عیراقیان دەکردە ئامانج. هێزی تێکدانی ئەمنی ئەم ڕێکخراوە بەجۆرێک بەهێز بوو ناوچەی سەوزی بەغدا و بنکە سەربازییە پەرژینکراوەکانیش بۆ کاربەدەستانی عیراقی سەلامەت نەبوون.

 وەک ئەوەی هەر لەسەرەتاوە توانییان دەستیان بگات بە چەندین کەسایەتیی باڵا لەوانە، محەمەد باقر حەکیم، سێرجیۆ دیمیلۆ - نوێنەری UN و عزەدین سەلیم ئەندامی ئەنجومەنی حوکم. بەڵام ئەم ڕێکخراوە ئێستا بەجۆرێک پاشەکشەی کردووە، دوای چەندین مانگ بێدەنگی و ئامادەسازیی گەورەترین کردەوە تیرۆریستییەکانیان، خۆی لە هەڵکوتانەسەر گوندنشینان، جوتیاران، هاوڵاتییانی مەدەنی و کوشتنی ژنان لەنێوماڵ و مەتبەخەکانیاندا دەبینێتەوە.

 وەک ئەوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو لە گوندی ئیسڵاح- ناحیەی جەلەولا ئەنجامیاندا، کە ژن، کچ و منداڵ لەنێوماڵاندا گولەباران دەکەن. 

ئەم ڕێکخراوە لەئێستادا، شوومترین ڕۆژەکانی بەڕێ دەکات. خەلیفە لەدوای خەلیفەیان دەکوژرێت. وەک هاڕەی دۆمینە یاریدەدەرەکانی خەلیفە دەستگیر دەکرێن، لەوانە "ئەبو موسلیم تورکمانی و سامی جبووری". وتەبێژ بەدوای وتەبێژیان پاکتاودەکرێن و دواینیان "ئەبو حەسەن موهاجیر"ە کە تەنها دوو مانگێکە دەستبەکاربووە. سەرکردە و بەرپرسانی هێڵی دووەم و سێیەمیان دەکرێنە ئامانج و دەکوژرێن. هیچ شوێنیک لە سوریا و عیراق سەلامەت نییە بۆیان. دووەم خەلیفەیان لەماڵی یەکێک لە سەرکردە کۆنەکانی داعش و ئێستای حوڕاسەدین بەناوی "ئەبو محەمەد حەلەبی" هەر لە ئیدلیب کوژرا. بۆیە ئیدی پرۆتۆکۆڵە نهێنییە هەواڵگرییەکان زامنی پاراستنی سەرکردەکانی داعش نین. 

ئەم ڕووداوانەی دوو ساڵی ڕابوردوو پێمان دەڵێن داعش پێگەی خۆی لەدەستداوە. بە ئەندازەیەکی زۆر توانا سەربازییەکانی داکشاوە. هێزێک بە ڕێکخراوی قاعیدە دەستی پێکرد و تا گەیشتە داگیرکردنی دوو شاری گەورەی وەک ڕەققە و موسڵ و نەوت فرۆشتن. ئێستا بڕبڕەپشتی داهاتەکەی ڕفاندنی شوان و جووتیاری گوندەکانە و ئازادکردنیانە لەپێناو پارەدا، دەستی کردەوەکانیان نەک ناگاتە داودەزگا فەرمی و بنکە سەربازییەکان، بەڵکو ناگاتە سنووری شارەکان و قەتیس و سنوردارکراوە لە گوند و کێڵگە کشتوکاڵی و ناوچە جوگرافییە چڕ و ئاڵۆزەکاندا. ئەمە سەرەتایە بۆ پیربوون و داڕزینی ڕێکخراوەکە بەم فۆرم و ئۆرگانەی ئێستاوە.

ک. ر.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan