داهۆ سالم

داهۆ سالم

ئاکامی ئەم ناڕەزایەتیانە بەرەو کوێ.!

ئێستا رۆژ لەدوای رۆژ بەرەی دژبە حکومەت فراواندەبێت. دەنگی ناڕازی گشت چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردی گرتۆتەوە. شەپۆلی توڕەیی سەرەتا لە ئۆپۆزیسیۆن و پاشان ھاوڵاتی ئاسایی و دواتر بۆ کاسبکار وە تا دێت بەرەکە فراوان دەبێت. وا ئێستا کار گەشتووە بەوەی کارمەندانی حکومەت و ئەندامانی ھێزە ئەمنییەکانیش بەجۆرێک لە جۆرەکان ووردە ووردە لە سۆشیال میدیا دژی ئەو حکومەتەی کە مەرجەعی خۆیانە بە ئاشکرا قسەدەکەن. دیوێکی تری ئەم دۆسیە ئەوەیە، ئێستا خودی گەندەڵەکانیش دژن. واتە کەس رازی نیە و رۆژ لەدوای ڕۆژ خراپتر دەبێت. ئەوەی تێبینیدەکرێت شەپۆلەکە رۆژ بە رۆژ بەرفراوان دەبێت تەنانەت کەسانی ناو دامودەزگا ئەمنی و سەربازی و حیزبییەکانیش دەگرێتەوە. بێدەنگی پایتەخت نیشانەی رازیبوون نیە و ھەڵەیەکی مەترسیدارە ببێتە مایەی بێباکی و بێدەربەستی دەسەڵات بەرانبەر ئەو دەنگە توڕە و ناڕازییەی زەمەنێکە لە بەشێکی گرنگ و بەرفراوانی ئەم ووڵاتەدا سەریھەڵداوە و تادێت توندتر و زوڵاڵتر دەبێت. رەوشێکی وەھا ناکرێ لە خاڵێکدا یەکلانەبێتەوە.

ئەوانەی سەری سامان و سەرمایەیان لە کەشکەڵانی فەلەکە ئەوانیش ھەر ناڕازین و دژی حکومەتن. ئێستا گەندەڵەکانی ھێڵی دووەم و سێیەمیش ئەوانیش ئاھو ناڵە و دادو بێدادیانە. ئەمانە ھاواریان بۆ حاڵی خەڵک نیە بەڵکو بۆ ئەوەیە دەبینن کەسانی تر ھەیە لەسەرووی ئەوانەوە پشکی زیاتر و دەسەڵاتی تاڵانكردنی زیاترە، بۆیە ھەست بە مەغدووری دەکەن. ئەوانیش (مەبەستم لات و لوتەکانی دوێنێ و بزنسمانەکانی ئەمڕۆیە) لەنێو خۆیاندایە لە رکابەری و ململانێی تاڵانیدان. تەنانەت ناتوانی لە ئۆفیسێکی ئەم سیستەمەی ھەرێمی کوردستاندا دانیشیت و دەستنەکرێت بە لۆمە و سەرزەنشتکردنی خودی حکومەتەکە. ئێستا خواپێداو و سودمەندانیش دژ و ناڕازین.

وا کار گەشتۆتە ئەوەی بە عالەمی ئاشکرا خەڵک ئەسەف و خۆزگە بۆ دیکتاتۆرێکی گەندەڵی خوێنڕێژی وەک سەددام دەخوازێت. کەسوکاری قوربانیان و خانەوادە تێکۆشەرەکان پەشیمانی لە رابوردوو و قوربانیانی خۆیان دەردەبڕن. کار گەشتووە بەوەی خەڵک داوای گەڕانەوەی دەسەڵاتی ناوەند و حوکمی ئەوانە دەکات لە بەغدا کە نەیانتوانییوە خزمەتی خەڵکی ھاوزمان و خاکی خۆیان بکەن. مەترسییەکە لەوەدایە، ئەم دەنگانە تەنھا لەناو چینی خەڵکانی ئاساییەوە بەرزنابنەوە، بەڵکو تۆێژێکی بەرفراوانی نوخبەی سیاسی و ئەکادیمی و ڕۆشنبیر و ئایینیش گەشتووەتە ئەو باوەڕە و بانگەشەی بۆ دەکات. ئیتر کار گەیشتۆتە ڕادەیەک خەڵک بە ھەموو بەدیلێک ڕازییە بە مەلا کرێکاری ئەمیری گروپی تیرۆریستی ئەنساروئیسلامیشەوە. دوورنیە لە ئایندەدا کاردانەوەی خەڵک بگاتە ڕیکلامکردن بۆ گروپە توندڕەوەکانیش. 

کەواتە ئەم دۆخە سەری لە سەردابێکەوە دێتەدەر. قوڵبوونەوەی رۆژ لەدوای ڕۆژی ناکۆکی نێوان خەڵک و حکومەت و پەرەسەندنی بێزاری و توڕەییەکانی، کە بەردەوام ھەڵدەکشێ، ئەبێ ئەنجامێکی لێبکەوێتەوە، ئەبێ دواجار شتێک ڕووبدات. ئەکرێ رای جیاوازمان ھەبێ لەوەی تاکوێ و تا چەندی تر بەمجۆرە درێژە دەکێشێ، بەڵام مومکین نییە تاسەر ھەر وا بڕوا و ئاکامێکی لێنەکەوێتەوە. ئێستا کاربەدەستان و بەپرسانی لۆکاڵی لەخەڵک ناڕازیترن، بەڵام کاردانەوەکانیان سنوردارە تەنھا بۆ ناو مەجلیسە و بەکەمی ئەو ھەڵوێستە ناڕازییانەیان دەگەیەنن بە سۆشیاڵ میدیا و كۆڕ و كۆبوونەوە كراوە و گشتییەکان و میدیا فەرمی.

ئەبێ ئەم دۆخە حیسابی جدی بۆ بکرێ، نابێ کۆنترۆڵکردنی ھەولێر و دھۆک دەسەڵات لە خشتەببات و توشی لێکدانەوەی ھەڵەی بکات و وابکات بێباک و بێدەربەست بێت. ئەم ھەڵچوونە بەردەوامەی خەڵک و ئەو دەستەوەستانیەی حکومەت، دواجار لە خاڵێكدا خاڵی دەبێتەوە. ئەمە ماڵ نییە لەسەر ھیچ حزب و رەوت و فیگەرێکی سیاسی ھەرچەندە بانگەشەشی بۆ بکات. ئەم جۆرە ناڕەزایەتییانە ڕیشەی قوڵتری ھەیە و پەنگخواردووی زەمەنێکی دوور و درێژن. لۆژیکی نیە ھێندە سەرپێی و ساکار لێی بڕوانین کورتیبکەینەوە لە موچەدا. بگرە دەگەڕێتەوە بۆ پێش قەیرانی دارای و بڕینی بەشەبودجەی ھەرێم لەلایەن بەغدا و لێکەوتەکانی پەتای کۆرۆناوە. 

راشکاوانەتر بڵێین، پرۆسەی تۆرانی جەماوەر لە دەسەڵات دەگەڕێتەوە بۆ پێش بڕین و دواکەوتنی موچەش. ئەم ھەلومەرجە پەیوەندی بە کەشی دێمۆکراسی و جۆری سیستەمی حوکمڕانی و سەروەری یاسا و دادپەروەری کۆمەڵایەتییەوە ھەیە. رەنگە ھێزێکی سیاسی بتوانێ ختوکەی ئەم کەیسە بدات، بەڵام عەقڵانی نیە وابزانرێت کەس و لایەنێک قودرەتی ئەوەی ھەبێت لە ھیچ و نەبوون دۆخێکی وا بخوڵقێنێت و ئەو پانتاییە جەماوەرییە چەواشەبکات. کار گەیشتووە بەڕادەیەک ئەستەمە ھیچ کەس و لایەنێک بتوانێت سواری شەپۆلەکە ببێت و بیقۆزێتەوە بۆ ئامانجی سیاسی خۆی، چونکە لە ئێستادا جەماوەر بە تەنھا لە حکومەت ناڕازی نییە، بەڵکو لەکۆی نەریت و میراتی پرۆسەی سیاسی بێزارە. لۆژێک نییە ئەم شەپۆلی ناڕەزایەتییە، پەرەسەندووە، پەنگخواردووە، جۆشدراوە، بەربڵاوە رووداوێکی لێنەکەوێتەوە. ئەم رەوشە ئەبێ لە وێستگەیەکدا بقڵیشێتەوە و ئەنجامێک بدات بە دەستەوە. ئەم دۆخە بەبێ گۆڕانکاری دانامرکێتەوە، ئەمجارەش ھێورببێتەوە لەکاتێکی تر و بەھۆکارێکی تر دیسان سەرھەڵدەداتەوە، چونکە ھۆکارە بنچینەییەکانی چارەسەرنەکراوە. مژینی ئەم رق و بێزارییەی خەڵک بەو ئاستەی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا پێی گەیشتووە، ئەگەر بە پرۆسەیەکی نەرم و ھێواش و سیستماتیکی چارەسەر نەکرێت، لێبگەڕێن بۆ خۆی، دوور نییە سەری لەکارەساتەوە دەربچێت.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan