داهۆ سالم

داهۆ سالم

خۆپیشاندانەکانی عێراق و گەمەی موقتەدا

دوای ڕوخانی سەدام و باڵا دەستی شیعە لەعێراقدا و قوڵبوونەوەی ناکۆکییە مەزهەبییەکانی نێوان شیعە و سوننە، یەکێک لە گروپە شیعیە هەرە ڕادیکاڵەکان "ڕەوتی سەدر" و "سوپای مەهدی"ی باڵە سەربازییەکەی بوو. کە لەساڵانی سەرەتای ڕوخانی ڕژێمی بەعسەوە یەکەم گروپی چەکداری شیعی بوون کە جەنگییان لەدژی سوپای ئەمەریکا ڕاگەیاند و یەکێک بوون لەو میلیشیایانەی کە تۆمەتباردەکان بە پاکتاوکردنی سوننە لە بەغدا و دەوروبەری. بەڵام ووردە ووردە ئەم ڕەوتە بە شێوەیەکی سیستماتیکی دەستیکرد بە گۆڕانکاری لە ڕۆڵەکەیدا و تا وایلێهات دەستی بە کرانەوەکرد لەگەڵ پارت و ڕێکخراوە سوننییەکان و دواتریش ووڵاتانی سونی ناوچەکە.

لەوەش زیاتر، ڕۆڵی موقتەدا گۆڕانی دیاری بەسەردا هات و هەندێجار ڕووبەڕووی ڕۆڵی ئێران دەبوویەوە و یەکێک بوو لەو سەرکردانەی بە ئاشکرا باسی لە قەبوڵنەکردنی دەستوەردانی  ئێران دەکرد لە عێراقدا، لە کاتێکدا هیچ ڕەوت و گروپێکی سیاسی شیعی بوێری ئەوەی نابێت ڕووبەڕووی سیاسەت و هەژموونی ئێران ببێتەوە و هەر هەنگاوێکی لەو جۆرە بەمانای ئاوا بوونی خۆری ئەو گروپەدێت. 

وێڕای نزیک بوونەوە لە جەمسەری سوننی چ لەناوخۆ و 
چ لەدەرەوە و هەندێک جار وەک بەرهەڵستکارێکی دەستوەردانەکانی ئێران، یەکێکی تر لە مانۆڕەکانی ڕەوتی سەدر خۆ نواندن بوو وەک بەرەی ئۆپۆزیسیۆن لە نێو کایەی سیاسی عێراقدا. کە زۆرجاران ڕێبەری خۆپێشاندانی ملیۆنی دەکرد لە بەغدا و دەنگی دلێری ناڕەزایەتی بووە لەدژی گەندەڵی و فشارکردن لە حکومەت و خۆی بەداکۆکیکاری مافەکانی خەڵک و بەرەی دژبە دەسەڵات ئەژمار دەکرد.

بەڵام ئەم وەرچەرخانە گەورە و بەرچاوە لە هەڵوێستی سەدر و ڕەوتەکەی و گەورەیی فراکسیۆنەکەی لە پەرلەمان و هەموو فشار و گەفەکانی لەدژی حکومەت و ڕۆڵی ئێران لە عێراقدا شۆکێکی وەهای دروست نەکرد کە حکومەت دەست بە ڕیفۆرمی جدی بکات و  ئێرانیش باکی نەبوو جێ پێی خۆی.

هەموو ئەوەی سەدر پێی هەڵدەستێت دابەشکردنی ڕۆڵی سیاسی بوو لەعێراقدا لە بەرژەوەندی ئێران، بەجۆرێک وەک چۆن دەسەڵات لە بەغدا بە دەستپێشخەری و سپۆنسەری ئێران هەرلە پێکهێنانییەوە تاکو ڕاییکردنی کارەکانی ئاراستەدەکرێت ئاوەهاش لە ڕێگەی موقتەداوە جڵەوی ناڕەزایەتی و بزووتنەوە ڕیفۆرمخوازەکانیان لەدەستی بلۆکی ئێرانیدا بمێنێتەوە. هەربۆیە پێشتر تەواوی گۆڕەپانەکانی ئاپۆرەی جەماوەری بەتایبەت لە نێو پێکهاتەی شیعەکاندا بە "سەدر" سپێردرابوو. 

بەڵام دوواین خۆپیشاندان کە لەمانگی ئۆکتۆبەری 2019 دا لە شارە شیعەنشینەکانەوە دەستیپێکرد، بە یەکێک لەو بزاڤە جەماوەریانە دادەنرێت کە بەرەی ئێرانی غافڵگیرکرد و لە دەستی ئەوان دەرچووە و ئاراستەکەی لە کۆنترۆڵدا نیە.
هەربۆیە جارێکی تر و بە هاڵەدەوان موقتەدا ڕاسپیردراوە دەرفەتی "بێ سەرکردایەتی" خۆپیشاندانەکان بقۆزێتەوە و بە هەر نرخێک بێت جڵەوی شەقامی ناڕازی بگرێتەوە دەست. بەجۆرێک ئەگەر نرخی ئەو ڕامکردنەی ڕاپەڕینی لاوانی عێراق بخوازێت لەسەر دەستی موقتەدا حکومەت و پەرلەمانیش هەڵبوەشێنرێتەوە. هەر بۆیە کە دەرکەوت ناڕەزایەتییەکان بە هاتنەدەنگی حکومەت و بەڵێنەکانی لەلایەک و عەقڵیەتی ئەمنی و زەبروزەنگ لەلایەکی تر دانامرکێتەوە بۆیە، ئاوا جارێکی تر "سەدر" چەند ڕۆژێکە وەک یەکەمین وگەورەترین تەڤگەری سیاسی شیعی بەشدار لە پرۆسەی سیاسی هاودەنگی خۆی بۆ شەقام بەیان کردووە بە مەرامی ئەوەی شەقامی شیعی لە کەرت بوون لەنێوان بەرەی دەسەڵات و حەوزە لەلایەک و جەماوەر لەلایەکیتر بپارێزێت.  ئەوەتا سەدر خەریکە لەدووای دوواوەی ئاپۆرەی خەڵکەوە دەگاتە ڕێزەکانی پێشەوەی جەماوەری ناڕازی و بەمەش چیتر توڕەی جەماوەر بۆ ئێران و بلۆکی شیعی لە دەستێکی ئەمین دا دەبێت.

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan