هیوا  محەمەد

هیوا محەمەد

قەیناکا لە مامەڵە سیاسییەکاندا

باشی حکومڕانی و سیستمی وڵاتانی ئەوروپامان لا گرنگە و زۆر جار بۆ چاولێکەری و بەراوردکردن لەگەڵ خۆمان دەیهێنینەوە، بەڵام ناپرسین ئاخۆ بۆچی ئەوان لە ئێمە باشترن لە حکومڕانیدا؟

لای هۆڵەندییەکان منداڵەکانیان لە سەرەتای ژیانیانەوە بە دوو وشە ئاشنا دەکەن ئەویش (ماغ) و (ماغ نیت)ە، واتا دەبێ و نابێ، لێرەوە منداڵ تا گەورەش دەبێت و دەمرێت هەر ئەم دوو وشەیە بەکاردەهێنێت.

دەست ناداتە هیچ شتێک تا نەڵێت دەتوانم بیکەم؟ نایەتە ژوورەکەت تا نەپرسێت دەتوانم بێم؟ بۆ هەموو هەڵس و کەوتێک ئەم دوو وشەیە بەکاردێت و وڵامەکەشی یان بە نابێت وەردەگرێت یان دەبێ.

ئەمە رەنگی داوەتەوە لەناو ژیانی خەڵک و دەڕوات بۆ کارە سیاسییەکان و حکومڕانی و کۆبوونەوە و پرۆتۆکۆل و رێکەوتنەکان.

دیسان ئەمە رێخۆشکەرە بۆ چەسپاندنی یاسا، چونکە کاتێک دەڵێن نابێت دەبێ هۆکارەکەی روون بکەنەوە، ئیتر بەپێی یاسا بێت، یان ئەو رێسایانەی لە ناو خێزاندا بۆ خۆیان لەسەری رێککەوتوون.

سیاسییەکان هەمان ئەم نەریتەیان هەیە و بەکاریدەهێنن، بۆیە رێگە بە خۆیان نادەن ببنە دیکتاتۆر، چونکە کاتێک دەپرسن لەوەی دەتوانن بەو کارە هەستن، ئەگەر باش نەبێت بە نەخێر وەڵام وەردەگرن و ملکەچ دەبن.

لای ئەوان هەڵە بە واتای هەڵەیە و دەبێت شتێک کرابێت لە یاسا و رێسا چووبێتە دەرەوە، هەر بۆیە بۆ هەڵە دەبێت لێپێچینەوە بکرێت و ئەگەر پێویست بکات بکەرەکە سزا بدرێت.

لەم کۆمەڵگەی کوردەواری و عەرەبوارییەدا، تاکی یەکەمی دەسەڵاتدار لە خێزاندا باوکە یان دایک، ئیتر زۆر بەدەگمەن دەبنە بەڕێوەبەرێکی باش و لەسەر ئاستێکی باش منداڵەکان پەروەردە بکەن، هەرچی بکەن ناتوانن وەک ئەو دایک و باوکانە بکەن کە لە کۆمەڵگەیەکی وەک دانمارک هەیە، ئەگەر وانییە بؤچی ئەم کۆمەڵگەیەی ئێمە ناگۆڕێت؟

سیاسییەکانی ئەمڕۆ لە تاکەکانی ئەم کۆمەڵگەیەن و هەڵگری ئەو شێوازی پەروەردەیەن، بۆیە هیچ بنەمایەک نییە بۆ رێککەوتنێک و پابەندبوون بە بەڵێنێکەوە، لە کۆبوونەوەکە دێنە دەرەوە پابەندی ئەو ئیمزایە نابن کە کردوویانە!

خێزانی باش ئەوەیە کە ئەندامەکانی پابەندبن بەو رێکارانەی لە خێزانەکەدا هەیە و بە هۆڵەندی پێی دەڵێن (هاوس رەیخڵس)، ئەمە لە لای ئێمە ئەو ئامۆژگارییانە دەگرێتەوە کە باوک و دایک دەیدەن بە منداڵەکانیان کە تێیدا هەندێک شتیان بۆ ئازاد دەکەن و هەندێکیش قەدەغە دەکەن، بەڵام ئەوەی هۆڵەندییەکان لێپێچینەوەی بەردەوامی هەیە و ئەندامانی خێزانەکە کاری پێدەکەن، جاری وایە کەسەکە خۆی دەڵێت: هاوس رەیخڵی ئێمە رێگەم پێنادات، یان هاوس رەیخڵی فەرمانگە، کارگە، شوێن کارەکەم رێگەم پێنادات.

بەمانە دەوترێت پابەندبوون بۆ درێژەپێدانی بەڕێوەچوونی ژیانی رۆژانە.

لە سیاسەتدا ئەمانە دەبنە رەوشتی سیاسی و پێویستە هێندە کاری پێبکرێت تا لێکتێگەیشتن دروستدەبێت و دەتوانرێت کاری پێکەوەیی لە خزمەتی کۆمەڵگەکەدا بکرێت، حزبە ناکۆکەکان لە هۆڵەندە لەسەر چۆنێتی پێشکەشکردنی جۆری خزمەت ناکۆکن، هەریەکەیان دەیەوێت باشتر بکات، ئەوان قەیناکا بەکارناهێنن، ئەوەی سیاسییەک کردوویەتی یان حزبێک بەسەریدا ناڕوات بێ هەڵسەنگاندن، ئەگەر هەڵە بێت دەبێت وایلێبکەن کە دانیپێدا بنێت، جاری واهەیە دەبێتە هۆکاری دەست لە کارکێشانەوەی.

ئێمە دەزانین لە وڵاتی ئێمە چەند حزب هەیە و چۆن تا ئەمڕۆیان هێناوە؟ دەزانین چەندە کارەسات رووی تێکردووین و هەر ئەم حزبانەش هەبوون، بەڵام قەیناکەکەی ناو خێزان کە فێری بووین وایکردووە نە حزبێک دێت بە هەڵەکانی خۆیدا بچێتەوە و دانیپێدا بنێت، نە توێژێکی هێندە رۆشنبیریش هەیە هەڵسەنگاندن بۆ ئەمە بکات، چونکە پەروەردەکەمان رێگەی قەیناکای پێداوین و دەی قەیناکە بۆتە بازدان بەسەر کێشەکەدا و درێژەدانە بە بەردەوامیی بە کۆمەڵێک پاشەڵی هەڵەوە. کە کاریش لەسەر هەڵە رۆیشت، ئەوا هەر بە هەڵەی گەورەتر بەردەوام دەبێت.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan