هیوا  محەمەد

هیوا محەمەد

کارەبای نیشتمانی و هەستی نیشتمانی

ئێمە بەردەوام هەوڵدەدەین پردێکی باش لەنێوانی خەڵک و حکومەت دروستبکەین و بڕوایان پێبهێنین خۆزگە بە زەمانی پێشووی رژێمە دیکتاتۆرییەکە نەبەن، بەڵام زۆرێک لە رەفتارەکانی حکومەت دەبێتە مایەی پووچەڵکردنەوەی وتە داکۆکیکارانەکەمان و ئەوی خەڵک بە گازندە دەیڵێت لە بەرانبەر ئەم حکومەتە نەک ساوا و پیگەیشتووە، بەڵکو بە تەمندا چووەی ئێمە هەقیانە.

ئەوە 32 ساڵە راپەڕین کراوە، 20 ساڵە رژێم رووخاوە، لەم هەرێمی کوردستانە خۆمان حوکمڕانین، دەیان وەزیر گۆڕدراون لە هەموو بوارەکان، دەیان پرۆفیسۆری خاوەن بڕوانامە و پسپۆڕ و ئەندازیار و لێکۆڵەرە زانستییەکانمان هەیە، هەزاران شارەزای بیانی هاتنە ئەم وڵاتە و زانیارییان پێداین و فێریان کردین، سەدان رێکخراوی جیهانی هەن کە کۆمەکمان دەکەن بۆ ئاوەدانکردنەوە، کەچی لە بواری تەندروستی و کارەبادا هەر دەڵێی دوێنێ هاتووینەتە سەر حوکم و جارێ هەوەڵمانە.

پزیشکی ناو نەخۆشخانەی حکومی، نەشتەرگەرییەکە بۆ دەستە شکاوەکە دەکات و لەوێ شەو و رۆژێک دەمێنێتەوە و خەرجێکی ئەوتۆی نابێت، بەڵام پزیشکەکە بۆ دیتنەوەی نەخۆشەکە دوای نەشتەرگەری، کاتی بۆ دادەنێت کە بچێتە نۆرینگەی تایبەتی خۆی، لەوێ هەر تیمارکردنی برین و شکاوییەکە و کردنەوەی دەستە بەستراوەکە 100 هەزاری دیناری تێدەچێت، ئەمە نموونەیەکە لە وێرانیی بواری تەندروستی و ناچینە ناو وردەکارییەکانی ترەوە، چونکە ئەمە خۆی وتارێکی تەواو و چڕ و پڕ لەخۆدەگرێت و دەکرێت دواتر بێینەوە سەری.

کەرتی کارەبامان هەیە لە کوردستان کە بووەتە خاڵی لاوازی هەموو کابینەکانی حکومەت کە لەدوای راپەڕینەوە دامەزراوە، لە هەمانکاتدا بووەتە وشەی سەر زاری هاوڵاتییان و لاوازی و ناتوانایی حکومەتی پێ پێوەر دەکەن کە نەیتوانیوە تا ئەمڕۆ ئەم سێکتەرە چارەسەر بکات.

کارەبا وەک جگەرە، خواردنەوە کحولییەکان، نەوت، بەنزین، زۆر مەوادی تر، دەخرێتە بازاڕی سەرمایەگوزارییەوە، کارەبا بەخشینێکی کۆمەڵایەتی نییە لە حکومەتەوە بۆ خەڵک، بەڵکو یەکێک لە سەرچاوە باشەکانە بۆ بەدەستهێنانی داهات بۆ حکومەت.

شەرمە کە هێندەمان وتووە: کەسانی دەوڵەمەند و پلەدار، کارەبای تەواویان هەیە و 24 کاتژمێرییە، چونکە یان لە شوقە و ڤێلا هەرە باشەکاندا دەژین، یان موەلیدەی دەیان ئەمپێڕیی خۆیان هەیە، ئیتر نازانێت کەی کارەبا دەکوژێتەوە و نرخی گڵۆپی شەحن چەندە؟

لەکاتێکدا خەڵکی ئاسایی بە دوای ئەوەوەن بزانن خشتە و نرخی کارەبای موەلیدە بۆ ئەم مانگە چەندە و گیرفانی بۆ ئامادە بکەن.

دەڵێن کارەبای نیشتمانیی 11 بۆ 15 کاتژمێر دەدرێت، هەرچەندە ئەمە جێی شەرمە بۆ وەزارەتی کارەبا و حکومەت و پێویستە شانازیی بەم جۆری بەڕێوەبردنەوە نەکات، بەڵام تەنها دوو رۆژی رابردوو بە نموونە دەهێنمەوە کە لە 24 کاتژمێردا لە گەڕەکێک تەنها 8 کاتژمێر کارەبای نیشتمانی هەبووە، ئەوەی تر یان هیچیان نەبووە یان موەلیدە هەبووە کە تێچوویەکی زۆری هەیە.

ئیتر بۆچی ناهەقمان بێت بڵێین هەستی نیشتمانی لای خەڵک لاوازە، لەکاتێکدا وزەی کارەبا و دەرمان و خزمەتگوزارییەکانی تر لای حکومەت لە لاواز لاوازترە؟

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan