هیوا  محەمەد

هیوا محەمەد

پێگەی جەماوەریی حزبی هاوردە ئەگەر بشبێت کاتییە

بەدرێژایی مێژوو، ئیستیعمار لە خەمی بەهێزکردنی پێگەی خۆیدا بووە لە زۆر جێگەی ئەم جیهانە، هەوڵیداوە بە دروستکردنی هاوپەیمانییەک بەشێک لەوەی خۆی بە تەنیا ناتوانێت بەدەستیبێنت، لە رێگەی وڵاتێکی دیکەی ئەڵقە لە گوێی خۆیەوە پشکێکی تێیدا هەبێت.

ئیستیعماری سەردەم چۆنە؟
ئەو هێزە ئیستیعمارییانە، لەم سەردەمەدا بە جۆرێکی تر خۆیان دەخزێننە ناو وڵاتەکان، بەتایبەتی لەوانەی خۆیان دەستیان هەبووە لە دامەزراندنیاندا، یەک لەوانە عیراقە بەو بەشەوە کە هەرێمی کوردستانی پێدەوترێت.

لە سەرەتای دامەزراندنی عیراقەوە، ئینگلیزەکان رۆڵیان هەبووە و دەستیان وەرداوە لە کێشەکانی ئەم وڵاتە، بەتایبەتی کێشەی نەتەوەیی کورد لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی ناوچەکە، هەر لەسەر دەستی ئینگلیز و فەرەنساش پەیمانی سایکسپیکۆ هاتەکایەوە، کە زیانی گەورەی مێژوویی بە کورد گەیاندووە.

ئینگلیزەکان ئاشناییەکی زۆریان لەگەڵ سەرۆک تیرە کوردەکاندا دروستکردووە کە تائێستاش لە رێگەی کوڕ و نەوەکانیانەوە هەر ماوە و حکومەتی بەریتانیا وەک بەشێک لە سیاسەتی دەرەوەیان گرنگییان پێدەدات. 

بەردەوامیی سەردانی باڵیۆز و سەرکونسوڵگەرەکانی بەریتانیا لە عیراق بۆ لای ئەو سەرۆک عەشیرەتانە، سەلمێنەری ئەو راستییەن کە ئینگلیزەکان دەستیان لە نەخشەی سیاسیی ناوچەکەدا هەیە، لەسەر ئاستی عیراق و هەرێمی کوردستان.

بە هۆکاری ئەوەی زۆرێک لە سیاسەتمەدارەکانی کورد ئاوارە بوون و داوای پەنایان لە وڵاتانی ئەوروپی کردووە و هەڵگری رەگەزنامەی ئەوانن، یەک لەوانە بەریتانیایە، هەندێک لەو کەسایەتییانە کاتێک بەرپرسیارێتییەکی هەستیار وەردەگرن یان دەبنە سیاسییەکی چالاک و جەماوەریان دەبێت، ئیتر بەریتانیا وەک هاوڵاتییەکی خۆی، لێیان نزیک دەبێتەوە و چاوەڕوانی ئەوەیان لێدەکات کەم تا زۆر بەرژەوەندییەکانی وڵاتی دووەمیان لەبەرچاو بگرن. 

تووڕەبوونی بەریتانیا لە ئێران لەسەر لە سێدارەدانی عەلی رەزا ئەکبەری (کە بە جاسوسی کردن بۆ بەریتانیا تۆمەتبار بوو) ئەو راستییە دەسەلمێنێت، پێمان دەڵێت کە بەریتانیا چۆن کاری لەسەر کڕینی کەسەکان کردووە کە لە شوێنە هەستیارەکاندان و رەگەزنامەی بەریتانییان هەیە.

نایانەوێت هاوسەنگیی لە هێزدا هەبێت
کورد لە زەمانی شێخ مەحمود، بە ئاشکرا ملکەچبوونی بۆ ئینگلیزەکان رەتکردووەتەوە، ئەوان بە دوژمنی خۆیان ناسیویانە، بەڵام لەم چەند دەیەی دواییدا و لە رێگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کەسایەتی دیاری کوردستان سەرۆک مام جەلال، پەیوەندییەکی هاوسەنگ لەنێوان کورد و بەریتانیادا دروستبووە و کاریگەریی باشی لەسەر پەیوەندیی ئەو وڵاتە لەگەڵ حکومەتی هەرێمیش هەیە.

ئەو ساڵانەش کە مام جەلال سەرۆک کۆماری عیراق بووە، پەیوەندیی بەریتانیا لەگەڵ عیراق و کوردەکان لە قۆناغی باشی هاوسەنگیدا بوون.

بەڵام ئەمە واینەکردووە کە بەریتانیا کۆڵ بدات لە سیاسەتی ئیستیعمارییانە و دەستوەردان لە کاروباری عیراق بۆ بەرژەوەندیی خۆی،

هیچکاتیش بە هاوسەنگیی لە پەیوەندیدا لەگەڵ نەتەوەی کورد یان گەلانی عیراق رازی نەبووە، ئەوان دەیانەوێت لە نەخشەڕێی سیاسیدا رۆڵیان هەبێت و کوردیش لە سەقامگیریی تەواودا نەبێت.

کاتێک بزووتنەوەی گۆڕان دروستبوو، بەریتانییەکان پێی خۆشحاڵ بوون و خستیانە چوارچێوەی ئازادیی سیاسیی و رادەربڕینەوە، بەڵام ئەمە بۆ ئەوان بە مەبەستی تێکدانی هاوسەنگیی هێز بوو لە هەرێم، ئەوان دەیانزانی کە یەکێتی لە برەودایە (ئەو حزبەی کە لەگەڵ ئێران پەیوەندیی باشیان هەیە) ئێرانیش بەلای بەریتانیاوە، وڵاتێکە مەترسیی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی خۆرئاوا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا هەیە، کەوابێت دەبێ چیبکەن؟ بێگومان دێن و پشتگیریی لە هەر هێزێک دەکەن کە دەبێتە هۆی تێکدانی ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لاوازکردنی.

دوور نییە ئەوان لەو کۆبوونەوانەدا کە لەگەڵ ئەو هێزانەدا کردوویانە، بیروبۆچوونی خۆیان خستبێتە بەردەمیان بۆ بەردەوامیی و برەودان بە چالاکییەکانیان، ئەمە لە کاتێکدا بەشی ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان ئارام بوو، لە زۆنی سەوزیش نائارامیی و تێکچوونی شیرازەی دۆخەکان و خۆپیشاندان و ناڕەزایی و دروستکردنی گرفتی گەورە بوو.

کاتێک نەوشیروان موستەفا، دامەزرێنەری بزووتنەوەکە نەخۆش کەوت و گەڕایەوە بۆ بەریتانیا (وڵاتی دووەم) دوو ساڵێک لەوێ مایەوە، ئەگەرچی توانای بەڕێوەبردنی بزووتنەوەکەی هەرمابوو، بەڵام هیچ لێدوانێکی وای نەدا کە کۆتایی بە کێشەکان لەگەڵ یەکێتی بهێنێت.

لەکاتێکدا کە پارتی خۆی بەسەر دۆخەکەدا دەسەپاند و سوودی لەو نائارامییە سیاسییەی زۆنی سەوز دەبینی، پەیوەندیی گۆڕان و یەکێتی بە هەڵواسراوی مایەوە، رەنگ بوو پێش دوا ساتەکانی تەمەنی، کە بەپێی خۆی گەڕایەوە، تەنها بە لێدوانێکی ئاشتییانەی یەکلاکەرەوەی ئەو، ئێستا دۆخی زۆنی سەوز و هەرێم لە زۆر باشتردا دەبوو، ئەم تاکڕەوییەش لە حکومڕانیی هەرێمدا دروست نەدەبوو.

هەموو ئاشووبەکان دەستی ئەوانی تێدایە
تورکیای ئەندام لە ناتۆ، دۆستی بەریتانیایە، دەکرێت لەبەرخاتری تورکیا نەیەوێت هەنگاوێک بۆ دروستکردنی سەقامگیریی بنێت لە هەرێم، چونکە سەقامگیریی واتا پێکەوە ژیانی لایەنە سیاسییەکان و تەبابوون، ئەميش دەبێتە هۆی پێشخستنی هەرێم و پتەوبوونی و تەشەنەکردنی ئەمە بۆ کوردەکانی دیکەی وڵاتانی دەوروبەر، لەوانەش تورکیا.

ئەگەر بەریتانیا ئەوەی رەچاو نەکردبایە دەیتوانی کاریگەریی لەسەر رێکخەری بزووتنەوەی گۆڕان هەبێت و رۆڵی هەبێت لە نزیککردنەوەیان لەگەڵ یەکێتی، بەو پێیەی کە ئەو رەگەزنامەی بەریتانیای هەبووە و سیاسەتمەدارێکی ناسراو بووە.

دروستبوونی حزب بە راوێژ لەگەڵ هێزە دەرەکییەکان، یەکەم تاوانە و جاران دەستەواژەی ناشیرینیان لێدەنا، دووەمیش نابێتە ئەو حزبەی  لەدۆخێکی پێویستدا وەک فریادڕەس بۆ خەڵک دروست ببێت، وەک ئەوەی کە ئێستا هەندێک جار دەیبیستین فڵان کەسایەتی رووی لە پایتەختێکی ئەوروپا کرد و دوای گەڕانەوەی ئیتر لە بۆنەیەکدا ئیدیعای دروستکردنی حزب دەکات، ئەم جۆرە لە حزبە هاوردەکراوە دەکرێت لە دۆخێکی تردا هەناردە بکرێتەوە و ناویشی نەمێنێت.

ئەمە بۆ ئەمەریکاش هەروایە، یەکێک لە (سیاسییە هەڵتۆقیوەکانی ئەم دەڤەرە) رۆیشتە ئەمەریکا و چاوی بە هەندێک کەسایەتی ناو کۆنگرێس کەوت و هاتەوە لێرە کەوتە لێدوانی دژ بە یەکێتی و بەڕێوەبەرایەتی ئەم دەڤەرە.

نایانەوێت تەبایی و سەقامگیری هەبێت
هەموو ئەمانە بە مەبەستی رێگرییە لە دروستبوونی تەبایی و یەک یەکەی بەڕێوەبردنی هەرێم، داواکاری سەرەکییش تورکیایە لە رێگەی قورسایی خۆی لە ناتۆدا و هەڵکەوتەی ستراتیژیی وڵاتەکەیەتی و لە ترسی نەچوونیەتی بەلای رووسیادا کە ئەمانە هەمووی لە کێشەی نەتەوەی کورد گرنگترن بۆ ئەوروپا و ئەمەریکا.

هاوکاریی ئەمەریکا بۆ کورد لە سەرەتای حەفتاکاندا لە رێگەی شای ئێرانەوە، بۆ ئەوە بوو کە شۆڕشی کورد بکات بە گژ عیراقدا و سەقامگیریی ئەم وڵاتە بشێوێنێت، چونکە عیراقی ئەوکات بەرەو لای سۆڤیەت دەچوو.

هەر تێکچوونێکی دۆخی سیاسیی لە هەرێم و بەتایبەتییش لە زۆنی سەوز کە هێندەی پارتی دۆستایەتییان لەگەڵ تورکیادا نییە و نەچوونەتە ژێر فەرمانی جێبەجێکردنی سیاسەتەکانیان، دەستی وڵاتانی زلهێزی تێدایە و بەشێکە لە هەڵوێستی تورکیا بەرانبەر بە کورد و زۆنی سەوز لە هەرێمی کوردستان.

وەک بەشێک لە دژایەتیکردنی ئەم دەڤەرە، دەگونجێت چاوەڕوانی دۆخی جۆراوجۆر بین کە بە مەبەستی تێکدانی سەقامگیریی دەکرێت لەژێر ناوی دروستبوونی حزب و ناکۆکیی سیاسیی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan