هیوا  محەمەد

هیوا محەمەد

هیوادارەکان، بە هیوان

هەندێک نووسەر وتارەکانیان دەنووسن بە وشەی هیوادارم داوای یەکگرتوویی و یەکڕیزیی و یەک وتاری و دروستبوونی دەوڵەتی کوردی و هتد دەکەن، ئەمە لەکاتێکدا هیچیان جێگە ناگرن.

هیوادارم، ئەو وشەیەیە کە کەسێک بۆ کەسێکی دەخوازێت و لێیەوە رەزامەندی خۆی دەردەبڕێت بۆ ئەو خواستە کە بۆ بەرانبەرەکەی بێتە دی.

مەرج نییە ئەو هیوخواستنە جێگەی خۆی بگرێت، بۆ نموونە دەچیتە لای نەخۆشێک و هیوای چاکبوونەوەی بۆ دەخوازی، بەڵام چاک نابێتەوە و دەمرێت.

هیوادارم دەربڕینێکی بێ دەسەڵاتانەیە، دەنا پێچەوانەکەی ئەوەیە کە ئەگەر لە تواناتدا بێت ئەوە جێبەجێبکە کە دەتەوێت.

کاتێک دەڵێیت هیوادارم  کورد خاوەنی دەوڵەتی سەرتاسەریی خۆی بێت، ئەمە نیشانەی بێدەسەڵاتییە و ناتوانیت جێبەجێی بکەیت، بەڵکو هیوای بۆ دەخوازیت.

هەندێکجار هیوادارم فەرمانە و دەبێت جێبەجێ بکرێت، بۆ نموونە سەرکردەیەک لە کۆبوونەوەی دەستەی باڵای حزبەکەیدا دەڵێت: هیوادارم لەمەودوا بەئەرکی خۆتان هەستن لە رۆشنبیرکردنی خۆتان بە فڵان بابەت، یان دەڵێت: هیوادارم کۆبوونەوەی داهاتوو هەمووتان لە کاتی خۆیدا ئامادەبن، ئەمە بەجۆرێکی تر دەبێتە ئەمرکردنێکی رێزگرانە، دەنا سەرکردەکە دەتوانێت بە فەرمان ئەوەیان پێبڵێت.

خاڵی کێشەکان، هۆکار و رێگر لەبەردەم بەدینەهاتنی هیواکان دەبێت دیاری بکرێت و رێگەی هاتنەدییەکەشی روون بکرێتەوە، لەمە بترازێت هیوادارم دەبێتە وشەی بێدەسەڵاتی و بێزاریی و هیچ لە هەگبەدا نەبوون.

دەکرێت لە وتارێکدا کەسێک کێشەکە و چارەسەرەکە یان راست و چەوتەکە بخاتەڕوو، دواتریش بڵێت هیوادارم ئەمە بکرێت و بێتەدی، بەڵام کۆی کێشە هەنووکەیی و دڕێژخایەنەکان بدەیتە بەر وشەی هیوادارم و بشزانیت هیچیان بەدینایەن، ئەوە گاڵتە بە خۆکردن و خۆ هەڵخەڵەتاندنە.

کەسێک دەڵێت هیوادارم هەڵبژاردنی  داهاتوو پاک و بێگەرد و بێ فرتوفێڵ بێت و ببێتە مایەی گۆڕینی سیستمی حکومڕانی و لێرەشەوە رووناکاییەک بێت بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی.

هەموو دەزانین ئەمە بە هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێم نایەتەدی، چاکتر لەوە دەتوانێت ئەوە روون بکاتەوە کە چۆن رێگریی لە فرتوفێڵ بکرێت و چۆن حکومەتی نوێ دروست ببێت، چۆن خەڵک دەتوانێت لە رێگەی دەنگەکەیەوە ئاراستەی حکومڕانییەکە بەرەو باشتر ببات؟ دەنا هیوادارم، تەنها سەرشۆڕکردن و سەلامەتییە و هیچی تر.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan