هیوا  محەمەد

هیوا محەمەد

سزاکان ئیسرائیل ناگرنەوە

ئەمەریکا، سزای هەر وڵاتێک، کەسایەتییەک، رێکخراوێک دەدات کە مەبەستی بێت و لەگەڵ بەرژەوەندییەکانیادا نەگونجێت، تەنانەت ئەگەر دۆستێکی دێرینیشی بڕێک پێی لار دابنێت، خێرا لێی هەڵدەگەڕێتەوە و سزای دەدات وەک ئەوەی چەند جارێک لەم دەیەیەی دواییدا بەرانبەر تورکیا کردی و گویلەنی کردووەتە کارتی دەمکوتکردنی، چونکە مەکری تورکیا بۆ رووسیا زیادیکردووە.
ئەوەی کە ئەمەریکا چاوپۆشی لێدەکات، سەرەڕای ئەو هەموو پێشێلکاری و تاوانانەی دەیکات ئیسرائیلە، ئەم وڵاتە مەترسیی بۆ سەر هەموو ناوچەکە هەبووە و بەردەوامە لە کاولکرنی فەلەستین و کوشتن و رفاندنی هەر کەسایەتییەک کە بیەوێت، زیندانەکانی پڕن لە دیلە فەلەستینییەکان، هەروا لەگەڵ لوبنان و سوریاش  بەهەمان شێوە، هەرکات بیەوێت فڕۆکەکانی دەنێرێتە سەریان و بەبیانووی لێدانی حزبوڵڵاییەکان لە شوێنە گرنگ و سەربازییەکانیان دەدات.

دامەزراوە ئەتۆمییەکانی کردە ئامانج

ئیسرائیل لە 1981یش هێرشیکردە سەر عیراق و لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی عیراقیدا. فەرەنسا سەرمایەیەکی زۆری لە عیراق وەرگرتبوو لە بەرانبەر دامەزراندنی ئەو دامەزراوە ئەتۆمیانە و ئەندازیارێکیشی لە بۆردومانەکەدا گیانی لەدەستدا، کەچی تەنها لە رێگەی ئەنجومەنی ئاساییشەوە ئەو کارەیان سەرکۆنە کرد بەبێ ئەوەی سزای ئیسرائیل بدەن، هەرچی ئەمەریکا و خۆرئاواییەکانی دیکەشە بەهەمان شێوە لە رێگەی هەندێ رۆژنامەوە، وەک کارێکی دەستدرێژیکارانە باسیان لێوەکرد.
چەند جارێک بەپێی دانپیادانانی ناڕاستەوخۆی ئیسرائیل خۆی، هێرشی تیرۆریستییان کردووەتە سەر کەسایەتییە ناودارەکانی بواری ئەتۆمیی ئێران و کوشتویانن، لە چەند جێگەیەک تەقینەوەویان کردووە کە پەیوەستبوون بەهەمان بوارەوە، ترەمپیش بەشانازییەوە باس لەوە دەکات کە ئەو فەرمانی دەرکرد بۆ تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی.

خۆی بە زلهێزی جیهان دەزانێت
ئەمەریکا وەک ترەمپ وتی، گەورەی جیهانن و ئەمەریکییەکانیش لە مرۆڤەکانی دیکەی جیهان بەهەیبەتترن، بەڵام لە دیدی ئاشتیخوازی و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی ئارام و پێشکەوتووەوە هەنگاو نانێن، ئەو دیموکراسییەش کە باسی لێوە دەکەن تەنها دروشمێکە و لەرێیەوە خۆیان دەخزێننە ناو کۆمەڵگەکانی دیکەی جیهان، دەنا کام دیموکراتی لە ئەمەریکادا هەیە؟
ملیۆنان ئاڵوودەبووی مادە هۆشبەرەکان لەسەر شەقامەکان و ژێر پردەکان دەژین، ملیۆنان بێکار هەن بێ ئەوەی بیمەی بێکاری و کۆمەڵایەتی بیانگرێتەوە، کەسێک نەخۆش بکەوێت و بیمەی نەبێت دەبێت چاوەڕێی مردن بکات لەبەر گرانیی نرخی چارەسەر و دەرمان، کەسێکیش کاری هەمیشەیی نەبێت، ناتوانێت خۆی بیمە بکات، کەوابوو بێکارەکان دوو جار دەمرن، لەکاتێکدا لە سیستمی دیموکراسیدا رادەی بێکاریی نزمە، پەروەردە بە باشی رێکخراوە بەجۆرێک کە فەسادی ئەخلاقی لە کۆمەڵگەدا بڵاونەبێتەوە.
کام دیموکراتی؟ لە ماوەی 150 ساڵی رابردوودا تەنها دوو حزب دەستاودەستی دەسەڵات دەکەن و حزبێک نییە شان لە شانیان بدات.
لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکادا تەنها دوو نوێنەر بەناوی سەربەخۆکان هەن و ئەوانی تر بۆ کۆمارییەکان و دیموکراتەکانە، بەم پێیە بێت هیچ حزبێک لە ئەمەریکادا نییە کە نزیک لەوە ببێتەوە بتوانێت بچێتە ناو ئەم ئەنجومەنەوە!

یەهودییەکانی ناو کۆنگرێس
زۆرێک لە ئەندامانی دیموکراتەکان و کۆمارییەکان، یەهودین و خۆیان بە خاوەنی ئیسرائیل و مانەوەی ئەو دەوڵەتە دەزانن، هەر ئەوانیشن کە رێگرن لەبەردەم ئەوەی ئەمەریکا بیر لە سەپاندنی سزا نەکاتەوە بەسەر ئیسرائیلدا و بەو ئاراستەیەی دەبەن کە پارێزەری بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا بێت.
کەشێکیان خوڵقاندووە ئەمەریکا هۆکارێکی بەدەستەوە نەبێت سزای ئیسرائیلی پێبدات، چونکە دڵسۆزیی ئیسرائیلییەکان لە خۆهەڵواسینیاندا بۆ ئەمەریکا هێندە زۆرە تەنانەت هیچکام لە حکومەتەکانی ئیسرائیل لە دروستبوونییەوە هەڵوێستی بەرانبەر ئەمەریکا خراپ یان لاواز نەبووە و هەموویان یەک لە یەک زیاتر پابەندی ئەمەریکا و سیاسەتەکانی بوون.

بەپێی مەزاجی زلهێزەکان دەجووڵێنەوە
پێوەرە نێودەوڵەتییەکانیش هاوشێوەی سیاسەتی ئەمەریکا لە روانگەی پێویست و دادپەروەرییەوە سەرچاوە ناگرن، بەڵکو بەپێی مەزاجی زلهێزەکان دەگۆڕێن، گەلەکۆمەکێی ئەوروپا و ئەمەریکا لەسەر روسیا، سەلمێنەری ئەوەن کە ئەمەریکا چۆن سەرپەرشتی ململانێکان دەکات لە بەرژەوەندیی خۆی، خستنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی ئاراستەکراوی ئەمەریکی  لەسەر دەریای رەش و ناڕەزاییەکانی ئەمەریکا لەسەر رووسیا لە بەرانبەر ئەم کارە، پرسیاری ئەوە دروستدەکات کە ئایا ئەمەریکا لە دووری هەزاران کیلۆمەترەوە چیدەکات لەسەر دەریای رەش کاتێک دەڵێت: ئێمە بۆ پاراستنی ئاسایشیی نەتەوەیی خۆمان لێرەین، ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا چیدەکات لە دەریای رەش؟

عەرەب و ئیسلام لێی بێدەنگن
دەبێت عەرەب و وڵاتانی ئیسلامی بەگشتی لە قۆناغی خۆفریودان بێنەدەر، ئەوەی ئیسرائیل بەوانی دەکات نەک هەر ئیهانەکردنە، بەڵکو دەیانەوێت لە ناوچەکەدا ببنە ئاغای هەمووان و بەسەریاندا زاڵ ببن.
ئێران بە تەنها باجی بێدەنگیی عەرەب و تورکیا و گەلانی دیکەی ئیسلامیی دەدات، بزانن چی لە فەلەستین و لوبنان و سوریا دەکات؟ مەگەر ئەمانە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی نین؟  ئەمەریکا چاوی بڕیوەتە کەنداو و وڵاتانی دیکەی عەرەبی لە ئاسیا و ئەفریقا، کەچی بە هەموو ئەم کارتە بەهێزانەوە کە لەژێر دەستیاندایە، نەیانتوانیوە کێشەی وڵاتێکی دەستەخوشکیان کە فەلەستینە چارەسەربکەن، ئەمەش لەبەرئەوە نییە کە ئیسرائیل بەهێزە یان کارتی دەستی ئەو بەهێزترە بۆ ئەمەریکا، بەڵکو لەوەوە دێت کە ئیسرائیل ئەمەریکا بچکۆلەکەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە.

خ.غ
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan