سۆزان حەمەتاتە
شاری حەیات و هەرگیز پیر نەبووم
سلێمانی؛ شارە حەیاتەکەی حەیاتی هەموومان، شارێک کە جێگەی شانازیی کورد و داینەمۆی شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکانێتی بەدرێژایی سەدان ساڵی خەباتی نێو بزووتنەوەی ئازادیخوازیی نەتەوەی کورد، سێ هێندەی شۆڕشەکانی بەدرێژایی ئەو مێژووە پیلان و پلانی لەسەر بووە و هەوڵی شکاندنی دراوە، بەڵام نەک هەر نەکەوتووە، بەڵکو باڵای زیاتر بەرز و تەمەن پڕ خێرتر و جۆشخواردنەوەی بۆ بەردەوامیی ژیان و شۆڕش و نەبەزینەکانی زیاتر تاوی سەندووە.
سلێمانی بە سروشت لە هەرچی شاری دنیایە جیاوازترە، هەم ئارامە و هەم توڕە، میواندۆست و دژە خیانەت، پڕ لە پێکەنین و گریان، چرکەیەک لە مێژووی سلێمانیدا نییە ئامادەی رووبەڕووبوونەوە نەبووبێت، کاتێک سەیری دەکەیت بێدەنگە، ئەوا بزانە لە هەموو کات زیاتر توڕەیە لە ستەمێک لێی دەکرێ، هەرچی جۆری توندوتیژییە بەعس لەسەر سلێمانی تاقیکردەوە، جەستەی پڕپڕکردبوو لە برینی قوڵ، بەڵام لەسەرخۆ توڕەییەکەی کردە پرۆژەی رزگاربوون و لە راپەڕیندا کۆتایی بە ستەمی ٣٠ ساڵەی دوژمنە تەواو رەق و تووندەکانی هێنا و تاجی سەرکەوتنی کردە سەر.
سلێمانی رەنگی سپییە، سپیی خۆ رادەستکردن نا، بەڵکو بە ئاشتی ژیان و خۆشویستن و لێبووردەیی، لە هەمانکاتدا رەنگی سوریشە، چونکە کۆڵان بە کۆڵان و شەقام شەقامی شەهیدبوون و بەخشش بووە بۆ کوردستان و بۆ مرۆڤایەتی و بۆ پیکەوەژیان.
سەیری زەردەپەڕی سلێمانی بکە کەوا هێمایە بۆ کۆتایی رۆژ، کەچی مانای رۆژ و نوێبوونەوە و ژیانی لێ دەچۆڕێ، تاریکییەکەی دەبزیسکێتەوە، ئارامییەکەی پڕە لە ئاگایی و خۆسازدانەوە بۆ بەردەوامیدان بە رۆژی دواتر و قۆناغێکی دیکەی ژیان و تەمەن.
لە شەقامەکانی سلێمانیدا بەردەوام رەنگی بەهار دەبینی، بەهارێک کە ماناکانی لەدەستنادات بە هاتنی پاییز و زستان و هاوین، سەوزییەکەی بۆنی جیاوازە، گەرمی هیچ خۆرێک کاڵی ناکاتەوە، تەمەنی سلێمانی هەرگیز بەهار تێناپەڕێنێ، ئەوە مانای ئەوەیە شارە حەیاتەکە هەرگیز نە دەچەمێ و نە پیر دەبێت.
٢٤١ ساڵ تەمەن بۆ سلێمانی هەر ژمارە نییە، بەڵکو پڕە لە گیانفیدایی و بەخشش، گۆرانی و گۆڤەند، بەرخودان و قوربانیدان، رێگەنەدان بە شکست و بەردەوام نوێبوونەوە و بەرەو پێشچوون، وتنەوەی سروودی نەمری و ژیاندۆستی.
سلێمانی هەر خۆی پیرۆزیی ژیان و کوردستانە، بۆیە پیرۆزبایی دامەزراندنی ناوێ، بەڵکو دەیەوێت لەسەر چاوەکانتی دابنێیت بۆ ئەوەی کوردستان ئاوەدانتر و ژیان جوانتربێت و مرۆڤ تیایدا گەزگەز باڵابەرزتر بێت.
خ.غ
خ.غ


