خەڵەف   غەفور

خەڵەف غەفور

"دەڵێن ئەردۆغان مردووە"

1
مانگی تەمووزی 2021، هەواڵی مردنی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا و سەرۆكی گشتی پارتی داد و گەشەپێدان- ئەكەپە بڵاوبووەوە، بەدوای ئەوەدا هاشتاگی ئۆلموس بەواتای (دەڵێن مردووە) تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بەتایبەت تویتەری تەنی. 
هەواڵی لەو شێوەیە دوو بەرەی دژ بەیەك دروستدەكەن، دۆستەكانی نیگەران و دوژمنەكانیشی دڵخۆش دەبن، بەڵام ئەمەی ئەردۆغان جوگرافیای سیاسی توركیای تێپەڕاند و بووە هەواڵێكی زۆر خوێنراوە، چونكە توركیای ئێستا بە جۆرێك لە جۆرەكان خەریكە بەتەواوەتی رۆژئاوا نیگەران دەكات و ئەوەش باجی قورسی دەبێت.

2
دوای چەند رۆژێك تێپەڕبوون بەسەر بڵاوكردنەوەی ئەو هاشتاگەدا، ئەكەپە و حكومەتی ئەردۆغان دەستیانكرد بە گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی بەرانبەر ئەو كەسانەی ئەو هاشتاگەیان دروستكردووە، چونكە بەپێی یاساكانی توركیا سوكایەتییكردن بە سەرۆك و بڵاوكردنەوەی هەواڵی ناڕاست لەسەر تاوانە و سزای خۆی هەیە.

3
رۆژی چوارشەممە 3ی شوباتی دووەمی 2021 پۆلیس توركیا 30 چالاكوانی بەتۆمەتی دروستكردنی هاشتاگی دەڵێن ئەردۆغان مردووە دەستگیركرد، كاری لەو شێوەیە گومانی زیاتر دەرخاتە سەر دادگاكانی توركیا كە زیاتر وابەستەی بڕیارەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغانن و بێلایەنن نین لە بڕیارداندا وەكو چۆن لە كەیسەكانی سەڵاحەدین دەمیرتاش و گیراوانی كودەتا شكستخواردووەكەی تەمووزی 2016، ئەردۆغان بەتەواوەتی دادگاكانی خستە بندەستی خۆی.

4
ئازادیی رادەربڕین و رۆژنامەوانی لە توركیا سنوورەكانی بەتەواوی تەسككراونەتەوە، بەپێی ئامارەكان و راگەیەنراوی سەندیكای رۆژنامەڤانانی توركیا نزیكەی 70 رۆژنامەنووس لە زیندانەكانی توركیا دان و دۆخیان خراپە، هەرچەند سەرۆكایەتیی كۆماری توركیا رەتیدەكاتەوە ئازادیی رۆژنامەوانی لە دۆخێكی خراپدا بێت، بەڵام رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە پرسەكانی مافی مرۆڤ و راگەیاندن و ئازادییە سیاسییەكان توركیایان لەناو كەوانەی سووردا داناوە و داوایان لێكردووە بارودۆخە چارەسەر بكات.

5
یەكێك لە كێشە سەرەكیەكانی ئەردۆغان ئەوەیە بڕوای بە موقەدەس هەیە، موقەدەس لە دەرەوەی ئایین، بۆ نموونە سەرۆك موقەدەسە و نابێت باسی مردنی بكرێت، یان ئەوەی سەرۆك كاری زۆری ماون بۆ توركیا بیكات و نابێت رەخنەی لێبگیرێ. ئەمەی سەرۆك ئەردۆغان دەیكات بەناوی یاساوە بە پیرۆز دانانی سەرۆك و دەسەڵاتەكەیەتی لەپێناو زیندووكردنەوەی خەلافەتی عوسمانی و مانەوەی خۆی.
گرفتی ئەردۆغان گەڕانەوەیەتی بۆ سەردەمی خەلافەت، لەوێدا موقەدەس هەیە، خەلیفە رەخنەی لێناگیرێ، یان هەر لە بنەڕەتدا تەمەنی زۆر درێژبێت.

6
لە یەكەم پەیڕەوی ناوخۆی پارتی داد و گەشەپێدان دا هاتووە بڕوایان بە دیموكراسیەتی موحافیزكارانە هەیە، ئەوە چەمكێكی سیاسی نییە، بەڵكو رێگەیەكە بۆ گەڕانەوە بۆ رابردوو و مانەوەش لەئێستا، بە دیموكراسی هەڵبژاردن دەبەیتەوە، دواییش كە دەگەیتە لووتكەی دەسەڵات ئیتر سەرەتاكانی گەڕانەوە بۆ خەلافەتی عوسمانی و موقەدەس دەستپێدەكات و ئەوانەی بانگەشەی "دەڵێن مردووە" بۆ سەرۆك دەكەن، دەبێت زیندانی بكرێن.
توركیا بەو شێوەیە خۆی قەتیس دەكات و زیاتر بۆ دواوە دەگەڕێتەوە...

بەڵێ؛ دەڵێن ئەردۆغان مردووە.
 

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan