نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

گۆڕەکەی ئیبراھیم خانی دەلۆ و سنووری کەرکوک

ساڵی 2016 وەک ئینستتیوتی نارین بۆ توێژینەوە و بڵاوکردنەوە، لە شاری کفری بۆنەیەکی جیاوازمان بۆ یادکردنەوەی شۆڕشی ئیبراھیم خانی دەلۆ سازکرد، چەندین وتار و بابەتی زانستیی گرنگی تیادا خرایەڕوو، شتێکی گرنگ سەرنجی لەسەر خرایەڕوو کە بۆ بەڵگەدارکردنی سنووری کەرکوک و کوردستان زۆر مانادارە و دەکرێ زیندووتری بکەینەوە.

شۆڕشی بیستی عیراق بە زنجیرە قۆناغێکدا تێپەڕی، لە کوردستانیش شێخ مەحمودی حەفید بەڕووی داگیرکەراندا چووەوە، لە سنووری کەرکوک و گەرمیانیش ئێبراھیم خانی دەلۆ لەسەر داوای خەڵک و وەکو کەسایەتییەکی کاریگەری ناوچەکە لە دەسەڵاتی ئینگلیزەکان راپەڕی و کفری و زۆر ناوچەی دیکەی ئازادکرد و ئینگلیزەکانی تەنگەتاوکرد، ئەگەرچی سەرکەوتنەکە زۆری نەخایاند بە ھۆکاری بەھێزی ئینگلیز و کەمی توانای لۆجستی شۆڕشگێڕانەوە، بەڵام بووە لاپەڕەیەکی پرشنگدار لە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی خەڵکی کوردستاندا.

رووداوێکی سەیر لە کۆتایی شۆڕشەکەدا روویدا کە بۆ مێژووی کورد، دیاریکردنی سنووری کەرکوک و کوردستان بایەخی زۆری ھەیە کە ئەویش ئەمەیە: ئیبراھیم خانی دەلۆ بەھۆی زۆری تەمەن و ماندوێتی و نەخۆشی و نەبوونی چارەسەری پزیشکییەوە کۆچی دوایی دەکات، بۆ ئەوەی تەرمەکەی نەکەوێتە دەست ئینگلیز، شۆڕشگێڕەکان تەرمەکەی دەبەن و لە شوێنێکی پەنھانی سەر زنجیرە چیای حەمرین، ئەسپەردەی دەکەن بەبێدەنگی.

ئینگلیزەکان بە مردنی زۆر دڵخۆش دەبن، لەگەڵ ئەوەشدا کەفوکوڵی دڵیان دانامرکێتەوە و بڕیاردەدەن تەرمەکەی لە گۆڕ دەربھێنن و بە مردووییش دادگایی بکەن، خۆشبەختانە لەو ھەوڵەشیاندا سەرکەوتوو نابن، کاتێک شۆڕشگێڕەکان بەو نیازەی دوژمن دەزانن، دەمودەست خۆیان کۆدەکەنەوە و دەچن خۆیان تەرمی پیرۆزی سەرکردەکەیان لە گۆڕەکەی دەردەھێنن و ھێندەی تر ئینگلیز لە بەدیھاتنی ئامانجەکەیان بێھیوا دەکەن.

ئەسپەردەکردنی تەرمی ئیبراھیم خانی دەلۆ لەسەر چیای حەمرین، لە دوا ھێڵەکانی سنووری کوردستان ھێما بووە بۆ ئەوەی ئەوێ سنووری کوردستانە، بۆیە تەرمەکەیان گۆڕ غەریب نەکردووە و ویستوویانە بڵێن بە گیان و رۆح و خوێنی سەرکردەکەیان سنووری کەرکوک و کوردستان دیاری دەکەن.

ئەو تەرم و گۆڕ و مردن و ئەسپەردەکردنە لە ساڵانی بیستی سەدەی بیست و لە سەروەختی ئەوپەڕی بەھێزی داگیرکاری ئینگلیزەکاندا، بەڵگەیەکی مێژووی تەواوە بۆ ئەوەی زیندووەکانی ئێستا، دوژمنانی ناوخۆیی و دەرەکیی کورد و کەرکوک بزانن کەرکوک خاک و شارێکی کوردستانییە و نکۆڵیلێکردنی ھیچ لە راستییەکان ناگۆڕێ.

دەرفەتێکی باشە ئەو رووداوە بکرێتە بابەتێکی قسە لەسەرکراو بۆ ئەوەی ھەم بیرەوەرییەکە زیندوو رابگیرێت، ھەروەھا بۆ ئەوەش بیری دوژمنانی کەرکوک و کوردستانی بخەینەوە، کەرکوک کوردستانییە، سنوورەکەیشی چیای حەمرینە و رۆحی ئیبراھیم خانی دەلۆش شاھیدە.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan