هیوا محەمەد
کورد وەک کارتی جۆکەر
بەدرێژایی مێژوو، کورد بەشێک بووە لە ململانێ ناوچەییەکان، نەک بەشێکی خاوەن هێز و بڕیار، بەڵکو بەشێکی بەکارهاتوو وەک کارتی جۆکەر بەدەستی یەکێک لە لایەنە ناکۆکەکانەوە.
دەبێت ئێوەش وەک من خۆتان ماندوو بکەن و بە مێژوودا شۆڕ ببنەوە و بزانن هەموو ئەو شۆڕش و راپەڕین و یاخیبوونانەی کورد کردوویەتی بۆچی سەرکەوتوو نەبووە؟
بچن بزانن لە هەموویاندا کێ هاندەر و دۆست و لایەنگیری کورد بووە و دژی کێ بوون؟ ئەی لە قۆناغەکەی تردا بۆچی دۆستی دوژمنە دێرینەکە بوون؟
کە ئەمانەتان بۆ دەرکەوت، ئەوسا وەرنە سەر دۆخی ئەمڕۆ و بزانن ئێستا کورد چۆن دابەشبووە؟
ئەمەریکا نەک دۆستی کوردە لەم هەرێمی کوردستانە بەتایبەتی (پارتی دیموکرات کوردستان)، بەڵکو بڕیاردەر و کوێخای کوردیشە و هەرچی ئەو بیڵێت لێ دەرچوونی نییە!
هەر ئەم ئەمەریکایە دۆست و هاوپشتی کوردی سوریای (رۆژئاوا) دۆستی نزیک و ئاوێتەی پەکەکەیە کە دوژمنی سەرسەختی پارتییە لە هەرێم!
هەر ئەم ئەمەریکایە کە ئەندامی سەرەکی و پێکهێنەری ناتۆیە، لە سەنگەری ئەو کوردانەدایە کە تورکیا کون بە کون بە دوایانەوەیە و لێیان دەدات، بەڵام هێشتا کورد هەر خواستی لەسەرە
(خواست لەسەر سەرکردەکانی نەک خەڵکی کورد)، چونکە زۆرێک لە سەرکردەکان بۆ مەرامی خۆیان جڵەوی خۆیان داوەتە دەست ئەمەریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکە و دەیانپارێزت، ئەوانیش بە ئارەزووی خۆیان گەمە بە چارەنووسی ئەم نەتەوەیەوە دەکەن!
ئەمەریکا شۆڕشی ئەیلولی بە ئاشبەتاڵ گەیاند، بۆ بەرژەوەندیی حکومەتەکانی ئێران و عیراق، هەر ئەو دوو حزبەی ئێستا کۆمارییەکان و دیموکراتەکان حکومڕانییان دەکرد، کەچی ئێستا کورد بێ ئەوەی وانە وەربگرێت لە رابردوو، بە هەڵەداوان خۆی بۆ لای ئەم دوو حزبەی جاران و ئێستای ئەمەریکا دەکوتێت و سنگیان بەرانبەر بە بەغدا و دیمەشق دەرپەڕاندووە کە دواجار بە هۆکاری ئەوەی ئەمەریکا رێگایان پێنادات ریفراندۆم بۆ جیابوونەوە بکەن، هەر دەبێت روو لەو پایتەختانە بکەنەوە و بڵێن بە ریشی مەردانەتان قەستەم.
ئێمە دەیان ساڵ لە دژی ئیستیعمار جەنگیوین، ویستومانە وڵات لەژێر دەستیان دەربێنین، بەڵام ئێستا لەدژی یەکتر و لە ئەنجامی یەکتر رەتکردنەوە ئیستیعمار دێنینەوە و پەنای بۆ دەبەین!
گەلۆ دەکرێت ئەمەریکا هێندە خەمخۆری ئێمە بێت، بەجۆرێک کە پشتمان بگرێت و بە پێچەوانەی خواستی گەورەترین دوژمنی کورد کە تورکیایە هەنگاو بنێت و ناتۆ تێکبدات و رووسیا بکاتە بابەگەورەی تورکیا؟
دەکرێت بە کارتی کورد (جۆکەر بتەقێت) و ناوچەکە تووشی شۆک بکات و دەوڵەتێکی وەک ئەمەی ئیسرائیل بۆ کورد دابمەزرێنێت، لەکاتێکدا جیهان بەرەو فرە لووتکەیی دەڕوات و ئەمەریکاش ناتوانێت ئەمە یەکلایی بکاتەوە لەناو جەنجاڵی ئەم هەموو ململانێ مەزهەبی و نەتەوەییەدا کە چەقەکەی عیراقە؟
خ.غ