سۆزان حەمەتاتە
یەک دۆز و یەک چارەنووس
رۆژئاوای کوردستان مەترسییەکانی سەری گەورەتر دەبن، رۆژانە و شەوانە و هەر چرکەساتێک هێرشی درۆن و فڕۆکەکانی تورکیا دێن و کوردی بێ تاوان و شەڕڤانی ئازا و خاوەن خەونی ئازادیی شەهیددەکەن، نە رۆژئاوا بە ئەندازەیەکی زۆر توانی پاراستنی ئەزموونەکەی هەیە بەهۆی ناهاوسەنگیی هێز و نابەرانبەری توانا لۆجستییەکانەوە، تورکیاش دووەم گەورەترین هێزی ناتۆیە و رۆژئاوای کوردستانیش ئەزموونێکی بێ پشتیوان و توانا دیاریکراوە لە هەموو رووەکانەوە.
رۆژی چوارشەممە 28ی شوباتی 2024، چوار ئۆتۆمبێل لە سنووری شاری دێرکی رۆژئاوای کوردستان بۆردوومان کراون و بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوەکانی راگەیاندن 3 شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە و زیانی دیکەش هەبوون. زانیارییەکان باس لەوە دەکەن دوو لەو ئۆتۆمبێلانە لە دەروازەی شارەکە و ئۆتۆمبێلێکیان لە نزیک وێستگەیەکی سووتەمەنی لە شارۆچکەی خانا سەرێ و ئۆتۆمبێلی چوارەمیش لە گوندی وانكێ کراونەتە ئامانج، لەڕاستیدا ئەمە دیمەنێکی ناخهەژێن و غەمگینانەیە و ویژدانی مرۆڤ لە هەر رەگەز و نەتەوەیەک بێت دەهەژێنێ، بەڵام هێشتا خەڵکانێک هەن ئەو دیمەنانەش ناخیان ناهەژێنێ و وەکو دیمەنێکی ئاسایی وەریدەگرن، ئیتر خۆ دامەزراوەی واش هەن کاریان تەنها بووەتە بەرهەمهێنانی نەزانی و بێ دەربەستی و خوێنساردی، ئاسانیش رێیان لی ناگیرێ.
بوونی مەترسیی لەسەر رۆژئاوای کوردستان، تەنها مەترسییەک نییە لەسەر ئەو پارچەیە، ئەوەی وابیردەکاتەوە مەترسییەکانی سەر پارچەکانی کوردستانی گەورە یەک نین و کاریگەرییان لەسەر یەکتر نییە، ئەوە خاوەن دنیابینییەکی فراوان و روون نییە و قەبارەی مەترسییەکان وەکو خۆی گەورە نابینێت، یان بەرژەوەندیی لەوەدایە بەو شێوەیە بیبینێت و هەوڵیش بدا بڕوا بە خەڵکانی دیکەش بکات کە هەر وەکو ئەو بیربکەنەوە و لە بیرکردنەوە و رۆح و زیهنییەتی خۆیاندا هەر کوردستانێکی پارچەپارچە ببینن.
کوردستان بە زۆری هێز و لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەشی زلهێزەکان دابەشکراوە، ئەمە ئەگەر بووەتە واقیعێکی سەپێنراو، بەڵام خۆ دەتوانرێ لە ناخ و ویژدان و بیرکردنەوەی خۆماندا ئەم دابەشکارییە کاڵبکەینەوە و پێکەوە بەچاوێکی کوردستانیانە مەترسییەکان ببینین و لە کۆویژدانی نەتەوەییماندا یەکبین و خۆمان بە یەک کەسێتیی نەتەوەیی و کوردستانی بزانین و رێگەنەدەین چۆن خاکمان داگیرکراوە بەهەمان شێوە ویژدانی نەتەوەییشمان داگیربکەن.
رۆژئاوای کوردستان بکەوێ، بێگومان مەترسییەکانی سەر هەرێمی کوردستانیش گەورەتر دەبێت، لەوێشەوە پارچەکانی دیکەش زیاتر مەترسییان لەسەر دروستدەبێت، ئەوە ئەو هۆکارە سەرەکییەیە کە لەسەرمان پێویستیی دەکات کوردستانی و نەتەوەییانە بیربکەینەوە و خاوەندارێتی لە دۆزی نەتەوەییمان لەسەر ئاستی کوردستانی گەورە بکەین.
خ.غ